پێنج شەممە, 16 تشرینی دووەم 2017 10:21

یونامی پاڵپشتیی خۆی بۆ راگه‌یاندراوی حكومه‌تی هه‌رێم دەردەبرێت سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن له‌ بڕیاری دادگای فیدڕالی بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق

به‌غدا، ١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧:- له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رێككه‌وتی ١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ بەڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆعیراق، نامه‌یه‌كی ١٠ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرسی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی گه‌یانده‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارازانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی. هه‌ر له‌ هه‌مان رۆژیشدا، وێنه‌یه‌كی هه‌مان نامه‌ به‌مه‌به‌ستی زانیاری درایه‌ ده‌ست به‌ڕێز حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق. ‌ نامه‌كه‌ی رۆژی ٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ی ‌ سكرتێری گشتی له‌ وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان ناردبووی. له‌ نامه‌كه‌دا به‌ڕێز سكرتێری گشتی ده‌ڵێت:

"من له‌گه‌ڵ رایه‌كه‌تم كه‌ پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێویسته‌ به‌ ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێن له‌رێگه‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق. من زۆر دڵخۆش بووم كه‌ له‌ زۆر بۆنه‌دا هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ویستی خۆیان بۆ ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیه‌ ده‌ربڕیوه‌. پێویسته‌ رێگه‌ له‌ تێكچوونی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا بگیرێت له‌ پێناو گه‌شه‌دان به‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی و دابینكردنی سه‌قامگیریی زیاتر له‌ ناوچه‌كانی پشێویدا و هه‌روه‌ها بۆ روبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ی كه‌ داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دروستی ده‌كات".

من هانی هه‌ردوولا ده‌ده‌م بۆ نانی هه‌نگاوی پێویست بۆ دروستكردنی كه‌شێكی ئارام بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆی راسته‌قینه‌.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ پاڵپشتیكردن له‌م هه‌نگاوانه‌ به‌گوێره‌ی داواكاری لایه‌نه‌كان و ئه‌ركه‌ پێسپێردراو(ماندێت)ه‌كه‌ی له‌ عیراق به‌تایبه‌تیش له‌رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ له‌ عیراق ، بەڕێز یان كوبیش. ‌

لای خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌ ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، کە ئەوسا لەلایەن فه‌ره‌نساوە سەرۆکایەتی دەکرا‌، له‌ نێوان چه‌ندان شتی تردا ده‌ڵێت:

"ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن داوایان له‌ هه‌ردوولا كردووه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌نجامدانی هێز و هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆیه‌كی بنیاتنه‌ر كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ بكرێت گه‌ر داوای لێ بكرێت وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و شێوازێكیش بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق.

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ئه‌وه‌ش وه‌بێر ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ماف و ئاره‌زووه‌كانی هه‌موو هاوڵاتییانی عیراق له‌رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ده‌ستووره‌وه‌ پێویسته‌ دابین بكرێت.

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی هه‌ستیان به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێم ئاره‌زوویان بۆ گفتوگۆ هه‌یه‌. ئێمه‌ هانیان ده‌ده‌ین بۆ هه‌رچی زووه‌ دانانی واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م گفتوگۆیانه‌ .

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن رێزی خۆیان بۆ سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ره‌وه‌ك چۆن جه‌ختیش له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی له‌ناوبردنی داعشیش ده‌كه‌نه‌وه‌".

به‌ڕێز كوبیش پاڵپشتی‌ كاردانه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ژماره‌ ١٢٢ی دادگای باڵای فیدرالی عیراق له‌ ٦ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ دا کرد كه‌ تێیدا ئه‌و دادگایه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ بڕگه‌یه‌كی له‌ ده‌ستووردا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی هیچ پێكهاته‌یه‌ك له‌ عیراق بدات و به‌مه‌ش بڕیاره‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌كاته‌وه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی له‌ ١٤ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ له‌ نێوان چه‌ندان شتی تردا ده‌ڵێت:

"ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كردووه‌ بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌رێگه‌ی ده‌ستوور و شێوازه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستخۆشیمان له‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی به‌ڕێز ئایه‌توڵڵا سیستانی و كه‌سایه‌تییه‌كانی عیراق و وڵاتانی دۆست به‌ خه‌ڵكی عیراق سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، رێز له‌ لێكدانه‌وه‌كه‌ی دادگای فیدرالی عیراق بۆ مادده‌ی یەکەمی ده‌ستووری عیراق ده‌گرین.

ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ ‍ئه‌م "بڕیار"ه‌ پێویسته‌ ببێته‌ بنه‌مای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و نیشتمانی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان له‌رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی هه‌موو مادده‌كانی ده‌ستوور به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو مافه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان و بارودۆخه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات چونكه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ پاراستنی یه‌كییه‌تی عیراق له‌به‌ر رۆشنایی مادده‌ی ژماره‌ ١ دا".

له‌به‌ر رۆشنایی نامه‌كه‌ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هه‌ڵوێستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌وسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڕێز كوبیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كه‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بێ به‌كارهێنانی هێز ده‌سته‌به‌ر بكات له‌وپه‌ڕی پێویستی دایه‌. ئه‌مه‌ش وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ سه‌قامگیری و یه‌كپارچه‌یی و خۆشگوزه‌رانی له‌ پێناو به‌هێزكردنی زیاتری یه‌كڕیزی و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقی فیدرالدا. ئه‌و هانی درێژه‌دان ده‌دات به‌ گفتوگۆی ئاستبه‌رز له‌نێوان هه‌ردوولادا سه‌باره‌ت پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایش بۆ پێشگرتن به‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌كاتی جێگیركردنی هێز له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی عیراق و فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمدا. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ نیازی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ده‌كات له‌ ١٤ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ بۆ كردنه‌وه‌ی گفتوگۆی نوێنه‌رانی حكومه‌ت و شاره‌زایان له‌سه‌ر بودجه‌ و هه‌
نارده‌كردنی نه‌وت چەندان بابەتی تر. له‌ راستیدا ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیه‌ بۆ هه‌ردوولا زۆر پێویسته‌ بۆ دابینكردنی ئارامی و پێشگرتن به‌ پشێوی بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ بۆ پرسه‌كانی بودجه‌ و مووچه‌ و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بدۆزرێته‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی گفتوگۆیه‌كی سیاسیی بنیاتنه‌ر به‌گیانی هاوبه‌شكارییه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ندان پرس و رێوشوێنی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ عیراقێكی یه‌كگرتوودا.

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هەب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.