پێنج شەممە, 26 تشرینی یەکەم 2017 10:04

له‌ "رۆژی كراوه‌ی جیهانیی بڕیاری ١٣٢٥"دا ، داوای رۆڵی زیاتری ژنان ده‌كرێت له‌ ئاینده‌ی عیراقی دوای داعشدا

به‌غدا، هه‌ولێر- نێرده‌ی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی)هاوبه‌شانه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان و له‌به‌ر رۆشنایی یادكردنه‌وه‌ی "رۆژی كراوه‌ی جیهانی"و حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادی بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌ رۆژانی ٢٣-٢٤ی ئه‌م مانگه‌ دیداری راوێژكاری له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پایه‌به‌رزی سیاسی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر ساز كرد. چه‌قی قورسایی دیداره‌كانیش له‌سه‌ر به‌هێزكردنی به‌شداریی سیاسییانه‌ی ژنان بوو.

له‌ هه‌ردوو دیداره‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولیریشدا، نیگه‌رانی و به‌شداریی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگا و پرۆسه‌ی سیاسی و بڕیارداندا باسی لێوه‌كرا. به‌شداربووانیش هه‌موویان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندان به‌ربه‌ستی له‌مێژینه‌ بۆ په‌كخستنی به‌شداریی ژنان و نوێنه‌رایه‌تییان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌ن به‌تایبه‌تیش ئه‌وان ئاماژه‌یان بۆ پاشه‌كشه‌ی به‌شداریی ژنان كرد له‌ نوێنه‌رایه‌تی و جێبه‌جێكردن و یاسادانان و به‌شه‌كانی دادوه‌ریدا. له‌مه‌ش زیاتر، ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌نگی خۆیان به‌رز كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێگریكردنی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ پێدانی ده‌رفه‌تی ته‌واو به‌ ژنان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی و به‌ یه‌كسانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌شدار بن. له‌م دیدارانه‌دا ، چه‌ندان راسپارده‌ی وه‌ك داواكردن له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان بۆ پێدانی ده‌رفه‌تی ته‌واو به‌ ژنان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ر‌ خرانه‌ڕوو. ئه‌وان هه‌روه‌ها داوایان له‌یاسادانانیش كرد بۆ گه‌شه‌دان به‌ به‌شداریی ژنان له‌ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و بڕیارداندا.

له‌ به‌غداش، كۆبونه‌وه‌كه‌ی رۆژی ٢٣ی ئه‌م مانگه‌ به‌ هاوكاری "كۆمیسیۆنی جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوون بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی" سه‌ر به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌نجامدرا كه‌ تێیدا وه‌زیری ژینگه‌ و ته‌ندروستی ، به‌ڕێز ئادیله‌ مه‌حمود ، و راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئاشته‌وایی ، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د سه‌لمان، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ڕێز د. ئه‌حمه‌د روشدی، و راوێژكاری سه‌رۆك كۆمار، به‌ڕێز جوان مه‌عسوم، و سه‌رۆكی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی حكومی و سه‌رۆكه‌كانی لێژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان و ئه‌ندام په‌رله‌مانان و مامۆستایانی زانكۆ و نوێنه‌رانی یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان ئاماده‌ بوون.

له‌مباره‌وه‌ خاتو ئادیله‌ وتی "بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاله‌نگارییانه‌ی كه‌ رێگه‌ له‌ به‌شداریی ژنان ده‌گرن هه‌وڵی به‌كۆمه‌ڵ و پابه‌ندیی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و بڕیاربه‌ده‌ستان پێویسته‌ . له‌ عیراقدا سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی ژنان هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردندا و هه‌روه‌ها تواناشیان بۆ بینینی رۆڵی بنه‌ڕه‌تی له‌ دروستكردنی ئاشتی و ئاشته‌وایی نیشتمانیدا".

له‌ وته‌ ده‌ستپێكه‌كه‌یدا، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د سه‌لمانیش وتی "كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌لێكی زێڕینه‌ بۆ هه‌مووان بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌ ئه‌زموونی‌ كه‌ڵه‌كه‌بووی خه‌ڵكانی تر وه‌رگیرێت. ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆبونه‌وه‌ش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ مانای بایه‌خ و پشتگیریی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ بۆ پرسی ژنان".

