سێ شەممە, 21 تشرینی دووەم 2017 00:00

ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ ئامێری پزیشكی به‌به‌های نیو ملیۆن دۆلار ده‌به‌خشێته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی موسڵ

موسڵ - بۆ بایه‌خدان به‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌ حكوومییه‌كان دوابه‌دوای ته‌نگژه‌ی موسڵ، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ له‌ عێراق ئامێری ته‌ندروستی و كه‌ره‌سته‌ی به‌به‌های مه‌زه‌نده‌كراوی نیو ملیۆن دۆلار به‌خشیه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاریی ئه‌ل سه‌لام له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ.

ئامێره‌كان به‌ پاڵپشتی دارایی به‌شی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی حكوومه‌تی به‌ریتانیا و حكوومه‌تی كوێت دابین كراون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا هه‌ماهه‌نگی شمه‌كه‌ به‌خشراوه‌كانی كرد و نه‌خۆشخانه‌ی فێركاریی ئه‌ل سه‌لامی هه‌ڵبژارد له‌‌ ڕۆژهه‌ڵاتی موسل بۆ ئه‌وه‌ی ئامێر و كه‌ره‌سته‌كان وه‌ر بگرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر نه‌خۆشی بۆ ده‌چێت به‌‌هۆی زیادبوونی لێشاوی خه‌ڵكی گه‌ڕاوه‌ بۆ موسڵ، ئاواره‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ خۆجێییه‌كان. به‌خشینه‌كه‌ به‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ سه‌قامگیركردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ.

پێش ڕاده‌ستكردنی شمه‌كه‌كان له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م )ئۆكتۆبه‌ر(، ئامێره‌كان و كه‌ره‌سته‌كانی تر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی مه‌یدانیی ڕێكخراوی نێده‌وڵه‌تیی كۆچ له‌ حه‌مام عه‌لیل به‌ كار ده‌هێنران، ٣٠ كم له‌ باشووری موسڵ. له‌و كاته‌ی كه‌ دامه‌زرا له‌ مانگی ئاداری ٢٠١٧، چه‌ند مانگێك دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی موسڵ، نه‌خۆشخانه‌ی مه‌یدانیی حه‌مام عه‌لیل رۆڵێكی به‌رچاوی گێرا له‌ پێشكه‌شكردنی چاودێری ته‌ندروستی فریاكه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ناوچه‌كانی پێكدادان له‌ ڕۆژئاوای موسڵه‌وه‌ ده‌ربه‌ده‌ر ببون.

له‌نێوان مانگی ئادار و ئه‌یلولی ٢٠١٧دا، نه‌خۆشخانه‌ی مه‌یدانیی ڕێكخراوی نێده‌وڵه‌تی كۆچ له‌ حه‌مام عه‌لیل خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ نزیكه‌ی ٩٣٠٠ نه‌خۆش كرد و ٦٦٤ حاله‌تی داخل كرد بۆ نه‌شته‌رگه‌ری له‌نێویاندا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌ست و قاچی شكاو كه‌ له‌ ئه‌نجامی پێكدادانه‌كان ڕوویان دابوو.

كه‌ره‌سته‌ و ئامێره‌كان كه‌ به‌خشراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ل سه‌لام ئه‌مانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت: مێزی نه‌شته‌رگه‌ری، ئامێری بێهۆشكردن، ئامێری هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرد، مۆنیته‌ری پزیشكی، ئامێری په‌مپی موغه‌زی، ئامێری بوژاندنه‌وه‌ی دڵ، ئامێری ته‌عقیمی نه‌خۆشخانه‌، عه‌ره‌بانه‌ی نه‌خۆش و ئامێری ئه‌شیعه‌ و ئامێری تاقیگه‌ و كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستیی تر.

"ئه‌م به‌خشینه‌ له‌ كاتی خۆی بوو‌ به‌ڕاستی چونكه‌ توانای نه‌خۆشخانه‌كه‌ دووهێنده‌ ده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی،" دكتۆر سه‌نگه‌ر پیرداود، ڕێكخه‌ری ته‌ندروستی فریاگوزاری ڕێكخراوی نێوده‌وله‌تی كۆچ وای گوت. "ئه‌م به‌خشینه‌ به‌شێكه‌ له‌ چالاكییه‌كانی په‌ره‌پێدانی تواناكان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌ حكومییه‌كان به‌هێزتر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خزمه‌تی نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن."

"ئه‌مه‌ تاكه‌ یه‌كه‌ی چاودێریی چڕه‌ كه‌ ئێستا له‌ موسڵ كار ده‌كات،" دكتۆر رعد عه‌بدولهادی، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ل سه‌لام وای گوت. له‌باره‌ی ئامێره‌كانی چاودێری نه‌خۆش و بووژانه‌وی دڵ كه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ به‌خشینه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ كراون، دكتۆر رعد گوتی: "ئێمه‌ زۆر پێویستیمان به‌م ئامێرانه‌ هه‌بوو، ئه‌مانه‌ ئامێری ژیانپارێزن، جا له‌ ژووره‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری بێت یان له‌ یه‌كه‌ی چاودێری چڕ یان یه‌كه‌ی فریاكه‌وتن به‌ كار بهێنرێن."

