پێنج شەممە, 30 تشرینی دووەم 2017 13:41

سەماحەتی ئایەتوڵڵا سیستانی پێشوازی لە بەڕێز یان کوبیش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد گرنگ

نەجەف، عیراق، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧– ئەمڕۆ بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لەلایەن سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییەوە لە نەجەف پێشوازی لێکرا.
"من زۆر شەرەفمەندم بەوەی ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییەوە پێشوازیم لێکرا. ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ خودی خۆم. ئێمە گفتوگۆی تێروتەسەلمان دەربارەی ئەجێندای وڵاتی عیراق کرد و گوێم بۆ خاڵەکانی بەڕێزیان گرت کە وەک ڕێبەرێک بۆ چاڵاکی و هەنگاوەکانی داهاتوو ڕوونی دەکردنەوە".



بەڕێز کوبیش پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و خەڵک و حکومەتی عیراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر پێکهاتەکانی داعشی تیرۆرست و دووپاتیشی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بۆ هەموو عیراق و جیهانە و هەروەها فەتوای مەرجەعییەت کە بووە هۆی جولاندنی هێزی حەشدی شەعبی کارێکی زۆر گرنگ بوو بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشی تیرۆرستدا".

بەڕێز کوبیش بەتایبەتی سوپاسی لایەنی مرۆیی بانگەوازەکەی سەماحەتی بەڕێزیان و وتارەکانی دەربارەی گیروگرفتە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان کرد و هەروەها هەوڵەکانی بەڕێزیانی بەرز نرخاند لە گرنگیدان بە خێزانی شەهیدان و ڕزگاربووانی شەڕی دژی داعش و داهاتوویەکی باشتر بۆ گەنجان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بۆ کەشێکی ئارام و سەلامەت و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و وەڵامدانەوەی توند دژ بە تاوانباران و سەرپێچیکارانی مافەکانی مرۆڤ.

دوابەدوای داواکەی بەڕێز سەماحەتی بەڕێزیان بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خێرا و ئارەزوومەندانەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەربەرزی و بنیاتنانەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بەدیهێنانی ئاستێکی باشی ئاسایش کە بتوانێت هاوڵاتییان بپارێزێت لە بەرامبەر تیرۆردا و دروستکردنی بەربەستێک لەبەردەم گەڕانەوەی تیرۆر، لەبەرامبەردا بەڕێز کوبیش دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی خۆی خێراتر دەکات بۆ پاڵپشتی کردنی ئەم داوایە. هەروەها بەڕێزیان هاوڕایی خۆی لەگەڵ بەڕێز سەماحەتی بەڕێزیان دەربڕی دەربارەی گرنگی دەستبەجێ جێبەجێکردنی یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی کە دەبێتە گرێنتییەک بۆ ئەوەی چەک تەنها لەدەست و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بێت، یانیش هێزەکانی حەشدی شەعبی نابێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

دەربارەی پاڵپشتی تۆکمەی سەماحەتی بەڕێزیان بۆ ڕێزگرتنی تەواو و جێبەجێکردنی دەستوور و یاساکانی عیراقی یەکگرتوو، بەڕێز کوبیش بۆ بەڕێزیانی دووپاتکردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوپەڕێ پشتگیری خۆی بۆ ئەم هەڵوێستە دەردەبڕێت و هەروەها دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش، پێویستە گرێنتی تەواوی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق و هاووڵاتییانی بکرێت و هەڵبژاردنە گشتییەکانیش لە کاتی خۆیان ئەنجام بدرێن.

بەڕێز کوبیش هەروەها وتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری تەواوی بەرنامەی چاکسازیی حکومەت بە دژایەتیکردنی گەندەڵیشەوە دەکات. بەڕێزیان پەیمانی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپات کردەوە و دەنگی خۆیشی خستە پاڵ دەنگی سەماحەتی بەڕێزیان لە داواکردن لە حکومەت بۆ هەڵنانی هەنگاوی بەهێز بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی کە بە گەندەڵییەوە تاوانبارکراون و هەروەها بۆ گێڕانەوەی پارەی خراپ بەکارهاتوو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی.



****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.