پێنج شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2017 00:00

ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان

بەغدا، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ – فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین پێشوازی لە کۆمەکی نوێکراوەی حکومەتی ئیتالیا دەکات کە بڕەکەی پێنج سەد ھەزار یۆرۆیە و بۆ چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٧ی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق تەرخانکراوە. ئەو کۆمەکە ئاسانکاری بۆ گەیشتنی ھاوبەشانی بواری مرۆیی بە ناوچە تازە ئازادکراوەکان لە داعش دەکات و ھاوکار دەبێ لە پڕۆسەی بەدیھێنانی سەقامگیری و بواریش دەڕەخسێنێ ئاوارەکان بە ئارامی بگەڕێنەوە کۆمەڵگاکانیان.

شەڕي داعش لە عیراق بووە مایەی پیسبوونێکی ئاڵۆز و سەرتاسەری بە مەترسییەکانی تەقەمەنی و ئاوارەبوونی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە. مەترسییەکانی تەقەمەنی دەبنە مایەی مەترسیی گەورە لەسەر ئەو کەسانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە کۆمەڵگاکانیان و کارمەندانی بواری مرۆیی و، ھەروەھا بۆ سەر بەدیھێنانی سەقامگیری و ئەو کەسانەش کە لە ناوچە تازە ئازادکراوەکاندا دەژین.

لابردنی مەترسیی تەقەمەنی لە ژێرخان یەکەمین ھەنگاوی یەکلاکەرەوەیە پێش ئەوەی بوار بڕەخسێ بۆ دەستپێکردنی شیاندنەوە. فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین و ھاوبەشانی بەم دواییە ڕووپێوی نەخۆشخانەیەکی سەرەکییان لە ڕۆژھەڵاتی موسڵ کرد و پاکییانکردەوە. مەترسییەکانی تەقینەوە لەو دەزگایە لابران و ئەوەش بواری بۆ دەستپێکردنی کارەکانی شیاندنەوە رەخساند. بەو پێیەی کە ئەو نوخۆشخانەیە تاکە دابینکەری چاودێریی تەندروستیی دایکایەتی و منداڵانە لەو ناوچەیە، مەزەندە دەکرێ نزیکەی نیو ملیۆن ژن و کچ و کوێ و پیاو سوود لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە باشکراوە ببینن کە بەرەنجامی شیاندنەوەی ئەو نەخۆشخانەیەیە.

• "ھەڕەشەکانی بەرەنجامی مەترسییەکانی تەقینەوە درێژە بە قەیرانە مرۆییەکان دەدەن بۆیە کارکردن لە بواری مین لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستە. حکومەتی ئیتالیا پابەندە بە کاروباری مین لە عیراقدا چونکە گیانی ھاوڵاتییان ڕزگاردەکات و گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی ئاساندەکات و خەڵکی مەدەنی دەپارێزێ و پاڵپشتیی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارە و پەنابەران دەکات. پارەدارکردنی ئێمە بۆ فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لەپێناو چالاکییەکانی کاروباری مین بەڵگەیەکی ئاشکرای پابەندبوونی ئاشکرای ئێمەیە بە بەدیھێنانی سەقامگیری لە عیراق." (وتەی باڵیۆز مارکۆ کارنیلۆس (باڵیۆزخانەی ئیتالیا لە عیراق))

• "کۆمەکی سەخاوەتمەندانەی حکومەتی ئیتالیا بەشدار دەبێ لە توانادارکردنی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین بۆ لابردنی بۆمبی چێندراو و تەقەمەنیی نەتەقیوە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان و، بەشدارییەکی گەورەش دەکات لە گەڕانەوەی سەلامەت بۆ کۆمەڵگا ئاوارەکان." (وتەی پێر لۆدھامەر (بەڕێوەبەری پێشکەوتووی بەرنامەی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق)


بۆ پەیوەندیکردن: پێر لۆدھامەر (بەڕێوەبەری پێشکەوتووی بەرنامەی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.