باڵه‌خانه‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ل سه‌لام - كه‌ پێشتر نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ره‌كیی ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ بوو - له‌ كاتی شه‌ڕدا وێران بوو. له‌ ئاداری ٢٠١٧دا، نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ شوێنه‌كی نزیكی بینایه‌ كۆنه‌كه‌ دووباره‌ كرایه‌وه‌ به‌ توانای له‌خۆگرتنی ١٥٠ قه‌ره‌وێله‌.

به‌ گوته‌ی دكتۆر رعد ڕۆژانه‌ ٤٥٠ تا ٥٠٠ نه‌خۆش سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ چاره‌سه‌ری ئێسك و ماسولكه‌كان ونه‌خۆشیه‌كانی دڵ و هه‌ناو و حاله‌ته‌كانی تر كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ دووچاری بوون له‌ ئه‌نجامی ڕووداوی هاتوچۆ. نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر به‌ خۆرایی وه‌رده‌گرن.

وێڕای به‌خشینی ئامێر و كه‌ره‌سته‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ل سه‌لام، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ له‌م دواییانه‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامێری پزیشكیی به‌ به‌های زیاتر له‌ ٧٠ هه‌زار دۆلار به‌خشییه‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی تر له‌ ناوچه‌كانی تر له‌ عێراق. ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی تر كه‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامێره‌كانیان وه‌رگرت ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌: نه‌خۆشخانه‌ی فێركاریی ڕاپه‌ڕین، نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری ڕزگاری، نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی، بنكه‌ی ته‌ندروستی ڕاژان، نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر، نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوا، نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵات (هه‌موویان له‌ پارێزگای هه‌ولێر)؛ هه‌روه‌ها بنكه‌ی چاودێری ته‌ندرو‌ستی سه‌ره‌تایی ئه‌ل عه‌ریج له‌ موسڵ، له‌گه‌ڵ بنكه‌ی ته‌ندره‌ستی گوێڕ.

دكتۆر ئیبراهیم خه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌جهیزات له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری ڕزگاری گوتی: " ئێمه‌ ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ ٥٠ نه‌شته‌رگه‌ری له‌ سێ ژووری نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین؛ هه‌بوونی موغه‌زی بۆ ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ زۆر گرینگه‌. نه‌خۆشخانه‌كه‌مان به‌بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی خۆجێی و ئاواره‌كان و په‌نابه‌رانی سووریش ده‌كات. ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ ژیانپارێزن بۆ ئێمه‌. كه‌میی ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ به‌هۆی دۆخی ئابووری ئێستا بارگرانییه‌كی زۆری خستووه‌ته‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ی وه‌رمان گرتوون به‌لایه‌نی كه‌م به‌شی ٢٠٠ نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌ و ١٠٠ نه‌شته‌رگه‌ریی بچووك ده‌كات."

ئاواره‌یی له‌ عێراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌:

موسڵ – به‌پێی تۆماری به‌دواداچوونی ئاواره‌كانی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ كاتی كرده‌ سه‌ه‌ربازییه‌كانی موسڵ ئاواره‌ بوون كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر) ده‌ستی پێ كرد.

له‌ سه‌نته‌ری موسڵه‌وه‌ هێشتا زیاتر له‌ ٦٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و زیاتر له‌ ٢٢٢،٤٠٠ كه‌سیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ كۆتاییهاتنی كرده‌كانی شه‌ڕی موسڵ له‌ مانگی ته‌موزی ٢٠١٧.

له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق – زیاتر له‌ ٢،٩٩١،٠٠٠ كه‌س هێشتا ئاواره‌ن به‌هۆی ته‌نگژه‌ی هه‌نووكه‌یی وڵات، كه‌ له‌ كانوونی دووه‌می ٢٠١٤ ده‌ستی پێ كرد. زیاتر له‌ ٢،٦٧٩،٠٠٠ ئاواره‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ (به‌پێی نوێترین ڕاپۆرت له‌ ١٥ تشرینی دووه‌می ٢٠١٧).

زانیاری له‌باره‌ی ئاواره‌بوون ده‌كرێ له‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌ست بكه‌وێت:
http://iraqdtm.iom.int

بۆ زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ ڕێكخراوی نێوده‌وله‌تی كۆچ:
ساندرا بلاك، مۆبایل: ٠٧٥١٢٣٤٢٥٥٠ یان به‌ ئیمه‌یل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.