ئەم پەڕەیە چاپ بکە
سێ شەممە, 21 تشرینی دووەم 2017 00:00

لێدوانی یونامی دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی دەربارەی ریفراندۆمی کوردستان

بەغدا، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ – نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) پێشوازی لە بڕیاری دادگای بالای فیدڕاڵی عیراق دەکات کە لە بەرواری ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا دەربارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەریکرد.

لە بریارەکەیدا، دادگای باڵای فیدڕاڵی دووپاتی ئەوە دەکاتەوە ئەو ڕیفراندۆمەی لە کوردستان لە بەرواری ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا ئەنجامدرا و ئەو مەبەستەی لەپێناویدا ئەنجامدرا (کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عیراق و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەکەی بوو) هیچ بنەمایەکی دەستووری نیە و پێشێلی مادده‌كانی دەستوور دەکات. لەبەر ئەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا ریفراندۆمەکە نادەستووری بووە و دەبێ هەموو ئەنجام و لیکەوتەکانیشی هەڵبوەشێتەوە.

یونامی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عیراق دەکات پابه‌ندی ئه‌و بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و دەستوور بن و رێزیشی لێ بگرن.

هەروەها یونامی لێدوانی سەرۆک وەزیران بەرێز عەبادی بەهەند وەردەگرێت کە پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و داواشی لە هەمووان کرد ڕێز لە دەستوور بگرن.

یونامی داوا لە هه‌ردوو حکومەتی فیدڕاڵی و هەریمی کوردستان دەکات لەسەر بنەمای دەستوور و بەبێ دواکەوتن دەست بە گفتوگۆ بکەن دەربارەی هەموو کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەردوو لا. پێویستە ڕێ و شوێنی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی فیدڕالی لەو دەروازە سنوورییە دەرەکییانەی دەکەونە هەرێمی کوردستانی عیراق و هەروەها بە زووترین کات فرۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێنەوە. هەروەها پێویستە ڕێککەوتن بکرێت دەربارەی بەشی گونجاوی هەرێمی کوردستانی عیراق لە بوجەی فیدڕاڵی و پێدانی مووچە و بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوت.

یونامی بەهەمان شێوە داوا دەکات هەرچی زووە ڕێگە بدرێت بە هەموو ئەندامانی پەڕلەمانی سەر بە هەرێمی کوردستانی عیراق دەست بەجێ بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەشداربوون لە دانیشتنەکانی پەڕلەمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بە تەواوی بەشداربن لە گفتوگۆکاندا و بە بڕیاری گرنگی وەکو یاسای بودجەشەوە.

لەهەمان کاتیشدا، یونامی هانی بەردەوام بوونی میکانیزمی هەماهەنگی لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حکومەت دەدات دەربارەی پرسەکانی سەربازی و ئاسایش، بۆ رێگە گرتن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و بەریەککەوتن. یونامی دووپاتی ناڕەزایی خۆی دەکاتەوە لەمەڕهەرەشەی بەکارهێنانی هێز و لێدوانی توند و کردەی دژ بە یەکتری، بەتایبەتی لەم کاتەی ئێستادا کە کێشەی ڕیفراندۆم چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور.

یونامی دەستخۆشی لە ڕۆڵی گرنگی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکات لەم بوارەدا.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هەب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