شەممە, 28 تشرینی یەکەم 2017 00:00

مێزگردێكی تاوتوێكردن له‌ به‌سره‌ سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی نیشتمانیی دوای داعش

به‌سره‌، ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧:- له‌ مێزگردێكدا، سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی هۆزه‌كان و پیاوانی ئاینی و مامۆستایانی زانكۆ و چالاكوانانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی ‌سه‌رتاسه‌ری باشوری عیراق تاوتوێی ئه‌و شێوازانه‌یان كرد كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی "رێككه‌وتنی نیشتمانی" له‌ عیراقی دوای داعش (ده‌و‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دا، به‌شداربووان به‌ گشتی داوای كۆتاییهێنانیان به‌ ناكۆكییه‌كان ده‌كرد و دیدی خۆشیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ خسته‌ڕوو.

له‌ كۆی ٧٠ به‌شداربوو، ٩ یان ژن بوون كه‌ له‌ پارێزگاكانی به‌سره‌ و زیقاڕ و میسان و موسه‌نناوه‌ هاتبوون. ئه‌مه‌ سێهه‌مین مێزگردی تاوتوێیه‌ كه‌ له‌ژێر سه‌رباسی "رێككه‌وتنی نیشتمانی: ئاسۆ و ئاڵنگاری" هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن نێرده‌ی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) و "لێژنه‌ی به‌دواداچوونی ئاشته‌وایی نیشتمانی"ی سه‌ر به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و له‌سه‌ر ئه‌ركی دارایی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا ئه‌نجام بدرێت.

له‌مباره‌وه‌ و له‌ وته‌ی ده‌ستپێكیدا، وێڕای باسكردنی له‌ سووده‌كانی "رێككه‌وتنی نیشتمانی" بۆ ئاینده‌ی عیراق وه‌ك تاكه‌ جێگره‌وه‌یه‌ك (ئاڵته‌رناتیڤ) بۆ كۆتاییهێنانی شه‌ڕ و ناكۆكی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی، به‌ڕێز عه‌لی عه‌باس، وتی: "له‌ راستیدا، رێككه‌وتنی نیشتمانی ئه‌وه‌نده‌ پێویسته‌ كه‌ هه‌رگیز پشتگوێ ناخرێت. راسته‌ ئاڵوز و سه‌خته‌ به‌ڵام ئایه‌ مایه‌ی به‌دی هێنان نییه‌؟ به‌ڵێ، ده‌كرێت به‌ده‌ست بێت ‌گه‌ر ویست و وشیاری هه‌بن".

ئه‌و زیاتر وتی "به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه‌ پێویسته‌ رێز له‌ ده‌ستوور بگرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای براوه‌ و دۆڕاو دانه‌مه‌زرێت به‌ڵكو وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك سه‌یر بكرێت كه‌ هه‌مووان تێیدا براوه‌ن. هه‌روه‌ها، پرۆسه‌كه‌ پێویسته‌ گشتگر بێت و هه‌موو پێكهاته‌ و لایه‌نه‌كان بگرێته‌خۆی".

وێڕای هه‌ژماركردنی مێزگرده‌كه‌‌ به‌ هه‌لێك بۆ زانینی دیدوبۆچوونی عیراقییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی عیراقی دوای داعش، گه‌وره‌ به‌رپرسی به‌شی رامیاریی، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د نه‌جاڕ، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی (یونامی)شی ده‌كرد، وتی: "به‌شداربوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن‌ له‌ ده‌ستوور و گه‌شه‌دان به‌ پرۆسه‌ی سیاسی شه‌ڕی تیرۆره‌. بێگومان رێككه‌وتن گه‌شه‌ به‌ پره‌نسیپی هاوڵاتیبوونی یه‌كسان و دروستكردنی وڵات ده‌دات".

لای خۆشییانه‌وه‌ به‌شداربووان دیدی خۆیان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ چۆن پشتیگریی زیاتر بۆ رێككه‌وتنی نیشتمانی دابین بكرێت له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆشیان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دای سیاسییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ پرۆسه‌ی نیشتمانیدا و دابه‌شكردنی یه‌كسانانه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كان و دانانی میكانیزمی به‌ده‌ستهێنانی رێككه‌وتن و جێبه‌جێكردنی. ئه‌وان هه‌ره‌وها داواشیان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووكان كرد بۆ بینینی رۆڵی چالاكانه‌ی زیاتر له‌ به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌كه‌.

به‌ڕێز نه‌جاڕ به‌شداربووانی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ یونامی جیددییه‌ له‌ به‌دواداچوونی ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌ عیراقدا.

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.