چوار شەممە, 06 تشرینی دووەم 2019 11:20

دووه‌مين راپۆرتی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشانده‌كانی عیراق: پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ درێژه‌یان هه‌یه‌

به‌غدا، ٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩:- یونامی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێشێلكاریی زه‌قی مافی مرۆڤ و سوكایه‌تی پێكردن له‌ خۆپیشانده‌كانی ئێستای عیراقدا هه‌یه‌ ، كه‌ له ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ و تائێستاش درێژه‌یان هه‌یه‌. ئه‌مڕۆ دووه‌مین راپۆرتی نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامی‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ درێژه‌پێده‌ری راپۆرتی یه‌كه‌مه‌ كه‌ ماوه‌ی خۆپیشانده‌كانی ١-٩ی تشرینی یه‌كه‌می له‌خۆگرتبوو و له‌ ٢٢ی هه‌مان مانگیش بڵاو كرابۆوه‌.

دووه‌مین راپۆرت باس له‌ پێشێلكارییه‌كانی ماوه‌ی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م تا ٤ی تشرینی دووه‌م ده‌كات كه‌ بوونه‌ مایه‌ی ٩٧ كوژراو و هه‌زاران بریندار. هه‌رچه‌نده‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌كانی سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق و هێزه چه‌كداره‌كانی تر دانبه‌خۆداگرتنی زیاتریان پێوه‌دیار بووه‌‌، به‌تایبه‌تیش له‌ به‌غدا، به‌ڵام هێشتاش به‌كارهێنانی چه‌كی كوشنده‌ و كه‌مكوشنده‌یان به‌كارهێناوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنی به‌په‌له‌ هه‌یه‌.

له‌مباره‌وه خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، وتی "ئه‌م راپۆرته‌ هه‌روه‌ها به‌ زه‌قی باس له‌و ناوچانه‌ ده‌كات كه‌ پێویستیان به‌ كاری به‌په‌له‌ هه‌یه‌ بۆ وه‌ستاندنی توندوتیژیی قێزه‌ون هه‌روه‌ك چۆن جارێكی تریش جه‌خت له‌ لێپێچینه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌."

له‌مباره‌وه‌، دانێللا بێڵ، به‌رپرسی نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی یونامی، وتی "راپۆرته‌كه‌ لانی كه‌م باس له‌ ١٦ حاڵه‌تی مردن و چه‌ندان برینداریی قورس ده‌كات له‌ ریزی خۆپیشانده‌ران به‌هۆی به‌كارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و چه‌ندان شێوازی تری روبه‌روبوونه‌وه‌."

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان راپۆرت كه‌ به‌ زه‌قی باس له‌ نیگه‌رانییه‌كانیش ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌ درێژه‌پێدراوه‌كان له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی رووماڵی راگه‌یاندن و هه‌روه‌ها بڕینی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، وتی "ئێمه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ قوناغی دیجیتاڵی ئه‌مڕۆ و ژیانی رۆژانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دانه‌بڕاوانه‌ پێویستیان به‌ هێلی ئه‌نته‌رنێت هه‌یه‌ و بۆیه‌ هه‌ر جۆره‌ بڕینێكی ئه‌و هێله‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر نه‌ك هه‌ر ده‌بنه‌ مایه‌ی تێكدانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك و ئیشوكاریان به‌ڵكوو پێشێلكردنی ئازادیی راده‌ربڕینیشه‌."

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.