ئەم پەڕەیە چاپ بکە
پێنج شەممە, 30 تشرینی دووەم 2017 14:15

لێدوانی بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، بۆ میدیاکان دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە نەجەف، لە عیراق: (دەستکاری کراوە بەمەبەستی کورت کردنەوە) گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 


٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧

بەڕێز کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی:

پێش هەموو شتێک، من زۆر شەرەفمەندم بەوەی ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییەوە پێشوازیم لێکرا. ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ خودی خۆم. من ئەم هەلە بەرز دەنرخێنم نەک تەنها لەبەر ئەوەی پێشوازیم لێکرا بەڵکو ئێمە گفتوگۆی تێروتەسەلمان دەربارەی ئەجێندای وڵاتی عیراق کرد و گوێم بۆ خاڵەکانی بەڕێزیان گرت کە وەک ڕێبەرێک بۆ چاڵاکی و هەنگاوەکانی داهاتوو ڕوونی دەکردنەوە.



هەروەها منیش دووپاتم کردەوە کە هەمان بیروبۆچوونمان هەیە و بۆ بەرنامەی داهاتووش ئەگەر لە هەموو بابەتەکان نەبێت لە زۆربەی بابەتەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان هەمان ڕامان هەیە.

هەروەها من بە سەماحەتی بەڕێزیانم ڕاگەیاند کە بۆ ئێمە، هەروەک لە کۆبوونەوەکەشدا دووپاتمان کردەوە، ڕێزگرتنی تەواوی دەستوور و یاساکانی وڵات لە هەموو بابەتەکانی وەکو پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەوڵێر و هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە و لە هەموو بابەتەکانی تردا، دەبێتە ڕێنیشاندەرێک بۆ ئێمە و بەرچاوڕوونیمان پێدەدات لە چاڵاکییەکانماندا. بۆیە ئێمە ناتوانین پشتگیری لە سەرپێچی کردن لە دەستوور و یاساکنی وڵاتەکە بکەین.

خاڵی دووەم: من دووبارە لایەنی مرۆیی ڕێنموونییەکانی سەماحەتی بەڕێزیانم بەرزنرخاند کە لە میانەی وتەکانیدا یاخود لە ڕێگەی وتارەکانی رۆژانی هەینی ڕەنگ دەدەنەوە وەک گرنگیی چاودێریکردنی بارودۆخی خێزانی شەهیدەکان و ڕزگاربووانی شەڕی داعش و گرنگیدان بە داهاتووی گەنجانی عیراق و داواکردن لە حکومەت بۆ فەراهەم کردنی ئەمانە و گرنگیدان بە ئاوارە ناوەخۆییەکان و دەستەبەرکردنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان و پاراستنی هاوڵاتییان لە کاتی شەڕی داعش و تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوە تەکفیری و تاوانبار و تیرۆرستییە.

هەروەها من ئەوەم دووپات کردەوە کە ئەو کارە لەپێشینانە بە هەمان شێوە کاری لەپێشینەی ئێمەشن. بۆ نمونە، گرنگیی گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەربەرزی و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و فەراهەم کردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی. من هەروەها دووپاتی ئەوەم کردەوە کە ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتییەکانمان خێراتر دەکەین بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان و بۆ حکومەتیش یارمەتییان دەدەین تاکو ژێرخانی سەرەتایی و ئاستی ئاسایشی گونجاو دەستەبەر بکات کە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی داعشی تیرۆرست کە هەمووکات مەترسیی دووبارەبوونەوەیان هەیە.

لە کۆتاییدا، من لە کۆبوونەوەکەشدا بەمە دەستم پێکرد، من پێم باشە ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ سوپاسکردنی حکومەت و هاووڵاتییانی عیراقی بە سەرکەوتیان لەدژی داعشی تیرۆرست. پێکهاتەکانی داعش تێکشکێنران بەڵام هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێ بەردەوام بێت، چونکە هێشتا خەڵکانێک هەن بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەم هەلە بەکاربێنن. بەڵام لە سایەی قوربانیدانی خڵکی عیراق سەرکەوتن بەدەست هاتووە. من دەست خۆشییان لێ دەکەم بەم بۆنەیەوە و هاوخەمی خۆشم بۆ خێزانی شەهیدان و بریندارەکان دەردەبڕم.

