پێنج شەممە, 02 تشرینی دووەم 2017 21:52

لەپێناو یارمەتیدانی عیراقییە ئاوارەبووەکان و پەنابەرە سوورییەکان دا UNHCR دەست بە بەرنامەی زستانەی خۆی دەکات گرنگ

بەغداد، عیراق ڕێکەوت: 2 – 11 – 2017: لەم هەفتەیەوە UNHCR دەستی بە بەرنامەی هاوکاریی زستانەی خۆی کردووە بۆ کۆمەککردن و یارمەتیدانی عیراقییە ئاوارەبووەکان و پەنابەرە سوورییەکان. بە کۆی گشتی، لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا زیاتر لە (100,000) خێزان لە یارمەتیی دیکەی سەربار سوودمەند دەبن.

بەشێکی گەورەی هاوکارییەکە لەسەر بنەمای پارەی کاش دەبێت، ئەمەش وا لە خێزانەکان دەکات خۆیان بڕیار بدەن چۆن پارەکە لە بەدەستهێنانی پێداویستییە هەرە بەپەلەکانی خۆیان لە ماوەی مانگەکانی وەرزی زستان دا خەرج بکەن.

لە هەرێمی کوردستانی عیراق دا، کە پلەکانی گەرما بە شەو تا ژێر پلەسە سفری سیلیزی دادەبەزێت، UNHCR پلانی ئەوەی هەیە کە یارمەتی پارەی کاش بۆ سەرووی (20,000) خێزانی پەنابەر و زیاتر لە (30,000) خێزانی عیراقیی تازە ئاوارەبوو دابین بکات، ئەمە بەوانەیشەوە کە لە ناو یاخود لە دەرەوەی کامپە فەرمییەکان دا دەژین.

بەهای گواستنەوەی یارمەتییەکە وا داڕێژراوە کە لەگەڵ پلانەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی عیراق دا بۆ دابینکردنی نەوت بۆ خێزانە ئاوارەبووەکان یەکبگرێەوە.

هەندێک لە خێزانە هەرە لاواز وشکستبارەکانی ناو کامپەکان بە هەمان شێوە کۆمەڵە کەلوپەلی زستانەشیان پێدەدرێت، کە ئەمانەش لە خۆدەگرێت: زۆپا، بەتانیی زۆر گەرم و هەروەها کۆمەڵە کەلوپەلەکانی جیاکردنەوەی خێوەت.

ئەو هاوکارییەی ئەو خێزانانە بە ئامانج دەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشی ئەم دواییەی سەر موسڵ ئاوارەبوون بە هەمان شێوە (8,000) خێزان دەگرێتەوە کە لە ناوچە شارنشینەکان دا دەژین، لە کاتێک دا (17,500) خێزان، کە لە ناو کامپەکان دا دەژین پارەی کاش و کۆمەڵە کەلوپەلی زستانەیان پێدەدرێت.

لە ناوەڕاست و باشووری عیراقییشدا، (15,500) خێزانی ئاوارەبوو (بە 3,000 خێزانیشەوە کە لە ناوچە شارنشینەکان دا دەژین) یان هاوکاریی پارەی کاش یاخود کۆمەڵە کەلوپەلی زستانەیان پێدەدەرێت.
دایکە یازی احمد، کە ناوی بۆ وەرگرتنی یارمەتیی پارەی کاش تۆمارکراوە و لەناو کامپی (سەلامییە 1) ی باشووری موسڵ کە لە لایەن UNHCR ـەوە بەڕێوەدەبرێت دەژی، لەم بارەوە گوتی: "ئێمە بەهۆی ئەم یارمەتییەوە دەتوانین باشتر خۆمان بەڕێوەببەین." "لە پلانم دایە کە بەهۆی ئەو یارمەتییەوە جلوبەرگ و خۆراك بۆ منداڵەکان بکڕم."

محـمد ابراهیمی باوکی حەوت منداڵ، کە خەڵکی (ئەبو ماریە) ی نزیک (تەلەعفەر) ـە، بە هەمان شێوە گوتی: "ئیمە هیچ پارەمان نییە، بۆیە ئەم هاوکارییە بۆ ئێمە زۆ گرنگە و بەڕاستی زۆر پێویستمان پێیەتی. ماڵەکەمان وێران بووە و بەو هۆیەشەوە ئێستا نازانین ئەم زستانە چۆن بەسەر بەرین."

بڕونۆ گێدۆ، نێردەی UNHCR بۆ عیراق هەر سەبارەت بەم پرسە گوتی: "ئەم هاوکارییە لە کاتێکدا کە وەرزی زستان خەریکە نزیک دەبێتەوە بۆ خێزانەکان وەک پەتی ڕزگاربوون وایە، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عیراق دا، کە پلەکانی گەرما شەوان دادەبەزن." "وەرزی زستان بۆ ئەمانە سەخخترین کاتە، بە تایبەت بۆ ئەوانەیان کە تا ئێستا لەناو خێوەت یاخود لەناو بینا تەواونەکراوەکان دا ژیان بەسەردەبەن."
"لە پێناو ئەوەی دڵنیا بین لەوەی بە زووترین کات بە خێزانە ئاوارەکان دەگەین، بەشی هەرە زۆری هاوکارییەکانی ئەم ساڵمان خراوەتە قاڵبی پارەی کاشەوە. ئامانجەکە ئەوەیە خێزانەکان وا لێبکەین ئازادییەکی فروانتریان هەبێت لە بارەی بڕیاردانیان لە ئەولەوییەتەکانی پارە خەرجکردنیان دا."

UNHCR سوپاسی پارەبەخشەکان دەکات کە بوونە هۆی ئەوەی گەیاندنی ئەم هاوکارییە سەربگرێت.

بۆ زانیاریی زیاتر تکایە پەیوەندیی بکەن بە:

کاڕۆڵین گڵەك
مۆبایل: 009647809207286 (بەغداد)
ئیمەیڵ: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ئەمیرە عبدالخالق
مۆبایل: 009647726163729 (هەولێر)
ئیمەیڵ: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

سەیف ئەلتەتووز
مۆبایل: 009647801958468 (بەغداد)
ئیمەیڵ: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ڕەشید هـ. ڕەشید
مۆبایل: 009647507130014 (دهۆک)
ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.