ئەم پەڕەیە چاپ بکە
پێنج شەممە, 02 تشرینی دووەم 2017 21:42

له‌ "رۆژی كراوه‌ی جیهانیی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، داوا له‌ پیاوان ده‌كرێ پالپشتی و پشتگیری بكه‌ن له‌ به‌شداری كردنی ژنان له‌ سیاسه‌ت و بڕیار دروستكردندا

به‌سرە، ١ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧– نێرده‌ی نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی)هاوبه‌شانه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوون بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی سه‌ر به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، دیدارێكی راوێژكاری بۆ ژنانی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی به‌سرا و موسه‌ننا و زیقار و میسان له‌ رۆژی ١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ ئه‌نجام دا، به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر پته‌وكردنی به‌شداریكردنی ژنان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی. ئه‌مه‌ چواره‌مین دیداره‌ له‌ چوارچێوه‌ی یادكردنه‌وه‌ی (رۆژی كراوه‌ی جیهانی) هه‌ڤده‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشە.



هه‌روه‌كو ‌ دیداره‌ راوێژكارییه‌كانی پێشوو، كه‌‌ له‌ كه‌ربه‌لا و به‌غدا و هه‌ولێر له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م ساز درابوون، به‌شداربووان له‌ به‌سرە هه‌مان نیگه‌رانی ژنانی سه‌ركرده‌یان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات دووباره‌ كرده‌وه‌. ئه‌وان پاشوه‌چوون و داكشانی به‌شداریكردنی ژنانیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق تێبینی كردووه‌. به‌شداربووان داوایان له‌ یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان كرد، پیاوان پالپشتی به‌شداری كردنی ژنان بن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق و هه‌روه‌ها فشار له‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان بكه‌ن بۆ كار كردن و پشتیوانی كردنی پرسه‌كانی ژنان.

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنیدا، خاتوو یوسرا ناجی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای میسان، سه‌ركۆنه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی كرد به‌وه‌ی ژنانیان په‌رواێز خستووه‌ و وتی" كۆمه‌ڵگای عیراقی كۆمه‌لگایه‌كی پیاو سالارییه‌، ژنان بانگهێشتی گفتوگۆكان ناكرێن و هیچ مافێكی سیاسیشیان نیه‌. ژنان له‌ سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نوێنه‌ریان نیه‌. ته‌نها دوو وه‌زیری ژن هه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی نیه‌ رێگر بێت له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ به‌رزانه‌ بۆ ژنان"

"ئێمه‌ پێویستمان به‌ قاره‌مانیه‌تی و كاری چالاكانه‌ی پیاوان هه‌یه‌ به‌ هاوبه‌شكاری له‌گه‌ڵ ژنان بۆ ڕەخساندنی كه‌شێك كه‌ تێیدا توانای به‌شداربوونی سیاسییانه‌ی ژنان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی فه‌رمانڕه‌واییكردن و بڕیارداندا به‌هێز بكرێت".

لە راگه‌یاندراوه‌كه‌ی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیدا هاتووە کە" بۆ سه‌رخستنی رێككه‌وتنی مێژوویی و ئاشته‌وایی ئه‌م كاره‌ هاوبه‌شه‌ پێویسته‌ گشتگر بێت چونكه‌ بۆ یه‌كڕیزی و سه‌قامگیریی وڵات و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ نێوان هه‌موو هاوڵاتیان و پێكهاته‌كان و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌كاندا زۆر گرنگه‌. هه‌روه‌ها، ژنان و گه‌نجان پێویسته‌ ببنه‌ بكه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌م گۆڕانه‌ بۆ دروستكردنی عیراقێكی تازه‌ی دوای داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) به‌ مه‌به‌ستی نه‌خشاندنی ئاینده‌ی وڵات بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو".

وێڕای داننانی به‌ هه‌وڵه‌كانی "هێزی كاری هه‌مه‌لایه‌نه‌" له‌ جێبه‌جێكردنی "پلانی نیشتمانی كارپێكردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی" ، به‌ڕێز كوبیش وتی "به‌ڕاستی كاتی جێبه‌جێكردنی پایه‌كه‌ی ئه‌و "پلان"ه‌ هاتووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ رۆڵی ژنان له‌ پێشپێگرتن و چاره‌سه‌ری شه‌ڕه‌كاندا".

لای خۆشییه‌وه‌، راوێژكاری جێنده‌ری یونامی، خاتو ماباتلهارۆ دیهێمۆ، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ده‌توانن پشتگیری له‌ پێشڤه‌چوونی ژنان بكه‌ن له‌ بواری بڕیارداندا به‌ پشتگیریكردنیان له‌ چه‌ند رێوشوێنێكی تایبه‌ت بۆ گه‌شه‌دان به‌ رۆڵی سه‌ركردایه‌تیكردنی ژنان و دڵنیابونیش له‌وه‌ی كه‌ ژنان هه‌لی یه‌كسانیان له‌ بواری گه‌شه‌پێداندا بۆ ره‌خساوه‌.

نوێنه‌ری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان ، خاتو دینا زۆربا، سوپاسی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاوبه‌شكاره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان كرد بۆ پابه‌ندبوونی به‌رده‌وامیان به‌ بڕیاری ١٣٢٥ه‌وه‌. خاتو زۆربا به‌ توندی داوای له‌ حكومه‌ت كرد بۆ كاركردن له‌ پێناو دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ كارنامه‌كانی به‌دیموكراسیكردن و دروستكردنی نه‌ته‌وه‌دا ئاوێته‌كراون و هه‌روه‌ك چۆن داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كرد بۆ درێژه‌دان به‌ داكۆكیكردنیان له‌ پاراستنی مافه‌كانی ژنان و كچاندا . ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش كرده‌وه‌ بۆ چڕكردنه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌شداریی سیاسییانه‌ی ژنان له‌ هه‌موو ئاستەکاندا.

له‌ به‌ر رۆشنایی یادكردنه‌وه‌ی سێزده‌هه‌مین ساڵیادی بڕیاری ١٣٢٥ ی نەتەوە یەکگرتووەکان و "رۆژی كراوه‌ی جیهانی"دا، یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان له‌ كه‌ربه‌لا راهێنانێكی تواناسازییان له‌سه‌ر به‌هره‌كانی "میانگیریی بنچینه‌یی و گفتوگۆ" بۆ ژنانی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ كه‌ربه‌لا و واسیت و نه‌جه‌ف و دیوانیه‌ له‌ ٩-١٢ی تشرینی یەکەم‌ ئه‌نجامدا. دواتریش، راهێنانێكی تری هاوشێوه‌یان بۆ ژنانی سه‌ركرده‌ و چالاكوانان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نی شار و شاره‌دێیه‌كانی به‌سڕه‌ و میسان و زیقاڕ و موسه‌ننا له‌ ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م تا ١ی تشرینی دووه‌م ئه‌نجامدا. هه‌ردوو راهێنانه‌كه‌ش هاوبه‌شانه‌ له‌ لایه‌ن یونامی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی به‌شی كاروباری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌شی ستراتیژی میانگیریی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ژنان رێكخرابوو.

****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

خاتوو دینا زۆربا
نوێنه‌ری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئافره‌تان
مۆبایل : +964 770 192 9401
ئیمه‌یل : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.