پرسیار و وەڵام

پرسیار: ئایا سەماحەتی بەڕێزیان لەگەڵ بۆچوونی بەڕێزتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەسانی گەندەڵ؟
وەڵام: ئێمە هاوڕاین دەربارەی ئەم بابەتە و من زۆر دڵخۆش بووم بەبیستنی دەستەواژەیەکی زۆر بەهێزی سەماحەتی بەڕێزیان کە دەربارەی پێویستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی قسەی دەکرد و وتی :"دەبێ ئەمە بە کردار بکەین نەک تەنها بە قسەکردن". ئەمە شتێکە کە ئێمە ئەوپەڕی پشتگیری دەکەین.

پرسیار: هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی شەڕی دژی تیرۆر و شەڕی عیراقییەکان لە دژی تیرۆر لەبری هەموو جیهان. ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبەراورد زۆر کەم بوو. هیچ هەڵوێستێکی جیددی نەبووە بۆ سڕکردنی ئەندامانی داعش و موڵک و ماڵیان. ئایا هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە چییە؟

وەڵام: من بەڕێزەوە هاوڕانیم لەگەڵ تۆ، هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر ڕوون بووە و داعشی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناوزەد کردووە و بە مەترسی جیهانی دەزانێت بۆ سەر ئاسایش. لەلایەن چەندان دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە نیۆرک هەنگاونراوە بۆ ڕێگری کردن لە جوڵاندنی تیرۆرستان لە دەرەوە بۆ هاوکاری کردنی داعش وەک ئەفسەری بیانی. بەهەمان شێوە تێبینیمان کردووە کە سەرچاوەی دارایی ئەو تیرۆرستانە لە بڕانە و بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو کەس و لایەنانەی کەهاوکارییان دەکرد سزادەدرێن. نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێکی دەرکرد بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە کە کار لەسەر تاوانەکانی داعش دەکات وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەرگای سزادانی ئەندامانی داعش لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە دەکاتەوە. ئەمەش بە پاڵپشتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراقی جێبەجێ دەکرێن.

پرسیار: بەڕێزتان باسەی پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانتان کرد بۆ عیراق و دەستوورەکەی کە ڕێگە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆن نادات. بەڵام ئێوە پشتگیری جیابوونەوەی کوردستانتان لە عیراق کردووە. بۆچی نوجەباء و عەسائیبی ئەهلی حەق و گروپە چەکدارەکان، کە ئەوان داعشیان لە ڕیشە هەڵکێشا بە تایبەتی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، لە لیستی تیرۆردا داتانناون؟

وەڵام: سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، نازانم تۆ ئەوەت لە کوێ هێناوە کە ئێمە پاڵپشتی جیابوونەوەمان کردووە. بە پێچەوانەوە، هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و هەڵوێستی خۆشم هەمیشە لە بەرژەوەندی یەکڕیزی و یەک پارچەیی خاک و سەروەریی عیراق بووە و چەندان جاریش بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەمان ڕاگەیاندووە. کەواتە هەرکەسێک شتێکی جیا لەوە ڕابگەیەنێت ئەوە هەواڵی دروستکراوە و هەروەک لە جیهاندا پێی دەڵێن هەواڵی نادروست.

دووەمیان، سەبارەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو هێزە، کاتێک من داوای ڕێزگرتن لە یاساکانی وڵاتەکە دەکەم بەهەمان شێوە داوا دەکەم ڕێز لە یاسای حەشدی شەعبیش بگیرێت و حەزدەکەم ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی چەک تەنها لەدەست دەوڵەت بمێنێتەوە و هەروەها پشتگیری بەدەست دێنێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئاسایشی عیراق.

پرسیار: ئایا هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان چییە؟ چەند داواکارییەک لەدەرەوەی عیراق هەن بۆ دەستوەردان لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان. ئایا هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟ بەتایبەتی کە پشتگیری تەواوت حکومەتەکەی عەبادی دەکەیت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەردەوام بوونی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراقدا.

وەڵام: دووبارە، سەبارەت بە ئێمە هیچ ڕێنوێنییەکی گەورەتر نیە لە ڕێزگرتن لە دەستووری وڵات ، من سەبارەت بە خۆمان ئەمە دووپات دەکەمەوە. هڵوێستی ئێمە هەمان داواکاری دەستوورە ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانە لە کاتی دیاریکراوی دەستووری خۆیدایە – کە دەبێت لە ناوەڕاستی مانی مایسی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. کەواتە ئێمە هاوکاری تەکنیکیی دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و بە پێی دەستوور ئەنجام بدەن.

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI