ئەم پەڕەیە چاپ بکە
چوار شەممە, 25 تشرینی یەکەم 2017 06:52

یونامی داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات لەسەر بنەمای دەستوور

بەغدا، ٢٤ی تشرینی یەکەم ٢٠١٧ – بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، وتی کە ساڵیادی کەوتنە واری جێبەجێکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاتە لەگەڵ خاڵی وەرچەرخان لە عیراق.



ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو تێکشکاوە بەڵام هێشتا وەک دوژمنێکی بەهێز مەترسی هەیە، بۆیە جەنگ لەدژی داعش لە کارە هەرە لەپێشینەکانە. ئەو سەرکەوتنانە دەبنە هۆی گەڕانەوەی ملیۆنان ئاوارەی ناوەخۆیی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ پێداچوونەوە و چاکسازی لە سیستەمی سیاسی بەجۆرێک کە هەموو پێکهاتە و کەمینەکان و هەموو عیراقییەکان لەخۆ بگرێت لە قۆناغی دوای داعش و هاوڵاتیانیش بەها و ماف و دەرفەتی یەکسانیان بۆ فەراهەم بکرێت، تاکو کۆتایی بهێندرێت بە سەرهەڵدانی توندوتیژی و تیرۆر.

بەڵام لەو کاتەی کە عیراق هەناسەیەکی ڕزگاربوونی لەدەست داعش هەڵکێشا ، وڵاتەکە بەم دواییانە رووبەڕووی قیرانێکی تربووەوە، ئەمجارەیان لەنێوان بەغدا و هەولێر.

بەڕێز کوبیش وتی: " قۆناغی دوای داعش چەندان کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە چەندان ساڵە کەڵەکە بووە و بە هەڵپەسێردرای ماونەتەوە. ئەو گرفتانە و گرفتی تر بە کەموکوڕی لە جێبەجێکردنی دەستووریشەوە بوونەتە هۆی تێکدانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر. بەغدا بەهۆی بڕیاری تاکلایەنەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ دووبارە سەپاندنی دەستوور و بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی. هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە و بەداخەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەولایەنانە دروست بوو کە ڕۆژانێک بەیەکەوە لە دژی دیکتاتۆریەت و بەم دواییەش لە دژی داعش دەجەنگان. ئەمەش بۆتە هۆی زیادکردنی ئاستێکی تر لە نائاسایش و دابەشبوون و ئاستەنگەکان و سەرهەڵدانی تەوژمێکی تر لە ئاوارەبوونی خەڵکی، کە ئەمجارەیان زۆرینەیان کوردن".

بەڕێزیان هەروەها ڕایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و لە هەمان کاتیشدا هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارە تازەکان دابین دەکات و کێشەکانی توندوتیژی بەڵگەدار لە دژی مافەکانی مرۆڤ بەهەند وەردەگرێت بەشێوەیەکی بێ لایەنانە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دڵنیایی خۆی دەربڕێ لەوەی کە سەرەڕای بارگرژییەکانی ئەم دواییە، عیراق دەتوانێ بەسەر ئەم قەیرانەش زاڵ بێت و ئامادەیی نووسینگەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عیراق (یونامی)ی نیشاندا بۆ ئسانکاری ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەگەر لەلایەن هەردوولاوە داوای لێکرا.

بەڕێزیان لە وتیشی: "چارەسەر بەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و وەستاندنی لێدوانی دژبەیەکتری و بەرەنگابوونەوە دەبینێتەوە و هەروەها دەبێ هەماهەنگی بەردەوام هەبێت دەربارەی بارودۆخی سەربازیی و ئاسایشی ناوچە جێ ناکۆکەکان، لە شوێنی پێویستن، بە ڕێزگرتن لە ڕێ وشوێنەکانی هێڵی سەوزی ٢٠٠٣. لە هەمووشیان گرینگتر دەست بەجێ دەستپێکردنی دیالۆگی هاوبەشیکارانەیە لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور. ئەمە زۆر گرینگە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیریی وڵاتەکە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێو پێکهاتەکان و کەمینەکان بەپێی مافی یەکسان و دادپەروەریی بۆ هەموو هاوڵاتییانی عیراقی لەژێر سایەی حکومەتێکی باش و دیموکراسی".


بەڕێز کوبیش لە درێژەی وتەکانیدا وتی: "هەردوولا بە شێوەیەکی ئاشکرا ویستی خۆیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ نیشانداوە، گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ هاوکاری، ئەگەر داواکرا، هەروەک چۆن لە ئێستادا کار لەسەر لێکەوتە مرۆییەکان و توندوتیژییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ دەکات کە بەشێوەیەکی کارەساتبارانە لە توزخورماتو و کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تر ڕوویاندا. ئێمە دڵنیاین کە حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەک چٶن بەیەکەوە کاریان کرد بۆ لەناوبردنی داعش، دەتوانن دەست لەناودەست بەیەکەوە کاربکەن بۆ زاڵ بوون بەسەر جیاوازییەکانیان لەڕێگەی دیالۆگ و دوور لە بەرەنگاربوونەوەی یەکتر بۆ چارەسەر کردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دەستووردا".



****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١