هەینی, 17 تشرینی دووەم 2017 00:00

به‌شداربووانی دیاله‌ و ئه‌نبار تاوتوێی هیوا و ته‌حه‌ددییه‌كانی ئاشته‌وایی نیشتمانی ده‌که‌ن گرنگ

به‌غدا، ١٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧:- سه‌رۆك هۆزه‌كان و پیاوانی ئاینی و مامۆستایانی زانكۆ و نوێنه‌رانی پارته‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ پارێزگایه‌كانی دیاله‌ و ئه‌نبار له‌ رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئه‌م مانگه‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازیان ئه‌نجامدا وه‌ك به‌شێك له‌و زنجیره‌ مێزگه‌ردانه‌ی كه‌ له‌ ژێر سه‌رباسی "ئاشته‌وایی نیشتمانی : هیوا و ته‌حه‌ددی" به‌ مه‌به‌ستی ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی ئه‌نجام ده‌درێن.

مێزگرده‌كان هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن یونامی و "لێژنه‌ی به‌دواداچوونی ئاشته‌وایی نیشتمانیی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران" و له‌ سه‌ر ئه‌ركی هه‌ردوو حكومه‌تی ئه‌لمانیا و هۆڵه‌ندا ‌ ئه‌نجام دران.

له‌ وته‌ی ده‌سپێكیدا له‌ مێزگردی نوێنه‌رانی دیاله‌دا‌ گه‌وره‌ به‌رپرسی به‌شی كاروباری رامیاریی یونامی، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د ئه‌لنه‌جاڕ، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی ئاشته‌وایی نیشتمانی و پابه‌ندیی یونامی كرده‌وه‌ له‌ گوڕدان به‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ پێناو ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان.

راوێژكاری "لێژنه‌ی به‌دواداچوون"یش، به‌ڕێز حوسێن ئه‌لعه‌دلی، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كان، ئاشته‌وایی نیشتمانی هه‌ر به‌ره‌و‌پێش ده‌چێت". ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پێكه‌وه‌ژیان به‌ردی بناغه‌ی بەڕێوەبردنی سەرکەوتووە‌.

سه‌بارهت‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌نباریش، به‌ڕێز نه‌جاڕ وتی كه‌ یونامی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كاركردنی له‌گه‌ڵ هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كان و "لێژنه‌ی به‌دواداچوون"یش. به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و "ژماره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ پارێزگا جیاوازه‌كاندا پێشتر ئه‌نجام دراون به‌مه‌به‌ستی گوێگرتن بۆ را جیاوازه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی وڵات. یونامی پابه‌نده‌ به‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی عیراق له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا".

لای خۆشییه‌وه‌، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئاشته‌وایی نیشتمانی، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د ئه‌لسه‌لمان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت، بێ گوێدانه‌ هیچ جۆره‌ پاشخانێك، به‌ یه‌كسانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هاوڵاتییانی عیراق ده‌كات. "ئێمه‌ پێویسته‌ رێز له‌ رای هه‌موو پێكهاته‌كان بگرین بۆ ئه‌وه‌ی عیراقییه‌كان له‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیاندابن و ئه‌وانیش پێویسته‌ ئه‌وپه‌ڕی لێبورده‌ییان هه‌بێت".

به‌شداربوانیش به‌زه‌قی باسیان له‌ ته‌حه‌ددییه‌كانی قۆناغی دوای داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) كرد سه‌باره‌ت به‌ ئاشته‌وایی و چه‌ندان راسپارده‌ی به‌سوودیشیان خسته‌ڕوو بۆ دڵنیابوون له‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی و كۆمه‌ڵگاییدا.

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز خالید ده‌هەب ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.