ئەم پەڕەیە چاپ بکە
یەک شەممە, 05 تشرینی دووەم 2017 09:47

حکومەتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی لابردنی مەترسییەکلنی تەقەمەنی لە ناوچە تازەئازادکراوەکانی عیراق

بەغداد ، ٥ی تشرینی دووەمی٢٠١٧ – فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین خۆشحاڵە بە بەشداریی نوێکراوەی حەوت ملیۆن یۆرۆ لە حکومەتی ئەڵمانیاوە بۆ رووپێوکردن و لابردنی مەترسیی تەقەمەنی لە عیراق، بە کەرەستەی تەقەمەنیی سەرپێیی و پاشماوەی تەقەمەنیی شەریشەوە. ئەم پشتگیرییە شیاندنەوەی ژێرخان لەو ناوچانەی تازە لە داعش سەندراونەتەوە ئاسانتر دەکات و، ھاوکاریی پڕۆسەی سەقامگیرکردن دەکات و بواریش دەڕەخسێنێ بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی خەڵکی ئاوارە بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان.

شەڕی داعش لە عیراق بووە مایەی پیسبوونێکی ئاڵۆز و چڕ بە مەترسیی تەقەمەنی و ئاوارەکردنی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە. مەترسیی تەقەمەنی دەبێتە مایەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە کۆمەڵگاکانیان و ئەوانەش کە بەدەنگەوەچوونی سەرەتایی پێشکەش دەکەن.

لابردنی مەترسیی تەقەمەنی لە ژێرخان ھەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە پێش ئەوەی لە توانادابێت ھیچ کارێکی شیاندنەوە دەستپێبکات. فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین و ھاوبەشەکانی بەم دواییە کاری ڕووپێو و لابردنیان بۆ کۆمەڵگای نەخۆشخانەیەک لە رۆژئاوای موسڵ کرد کە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠٠ پارچە تەقەمەنییان، بە کەرەستەی تەقەمەنیی سەرپێیی و پشتێنی تەقینەوەشەوە، لێی لابردووە و، ئەوەش بووەتە مایەی دەستپێکردنی کاری شیاندنەوە.

بەم بەشدارییەی حکومەتی ئەڵمانیا، فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ھەنگاوە سەرەتاییە گرنگەکان وەکو: لابردنی تەقەمەنی لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و، پشتگیریکردنی خەڵک بۆ گەڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگای سەلامەتتر.

حکومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ــەوە ١٢ ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی فەرمانگەی نەتەوە یکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق کردووە.

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق بەڕێز سیریل نون گوتی: ”ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە ھەوڵەکانی بەدیھێنانی سەقامگیری لەو ناوچانەی لە داعش ئازادکراون. بە ھاوکاریی نزیک لەگەڵ عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وەک ھاوسەرۆکی گروپی کار بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری، پێویستە ھەوڵەکانمان کەم نەکەینەوە لەپێناو بوارڕەخساندن بۆ ئاوارەکان تا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و خۆڕاگرییان بەھێزتر بکەن و ھاوکاری خەڵکی عیراقیش بکەین بەرەوە ئاییندەیەکی گەش و یەکانگیریی کۆمەڵایەتی. “

بەڕێز پـێــر لۆدھامەر، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی بەرنامەی فەرمانەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق گوتی کە ”ئەم بەشدارییە سەخاوەتمەندانەی حکومەتی ئەڵمانیا توانا دەبەخشێتە فەرمانەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین کە ڕاوێژی تەکنیکی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی تەقینەوە پیشکەشی حکومەتی عیراق بکات لەگەڵ ھاوکاری بۆ لابردنی کەرەستەی تەقەمەنیی سەرپێیی و کەلوپەلی تەقەمەنیی نەتەقیوە لە ناوچە تازەئازادکراوەکان بۆ پشتگیریکردنی ھەوڵە گرنگەکانی بەدیھێنانی سەقامگیری. “


بۆ پەیوەندیکردن:
پـێــر لۆدھامەر، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی بەرنامەی فەرمانەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە عیراق: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.