یەک شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2017 19:26

بەشداربووان گفتوگۆی پێشبینی و ئەحەددیکانی بەردەم سەقامگیریی نیشتیمانی دەکەن

بەغدا، ١٥ی تشرینی یەکەم ٢٠١٧ – نوێنەری هۆزەکان و ڕابەرە ئایینی و ئەکادیمستان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لا پارێزگاکانی بەغدا و واسیت و سەڵاحەددینەوە ڕۆژی شەممە لە شاری بەغدا کۆبوونەوە وەک بەشی دووەم لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی لە ژێر ناونیشانی "سەقامگیریی نیشتیمانی: پێشبینی و تەحەددیەکان" بەمەبەستی دروستکردنی بارودۆخێکی لەبار بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عیراقدا. کۆبوونەوەکە بە هاوبەشیی لەنێوان نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و لێژنەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران و سەنتەری ڕافیدەین بۆ دیالۆگ بە پاڵپشتی دارایی لەلایەن حکومەتەکانی ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە ئەنجام درا.



بەڕێز جۆرجی بوستین، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، وتی: "ئێمە باوەرمان وایە کە ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان تاکە ڕێگەیە بۆ سەقامگیریی هەر وڵاتێک و هۆکارێکە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی گشتگر و دیموکراسی. ئەوە یەکڕیزی بوو کە وای کرد سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک لە دژی تیرۆرستان بەدەست بهێندرێت کاتێک بینیمان چۆن هەموو هێزەکان و پێکهاتەکانی وڵات بەیەکەوە دەست لە ناودەست بەرپەرچی هێرشە دڕندانەکانی تیرۆسرتانی داعشیان دەدایەوە".

بەڕێزیان هەروەها وتیشی: "ئەمە هەرگیز بەدەست نەدەهات بەبێ یەکڕیزی هەمووان، سەرەڕای جیاوازییەکان، لە شەڕی دژ بە دوژمنی هاوبەشدا".

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێز حوسێن ئەل عەدلی، ڕاوێژکاری لێژنەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئاشتەوایی نیشتیمانی، وتی" ئەم جۆرە کۆبوونەوانە شێوازێکە بۆ لەخۆگرتنی هەموو بیروڕاکان لە پرۆسەی سەقامگیریدا. هەروەها پێویستە گفتوگۆکان بەشێوەیەکی راشکاوانە و بنیاتنەرانە ئەنجام بدرێن". بەڕێزیان لە درێژەی وتەکانیدا وتی: "قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ئێستادا بەڵگەیەکە بۆ پێویستیی پرۆسەی سەقامگیریی. سەقامگیری بریتییە لە هاوکێشەی بەرژەوەندییەکان نەک هاوکێشەی ئایدیۆلۆجیەکان".

بەڕێز زەید ئەل تەلەقانی، سەرۆکی سەنتەری ڕافیدەین بۆ دیالۆگ، وتی: "کلتووری دیالۆگ گرنگە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکان و برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە. بەڵام دیالۆگ بە تەنها بەس نیە. بەڵکو پێویستە ڕێڕەوی هەبێت".

بەشداربووان تیشکیان خستە سەر تەحەدییەکانی قۆناغی دوای داعش لەبارەی سەقامگیری و چەند پێشنیازێکیان پێشکەش کرد بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی هەوڵە بەردەوامەکانی ئاشتەوایی لەسەر ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵگەیی".





بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هاب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.