پێنج شەممە, 21 حوزەیران 2018 13:02

لێدوانی بەڕێز بڕونۆ گیدۆ، نوێنەری ڕێکخراوی (UNHCR) لە عیراق

هەولێر، عیراق 20-6-2018: ڕۆژی جیهانیی پەنابەران کاتێکە تەرخانکراوە بۆ ڕەنگدانەوە و هاوسۆزی دەربڕین بۆ ئەو خەڵکانەی کە بەهۆی توندووتیژی و چەوساندنەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون. لەم کاتە ناسەقامگیر و ناجێگیرەدا یادکردنەوەی پەنابەران و خەڵکی ئاوارەی ناوخۆیی گەرمترین و گرنگترین بابەتی ئێستایە.

نزیکەی ٦٨ ملیۆن کەس لە ئێستادا لەسەرانسەری جیهان بەهۆی توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ و کارەساتە سرووشتییەکانەوە ڕاگوێزراون. لە ئامارێکدا کە جێی نیگەرانییە، ساڵی ٢٠١٧ لە هەر دوو ڕۆژێکدا کەسێك ماڵی خۆی جێهێشتووە و ئاوارە بووە.

عیراق پەنای ٣٠٠٠٠٠ پەنابەری داوە. زۆرینەیان لە سووریا وە هاتوون. هەرێمی کوردستانی عیراق بۆتە جێگەی نیشتەجێبوون و حەوانەوەی لە سەدا ٩٧ ـی پەنابەرە سورییەکانی عیراق کە زۆر دڵسۆزانە باوەشی بۆ کردونەتەوە و هاوشان لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆیدا دامەزراندن و پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ فەراهەم کردوون. ئێجگار گرنگ و جێی بایەخە کە ئەو کۆمەڵگەیانەی دەرگایان بۆ پەنابەرە سورییەکان کردۆتەوە پاڵپشتی بکرێن و بەخشینی بەخشەران بۆ بنیاتنانی ئەو دەزگایانەی کە پاڵپشتیی پەنابەران و کۆمەڵگەی ناوخۆیی دەکەن زیاد بکرێت. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەرپاکردنی یەکبوونی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە لەنێو کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکی کاراتر.

باشترین چارسەر بۆ ڕاگواستنی بەزۆرەملێ بریتییە لە ئاشتی. ئاشتی ژمارەی پەنابەران و خەڵکی ئاوارەی ناوخۆ لەسەرانسەری جیهان کەم دەکاتەوە و بەشێوەیەکی بەرچاویش دید و تێڕوانینی ملیۆنان خەڵك بۆ داهاتوو باشتر دەکات.

بەڵام دوای ٧ ساڵ، توندووتیژیی سووریا نیشانەی کپبوونەوەی پێوە دیار نیە. هەموو ڕۆژێك خەڵك سنووری وڵاتەکەیان جێدەهێڵن بۆ ئەوەی دەربازبن لەدەست شەرکردن، ڕێژەی ڕاکردووان بەجۆرێکە کە دەگاتە ٧٠٠ کەس لەهەر مانگێکدا.

گەڕانەوە بۆ ئەو ٢٥٠٠٠٠ پەنابەرە سورییەی کە لە عیراق پەنادراون بژارێکی گونجاو نیە لە ئێستادا. چونکە دەرفەتەکانی دووبارە نیشتەجێبوونەوەیان سنووردارە و تەنها بۆ ئەو خەڵکانە بەردەستە کە ئێجگار دۆخناسك و بێ دەسەڵاتن. پەنابەرە سورییەکانی عیراق و ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەخۆیانەوە گرتوون بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی نادیار لە داهاتوو پێویستییان بە یارمەتی و پاڵپشتی دەبێت.

لە کاتێکدا کە قەیرانەکانی سووریا قووڵتر و درێژتر دەبنەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بە ئەقڵێکی داهێنەرانە بیر لە بەدەمەوەچوونی پەنابەران بکەینەوە. بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە کوردییەکان و دەزگا و رێکخراوە ناحکوومییە هاوبەشەکانی تر، ڕێکخراوی (UNHCR) بەدوای چارەسەری درێژخایەن و تازەدا دەگەڕێت بۆ پەنابەرانی هەرێمی کوردستانی عیراق.

لە ڕێگەی کەڵگ وەرگرتن لە کۆمەڵگەی خانەخوێ و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەهێزکردنی شێوازی پەروەردە و بە دەستهێنانی کارامەیی هیوا خوازین یارمەتی پەنابەران بدەین لە دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان. پەنابەران پێویستە بخرێنە نێو کۆمەڵگە تازەکان و دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت کە دووبارە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و درك بە تواناکانیان بکرێت.

لە کاتێکدا کە لەسەرتانسەری جیهان ڕێژەی خەڵکی ئاوارە ساڵ دوای ساڵ لە زیاد بووندایە، یارمەتیدانی پەنابەران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان پێوستە ببێتە بەرپرسیارییەتێکی هاوبەش. دەست لە ناو دەست لەگەڵ هاوبەشان و خەڵکی کورد و عیراقی و خودی کۆمەڵگەی پەنابەران ئێمە لە ڕێکخراوی (UNHCR) ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن بۆ پەنابەرانی عیراق.

لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا درک بەوە دەکەین کە هاوسۆزی لەگەڵ هەر یەکێك لە ئێمە دەست پێدەکات.


بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن پەیوەندی بکەن بە:
کەیت پۆند
٧٢٨٦ ٩٢٠ ٧٨٠ ٩٦٤+ (بەغداد)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

مستەفا ئەلدەلەوی
٨٤٦٨ ١٩٥ ٧٨٠ ٩٦٤+ (بەغداد)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ڕەشید .هاء. ڕەشید
٠٠١٤ ٧١٣ ٧٥٠ ٩٦٤+ (دهۆك)
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2018 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.