ئەم پەڕەیە چاپ بکە
شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2017 00:00

لێدوانی بەڕێز فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی، دەربارەی عیراق لە میانەی کورتەی هەواڵی نیوەڕۆدا (وەرگێڕانی نافەرمی)

" کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوکارەکانی یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەن کە لە ترسی پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی بەم دواییە ماڵەکانی خۆیان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بە ناچاری جێهێشتووە.

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشانی هەڵساون بە دابینکردنی خۆراک و ئاو و پەناگە بۆ ئەو خێزانانە.

ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باوەڕی وایە کە زۆربەی ئەو خێزانانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لەوانەیە هێشتا چەند گروپێک بە ئاوارەیی بمێننەوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا، بەڕیز حەق وتی: "سکرتێری گشتی دەربارەی ئەمە قسەی کردووە و ئێمەش کۆمێنتمان لەسەر داوە بەناوی بەڕێزیشیانەوە. ئەوەی دەتوانم بیڵێم دەربارەی سکرتێری گشتی ئەوەیە کە بەڕێزیان داوا لە حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەنگاو لەسەر بنەمای هەماهەنگی نێوانیان بنێن بۆ پێشگرتن و خۆ دوورگرتن لە پێکدادان و ناسەقامگیری و تێکچوونی باری ئاسایش. بەڕێزیان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە پێکەوە هەوڵی چارەسەری بارودۆخەکە بدەن و هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عیراقئ چارەسەربکەن".

بەڕێز حەق لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی خۆئامادەکردنی لە بواری مرۆیییەوە وتی: "لەڕاستیدا، هەروەک پیشتر باسم کرد، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە هەوڵی چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاوارەکاندایە. ئاژانسی پەنابەران و هاوکارەکانی هەڵساون بە دابینکردنی خۆراک و ئاو و پەناگە بۆ ئەو خێزانانەی کە بە ناچاری کەرکوکیان جێهێشتووە، لەمەش زیاتر، بەدڵنیاییەوە کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەردەوام دەبێت لە پیشکەشکردنی هاوکارییەکانی".