دوو شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2019 11:35

پرۆگرامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان متمانە بە ئافرەتان و پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان دەبەخشێت کاری سەربەخۆی خۆیان دەست پێ بکەن گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

بە دەرکەوتنی تروسکاییەك لەنێو ئابوریی پڕ کێشمەكێشی هەرێمی کوردستانی عێراق و لەگەڵ هاوکارییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (UNIDO)، هەرێم بەرزبوونەوەیەك لە رێژەی خاوەنکارانی ئافرەت و پەنابەران بەخۆیەوە دەبینێت.

پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەتی (EDP) کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (UNIDO) جێبەجێ دەکرێت و پاڵپشت بە تەمویلی حکومەتی یابان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەستاوە بە پێشکەشکردنی راهێنان بۆ کۆی (١٦٤) بەشداربوو (١٠٣ بەشداربوو لە هەولێر و ٦١ی دیکە لە کۆیە). (٩٠) بەشداربوویان لە کۆمەڵگا خانەخوێیەکانن و، ٢٥)یان لە ئاوارە ناوخۆییەکانن و (٤٩)ی دیکەیان لە پەنابەرانن. (٧٨)ی کۆی بەشداربووان مێینە بوون.

سیروان جەمیل، راوێژکاری باڵای رێکخراوی (UNIDO) لە بواری کاردا، رایدەگەیەنێت کە، "ئەم پرۆگرامە گرنگە لەبەر ئەوەی زۆربەی بەشداربووان کەسانی بێکاری دەرچووی زانکۆن."

سیروان ئەوەیشی روونکردەوە کە بە هۆی قەیرانی داراییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چیدیکە دەرچووانی زانکۆ دانامەزرێنێت.

ئەوەیشی راگەیاند کە، "لەگەڵ پشتیوانیکردنیان، دەرچووانی زانکۆ دەتوانن کاری خۆیان دابمەزرێنن و رەنگە بتوانن دەرفەتی زیاتری کاریش لەناو کۆمەڵگاکانیاندا دابین بکەن. بە تایبەتی لەگەڵ ئەوەی کە گشت سەرچاوەکانی سەرخستنی پرۆژەکەیان لە ناوخۆدا بەردەستن."

لە پاش راهێنانەکانی پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەت (EDP)، ئینجا بەشداربووان پێشبڕکێیان ئەنجام دا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئامراز و کەرەستە و کەلوپەلی پێویست بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان.

کۆی (٣٠) خاوەن پرۆژەی کاری تایبەت لە هەولێر و (١٧) لە کۆیە پشتیوانییان بەدەست هێناوە بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانیان بۆ کاری قازانجبەخش.

لە کۆی ئەو (١٧) سوودمەندەی لە کۆیە هەڵبژێردراون، نزیکەی نیوەیان ئافرەتن.

شەوین دلاوەر سەدرەدین یەکێكە لەو ئافرەتانە.

بە هۆی ئەو پاڵپشتییانەی کە وەریگرتوون، شەوین توانیویەتی کاری خۆی دەست پێ بکات وەك جووتیارێکی بەخێوکاری مێشهەنگی هەنگوین، بەمەش دەبێتە یەکەم ئافرەت لە کۆیە کە کار لە پیشەیەكدا بکات کە زیاتر کاری پیاوانە.

"ئەم پرۆژەیە گرنگە چونکە هەنگوین بۆ تەندروستی باشە و، بە تایبەتیش هەنگوینی سروشتی و ئۆرگانی کە دەستکەوتنی لێرە لە کوردستان زەحمەتە،" شەوین روونی کردەوە و وتی کە هەر هەنگێك دەتوانێت (٥) تا (٧) کیلۆ هەنگوین بەرهەم بهێنێت.

شەوین کە دەرچوویەکی زانکۆی کۆیەیە بۆی زەحمەت بووە دامەزراندنێکی دەست بکەوێت پاش ئەوەی ساڵی پار زانکۆی تەواو کرد.

ئەو خۆشحاڵ بوو بە بەشداریکردنی لە پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەت (EDP) کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کۆیەدا جێبەجێ کرا بە پێشکەشکردنی (١٢٠) کاتژمێر لە ماوەی هەشت هەفتەدا بۆ فێرکردن، لە نێویشیاندا هەندێ راهێنانی تەکنیکی و راهێنانی لەسەر شارەزایی بچوك.

لەوەتەی لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی بە کارەکەی کردووە، شەوین وتی توانیویەتی کۆی (٩٠) کیلۆ هەنگوین کۆبکاتەوە. هەر کیلۆیەکیشی بە بڕی (٦٠) دۆلار فرۆشراوە.

"بەردەوام دەبم لە کارکردنم لەم بوارەدا،" شەوینی تەمەن ٢٥ وتی. "هیوادارم لەم نزیکانەدا بتوانم دوکانی خۆمی بۆ بکەمەوە"

دەرچوویەکی مێینەی دیکەی زانکۆی کۆیە، دێهات عەبدولڕەحمان حەمەیە کە ئەویش وەك سوودمەندێك هەڵبژێردرا بۆ بیرۆکەی کارەکەی بە دامەزراندنی کێڵگەیەکی ماسی.

لەوەتەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەرچووە، دێهات نەیتوانیوە دابمەزرێت بەڵام بۆ بژێوی ژیانی لە کارگەی ئایس کرێم و نانەواخانەدا کاری کردووە، بەو هیوایەی رۆژێك لە رۆژان کاری سەربەخۆی خۆی هەبێت.

لە پاش دوو مانگ لەتەواوکردنی پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەت (EDP) و وەرگرتنی هاریکارییەکان، دێهات ئێستا یەکەم ئافرەتە لە کۆیە کە کاری خۆی وەك خاوەن کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ماسی بەڕێوە ببات.

ئەو ئێستا خاوەنی زیاتر لە (٤،٠٠٠) ماسییە لە دوو حەوزی دەستکردنی ماسی لە قەراغ شاری کۆیە.

دێهات وتی براکەی پشتیوانی و یارمەتیی دەدات لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکەدا و، کەسێکی دیکەیشیان دامەزراندنووە رۆژانە خواردن بە ماسییەکان بدات.

وتیشی، "ئەو ماسییانەی من لێرە بەخێویان دەکەم خواردنی باشیان پێ دەدرێت. چونکە ئێمە هیچ ماددەیەکی کیمیاییان پێ نادەین، ماسییەکان ئۆرگانی و تەندروستترن."

دێهات ئەوەی روون کردووە کە نزیکەی (٦-٧) مانگ پێویستە بۆ ماسییەکان تا بۆ فرۆشتن پێ بگەن و ئێستا چاوی لەوەیە یەکەم قازانجی خۆی بەدەست بهێنێت.

"راهێنانەکەی رێکخراوی یونیدۆ لە رووی زانین و داراییشەوە یارمەتیان دام،" دێهات روونی کردەوە. "ئێستا کە زیاتر دەزانم لەبارەی بەڕێوەبردنی کارەکەم، ئەگەر بیرۆکەیەکی نوێم هەبێت لە داهاتوودا، ئەو زانیاری و راهێنانەی پێیاندام هێشتا هەر بەسوود دەبن بۆم."

خاوەنکارێکی نوێی دیکە پەنابەرێکی سورییە کە بەشدار بووە لەو راهێنانەی پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەت (EDP) کە لە هەولێر پێشکەش کرا.

عەبدولعەزیزی عوسمانی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی حەسەکە، دەرچووی زانکۆیە و بڕوانامەی دەرمانسازیی بەدەست هێناوە و دوای ئەوە و بەر لە حەوت ساڵ و نیو هاتنە هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە و لە ماوەی زانکۆیدا، عەبدولعەزیز یارمەتیی باوکی و براکەیی داوە لە کاری تەختەبەستندا و، ئەمەش یارمەتیی داوە لە دروستکردنی خانوودا شارەزایی بەدەست بهێنێت.

تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، کاری بۆ چەندین کۆمپانیا کردووە و یارمەتیی خەڵکی داوە لە دروستکردنی خانوودا.

"تا پێش راهێنانەکە، کارکردن لەم بوارە و پارە دەرکردن زۆر زەحمەت بوو،" عەبدولعەزیز روونی کردەوە. "زۆر دڵتەنگ بووم. لە پاش راهێنانەکە متمانەم بە خۆم پەیدا کرد بۆ ئەنجامدانی هەر شتێك کە بمەوێت."

بە بیرۆکەی خۆی بۆ دەستکردن بە کاری سەربەخۆی خۆی لە کاری تەختەبەستندا، رێکخراوی یونیدۆ تەختەدار و سێری بۆ دابین کرد و ئەمەیش بووە یارمەتییەك بۆی بۆ ئەوەی کاری خۆی دەست پێ بکات.

هەروەها ئەوەیشی باس کرد کە پێش ئەوەی کاری خۆی هەبێت، هیچ کەس لە کۆمەڵگاکەی خۆی نەیدەزانی کە ئەم کێیە. ئێستا کە کاری خۆی هەیە، خەڵك بە رێزەوە تەماشای دەکەن و خۆشحاڵیشە بەوەی توانیویەتی کار بۆ چەند کەسێکی دیکە پەیدا بکات کە کاری سەقامگیریان دەست نەدەکەوت.

عەبدولعەزیز وتی، "راهێنانەکەی یونیدۆ جگە لە تەنها پشتیوانیی ماددی سوودی زۆر زیاتری هەبووە بۆم."

پرۆگرامی پەرەپێدانی کاری تایبەت (EDP) بەشێکە لە پرۆژەی یونیدۆ (UNIDO) بۆ "پێشخستنی توانای پەیداکردنی کار بۆ پەنابەرانی سوریا و، ئاوارە ناوخۆییەکان و کەسانی دیکە لە کۆمەڵگا خانەخوێیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق" کە بە پشتیوانیی حکومەتی یابان ئەنجام دەدرێت.

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNFPA
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.