شەممە, 07 ئەیلول 2019 21:44

یونامی پشتگیری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ بەشداریپێکردنی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا

بەغدا، ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٩:- ئەمڕۆ سەکۆیکارێکی ٣ ڕۆژی لە بەغدا کۆتایی هات کە تاوتوێی ئەو شێوازانەی کرد کە چۆن دەکرێ ببنە مایەی بەشداریپێکردنی شایستانەی ژنانی عێراق لە هەڵبژاردنەکاندا.

سەکۆیکارەکە هاوبەشانە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یونامییەوە و بە هاوکاری "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان" رێکخرابوو لە بەر رۆشنایی ئەرکی پێسپێردراوی یونامی لە هاوکاریکردن و ڕاوێژ پێدان بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراقد.

شایانی باسە سەکۆیکارەکە ئاماژەی بە رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە قەڵاچۆکردنی هەموو شێوازەکانی جیاکاری دژی ژنان کە بە "سیداو" ناسراوە و هەروەها بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ٢٠٠٠ و بڕیارەکانی دواتریش سەبارەت بە پەرەدان بە بەشداریی تەواو و چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا.

لە سەکۆیکارەکەدا، ئەمیر ئاریان، بەرپرسی بەشی هاریکاریی هەڵبژاردنی یونامی و گەورە راوێژکاری هەڵبژاردن، داوای لە کۆمیسیۆن کرد بۆ بەهێزکردنی توانای تیمە جێندەرییەکەی لە گرتنەبەری سیاسەتی جێندەرییانەدا.

ئەو وتی " ڕەخساندن و پەرەدان بە کەشێک کە ببێتە مایەی بەشداریی چالاکانەو تەواوی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی مافی دەنگدانی ژنان هەر وەک چۆن دەبێتە مايەی سەقامگیری و دیموکراسیش."

لە ڕاستیدا ئەم تاوتوێیە دەرخەری ئەو ئاڵنگارییانەیە کە ڕوبەڕووی پاڵێوراوە ژنەکان دەبنەوە وەک هەراسانکردنی سێکسی و بایەخپێنەدانی راگەیاندن و کەمیی تەرخانکردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و کەمیی پاڵپشتیی پارتە سیاسییەکان و جیاکاریی کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە هەڵوێستی بەدناوی پیاوسالارییەوە. هەروەها ئاماژەی بە گرینگیی کۆتای ژنانیش کرد لە فەراهەمکردنی نوێنەرایەتیی ژنان و هەروەها پێویستیی گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی تایبەت و وشیارکردنەوە بۆ بەتواناکردنی ژنان لە پێناو دەنگدان بە ئارامی و سەربەستانە و هەروەها پەرەدان بە شێوازی هەڵسوکەوت لە پێناو دابینکردنی بێخەوشی لە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردندا.

دوو ئەندام پەرلەمانی پێشوو کە ئەندامی "کۆمەڵەی راوێژکاری ژنان"یشن ئەزموونی خۆیان وەک پاڵێوراو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوودا خستەڕوو. ئەندامێکی تری ئەو "کۆمەڵە" یەش باسی لە ئەزموونی خۆی کرد وەک چاودێری هەڵبژاردن. شایانی باسە، ئەم "کۆمەڵە"یە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا بۆ، لە نێوان چەندان کاری تردا، باشتر داکۆکیکردن لە نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئاشتەواییدا.

*******************************

بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکەن بە بەڕێز سەمیر غەتاس، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی گشتیی و وتەبێژی یونامی، بە ژمارە تەلەفۆنی +009647901931281 یان بە ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. وە

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.