ئەم پەڕەیە چاپ بکە
یەک شەممە, 19 تشرینی دووەم 2017 00:00

خولی ڕاهێنانی ئازادی ڕادەربڕین لە دهۆک بەڕێوەچوو گرنگ

دهۆک، عێراق، ١٩ی تشرینی دوومی٢٠١٧ – ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) خولێکی ڕاهێنانی لە شاری دهۆک بۆ ڕۆژنامەڤانان، ڕاگەیاندکاران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری ئازادی ڕا و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدا.

ئەم خولە، بە ناوونیشانی "ئازادی ڕا و ڕادەربڕین و ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی، پێکەوەگونجان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕۆژنامەڤانان و ڕاگەیاندکاران لە هەرێمی کوردستان – عێراق"، لە ١٢-١٣ی تشرینی دووەمی، ٢٠١٧ بەڕێوەچوو.

ئامانجی ئەم خولە دوو ڕۆژییە بریتی بوو لە زیادکردنی زانیاری ڕۆژنامەڤانان و ڕاگەیاندکاران دەربارەی سیستەمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و میکانیزمەکان و یاساکانی تایبەت بە ئازادی ڕا و ڕادەربڕین لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها خولەکە هەڵسا بە ڕاڤەکردنی بنەما ئیتیکییەکانی میدیایی سەبارەت بە ڕاپۆرتنووسین دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆڵی میدیا لە بەرەوپێشبردنی گوتاری گشتی هاوتەریب بە بەها و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.

لەمیانەی ڕاهێنانەکەدا، ٢٩ بەشداربوو (١٣ئافرەت و ١٦ پیاو)، کە پێکهاتبوون لە ڕۆژنامەڤان و ڕاگەیاندکار و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، کە نوێنەرایەتی چەند ڕۆژنامەیەک و کەناڵی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆ و وێبسایتەکانیان دەکرد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەشداری ئەم خولەیان کرد.

بەڕێز هێمن مەمەند، کە وەکو فریلانسەر کاردەکات، وتی: 'بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی بەها و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە دەبێتەهۆی بنیاتنانی تاکی تەندروست و بەرهەمدار، لەبەرئەوەی میدیا کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک لە جیهانی ئەمرۆدا'.

لەلایەکی ترەوە، بەڕێز هەژار ئەنوەر، کە وەکو پەیامنێر لە کەناڵی KNN کاردەکات، ئەنجامدانی ئەم خولەی وەکو کارێکی هەنوکەیی لە قەڵەمدا و وتی: "کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە بەرجەستەکردنی ئەو بەها و بنەمایانە هەیە کە لە خولەکە باسیان لێوەکرا. رۆژنامەڤانان و خەلکیش پێویستیان بەوەیە کە تێگەیشتنیان بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێت بۆئەوەی لەگەل ستاندەردە نێونەتەوەییەکان هاوتەریب بڕۆن لە سەروەختی قسەکردن دەربارەی جۆرەکانی پێشێلکاری و بەهاکان".


****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هاب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