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیشیش له‌ وته‌كانی هه‌ولێر به‌غدایدا جه‌ختی له‌سه‌‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ژن له‌ عیراق ئامڕازی گۆڕانكاریی ئه‌رێنین و بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێت بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی كاریگه‌رانه‌ی خۆیان له‌ ئاینده‌ی قۆناغی دوای داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ی ئه‌م وڵاته‌دا ببینن.

به‌ڕێز كوبیش وتی " له‌ قۆناغی دوای داعشدا یه‌كسانی و به‌هێزكردنی ژنان پێویسته‌ ببێته‌ به‌ردی بناغه‌ی ئاشتی و دادوه‌ری و ئاشته‌وایی و هه‌وڵه‌كانی چاكسازی. به‌شداریی ژنان گرنگه‌ بۆ پرۆسه‌ی ئاشتییه‌كی سه‌ركه‌وتوو و كاریگه‌ر و درێژخایه‌ن و هه‌روه‌ها بۆ پرۆسه‌ی چاكسازیش. ته‌نها له رێگه‌ی ئه‌م به‌شداربوونه‌ پڕمانایاشه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنان ده‌توانن ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌نن".

دیداره راوێژكارییه‌كه‌ی هه‌ولێریش له‌ رۆژی ٢٤ی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن یونامییه‌وه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان و ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان،‌ ئه‌نجام درا كه‌تێیدا وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز كه‌ریم سنجاری ، به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا، و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان، خاتو په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یی، و ژنه‌ سه‌ركرده‌كان و نوێنه‌رانی یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ژنان ئاماده‌ بوون.

وێڕای به‌توندی داواكردنی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ درێژه‌دان به‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ پێویستییه‌كانی ئاواره‌كان، خاتو زه‌نگه‌نه‌ له‌ وته‌كه‌یدا وتی كه‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كه‌ركوك‌ بوونه‌ مایه‌ی ئاواره‌كردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی به‌ ژن و پیر و منداڵیشه‌وه‌‌.

وێڕای داننانی به‌ هه‌وڵه‌كانی "هێزی كار بۆ جێبه‌جێكردنی پلانی كارپێكردنی نیشتمانیی بڕیاری١٣٢٥"، به‌ڕێز كوبیش وتی "به‌ده‌ر له‌ هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر به‌غدا، هه‌ماهه‌نگیی نێوان نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌كانی ژنان له‌ هه‌ولێر و به‌غدا مایه‌ی خۆشحاڵییه‌. ئه‌مه‌ شێوازێكی باش و بنیاتنه‌رانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ببێته‌ مایه‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ . پێویسته‌ ژن له‌م‌ هه‌وڵانه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كیی خۆی ببینێت".

وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی كاره‌ دڕه‌نده‌كانی داعش دژی ژنان و كچان، به‌ڕێز كوبیش و ئاماژه‌ی به‌ بڕیاری ژماره‌ ٢٣٧٩كرد كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلول په‌سند كرا بۆ پێكهێنانی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌ هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ پێناو تاوانباركردنی ئه‌و رێكخراوه‌.

لای خۆشییه‌وه‌، نوێنه‌ری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان، خاتو دینا زۆربا، له هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌غدادا ، ده‌ستخۆشی له‌ حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاوبه‌شكاره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان كرد بۆ پایه‌ندیی به‌رده‌وامیان به‌ بڕیاری ١٣٢٥ه‌وه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ عیراق یه‌كه‌م وڵاته‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه‌ پلانی نیشتمانی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ رابگه‌یه‌نێت. ئه‌و خاتوونه‌ به‌ توندی داوای له‌ حكومه‌ت كرد بۆ كاركردن له‌ پێناو دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو كارنامه‌ دیموكراسی و وڵات دروستكردنه‌كاندا ئاوێته‌ كراوون و هه‌روه‌ك چۆن داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كرد بۆ درێژه‌دان به‌داكۆكیكردن و پاراستنی مافی ژنان.


****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.