پێنج شەممە, 07 کانونی یەکەم 2017 10:35

چالاكی ١٦ رۆژه‌ جه‌خت له‌سه‌ر فروانكردنی بواری سیاسیی ژنان ده‌كاته‌وه‌

به‌غدا، ٦ی كانونی دووه‌می ٢٠١٧:- له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی ١٦ رۆژه‌دا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر فراوانكردنی بواری سیاسیی ژنان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و له‌ ناو پارته‌ سیاسییه‌كان و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریدا و له‌گه‌ڵ پاراستنی كاریگه‌رانه‌ی مافه‌كانیشیان.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ٤ی ئه‌م مانگه‌ له‌ هه‌ولێر هاوبه‌شانه‌ له‌ لایه‌ن یونامی و ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رێكخرابوو به‌ پێداگری له‌سه‌ر به‌شداری و نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له‌ ئاسته‌كانی دروستكردنی بڕیاردا. كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌روه‌ها وه‌ك پێداچوونه‌وه‌یه‌كیش بوو بۆ راسپارده‌كانی "رۆژی كراوه‌ی جیهانیی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان" سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌ره‌وپێشبردنی نوێنه‌رایه‌تیی ژنان و به‌شداربوونیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئاشتی و هه‌ڵبژاردندا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ هاوسه‌رۆكانه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و خاتو په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا كه‌ تێیدا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ بەڕێز فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز عه‌دنان موفتی، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مان و ژنانی سه‌ركرده‌ ئاماده‌ بوون.

له‌مباره‌وه‌ خاتو زه‌نگه‌نه‌ وتی "به‌داخه‌وه‌ رۆڵی ژنان له‌ سیاسه‌تدا له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و هه‌ربۆیه‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌ پابه‌ندیی خۆیان نیشان بده‌ن و بوار به‌شداربوونی پڕمانا بۆ ژنان له‌ دانوستانه‌كانی ئاشتیدا به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی وڵات بڕه‌خسێنن".

لای خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز كوبیش داوای له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان كرد بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی بواری ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی ژنان به‌ مه‌به‌ستی پێشگرتن له‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م به‌شداربوونی ژنان له‌ بواری سیاسیدا به‌ربه‌ستن نه‌خاسمه‌ له‌ ئێستادا كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنین. نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له‌ كایه‌ جۆراوجۆره‌كاندا ده‌بێته‌ مایه‌ی زیاتر به‌هێزكردنی ده‌نگیان وه‌ك رێنیشانده‌رێك بۆ كاری پارته‌ سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان و حكومه‌ت. ئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌ هه‌نگاوی به‌شدرایی ژنان له‌ ئاسته‌كانی سه‌ركردایه‌تیی ناو پارته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات".

یونامی درێژه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌دات دژی هه‌ر پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌ مافه‌كانی ژنان له‌ عیراقدا له‌ پێناو هاندانی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان بۆ نكوڵی نه‌كردن و فه‌رامۆش نه‌كردنی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ده‌ستور بۆ ژنانی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه‌ی ئێستاش سه‌باره‌ت به‌ ده‌سكاریكردنی یاسای باری كه‌سێتی له‌ به‌غدا.

به‌شداربووانیش دانیان به‌وه‌ دا‌نا كه‌ بێبه‌شبوونی خێزانه‌كان و نه‌بوونی هێز و ئاینده‌ی ئابوری توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنن. ئه‌وان داوای چاكسازیی سیاسی و یاسایی به‌رفروانیان ده‌كرد و له‌گه‌ڵ داواكردنیشیان بۆ هه‌مواركردنی یاسای پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له‌ ئاسته‌كانی دروستكردنی بڕیاردا له‌ ناو پارته‌ سیاسییه‌كاندا . ئه‌وان پێداگریان له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی كاریگه‌رانه‌ی ژنانیش ده‌كرده‌وه‌ له‌ دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا. ئه‌وان داوای په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی گشتگریان ده‌كرد بۆ گه‌شه‌دان به‌ ژنان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌ گرتنه‌خۆی كه‌مینه‌كانیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌شیان له‌سه‌ر داواكانیان له‌ پێناو خێراكردنی پرۆسه‌ی ئاشته‌واییدا بۆ لێپێچینه‌وه‌ و دادوه‌ری بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ‌ دژی ژنان و كچان ئه‌نجامی داوه‌.

به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی پاڵپشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش كرده‌وه‌ بۆ هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو به‌ره‌وه‌پێشبردنی كارنامه‌ی ژن و ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ عیراقدا له‌گه‌ڵ پشتیگریكردنیشی له‌ جێبه‌جێكردنی "پلانی كارپێكردنی نیشتمانی"ی په‌یوه‌ست به‌ بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە‌.

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2017 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.