چوار شەممە, 27 حوزەیران 2018 09:47

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی توندوتیژیی سێكسیی كاتی شه‌ڕدا له‌ دایك بوون

به‌غدا، ٢٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨:- له‌ رۆژانی ٢٥و٢٦ی ئه‌م مانگه‌، خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووەكان و حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژێر سه‌رباسی "ماف و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌كاتی شه‌ڕدا له‌ دایك بوون"دا به‌ دوو چالاكیی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر یادی "رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسی لە شه‌ڕدا"یان كرده‌وه‌. شایانی باسه‌، ئه‌مه‌ سێهه‌م‌ چالاكیی جیهانییه‌ و یه‌كه‌میشه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ به‌ فه‌رمی یادی بكرێته‌وه‌ دوای رزگاركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ده‌ست داعش (ده‌و‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دا بوون.

خاتو ئالیس وۆڵپۆل، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن لە عیراق، كه‌ له‌ به‌غداوه‌ قسه‌ی ده‌كرد، داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ی كرد كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌ دایك بوون.

ئه‌و خاتوونه‌ وتی "به‌داخه‌وه‌، ژنان و منداڵان گورزی كوشنده‌یان له‌ شه‌ڕه‌كان به‌رده‌كه‌وێت و كۆژانی ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ژیاون له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ و كۆژانی ئه‌و منداڵانه‌ش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ په‌راوێز بخرێن و وه‌ك هاوكاری داعش نه‌ك وه‌ك قوربانی سه‌یر بكرێن."

ئه‌و زیاتر وتی "هه‌ر بۆیه‌ من داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌م كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و یاسایی شكۆ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌ دایك بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م په‌راوێز نه‌خرێن و هه‌میش به‌سووك سه‌یر نه‌كرێن."

ئه‌و زیاتر له‌سه‌ری رۆیشت و وتی ئه‌ركی پێسپێردراوی یونامی، كه‌ له‌ ١٤ی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ بڕیاری ژماره‌ ٢٤٢١ تازه‌ كرایه‌وه،‌ به‌ ڕوونی فه‌رمانی هاوكاریكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق و تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵات به‌ یونامی ده‌دات بۆ به‌هێزكردنی پاراستنی منداڵ به‌گرتنه‌خۆی شیاندنه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی منداڵان به‌ كۆمه‌ڵگای عیراقی.

لای خۆشیه‌وه‌، به‌ڕێز پێته‌ر هۆكینس، نوێنه‌ری رێكخراوی یونیسێف له‌ عیراق، وتی "وێڕای هه‌بوونی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ پێدانی ناسنامه‌ به‌و‌ منداڵانه‌ به‌ڵام له‌ رووی كرده‌نییه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م جۆره‌ به‌ڵگانه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌تیدان و جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ داوا له‌ ژنان ده‌كات ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه‌ به‌ ئاشكرا بیگێرنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌رووی كه‌لتور و ئاین و هۆزه‌وه‌ زۆر ئازاربه‌خشه‌."

ئه‌و زیاتر وتی كه‌ پێدانی ناسنامه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵان و پێنه‌دانی كاریگه‌ریی درێژخایه‌نیشی ده‌بێت به‌و پێیه‌ی منداڵان بێ ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌ی پێویست ناتوانن له‌ خزمه‌ته‌كانی ته‌ندروستی و فێركردن و ئی تر سوودمەندبن.

هه‌روه‌ها، نێستۆر ئۆموهانگی، جێگری نوێنه‌ری رێكخرای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووەكان بۆ دانیشتوان (یو ئین ئێف پی ئه‌ی)، وتی " ئێستا له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی ده‌ستدرێژیی سێكسی و به‌شودانی زۆره‌ملێ له‌ دایك بوون تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ بوون و هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ری توشبوونیان به‌ په‌ڕگیری و بازرگانیی مرۆیی و به‌كارهێنان زۆره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش دواجار كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایش ده‌بێت. پره‌نسیپی هه‌ره‌سه‌ره‌كیی جارنامه‌ی مافه‌كانی منداڵانی ساڵی ١٩٨٩،كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ بێت، بریتییه‌ له‌ دابینكردنی سه‌لامه‌تی و خۆشگوزه‌رانی بۆ منداڵان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانیانە."

ئه‌و زیاتر وتی "له‌م بارودۆخه‌دا، چه‌ندان ده‌ستپێشخه‌ری له‌ ئارادان كه‌ مایه‌ی ستایشن. بۆ نمونه‌، ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ئاینییه‌ و فتوایه‌ی كه‌ به‌ڕێزبه‌ندی له‌لایه‌ن بابه‌ شێخ و سه‌رۆكی وه‌قفی سوننه له‌ ٢٠١٧ ده‌رچوون سه‌باره‌ت به‌ قبوڵكردنی رزگاربووانی توندوتیژیی سێكسی هه‌نگاوی گرنگن كه‌ پێویسته‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌ قبوڵكردنی منداڵانی ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌شه‌ڕدا دووباره‌ بكرێنه‌وه‌."

له‌ساڵی ٢٠١٦دا، حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رێككه‌و‌تننامه‌یه‌كیان واژۆ كرد بۆ هاوكاری كه‌ به‌ "راگه‌یاندنی هاوبه‌ش"ناسراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌هاناوه‌چوونی توندوتیژیی كاتی شه‌ڕ له‌ عیراقدا. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ٦ كاری سه‌رلیست ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ پێویسته‌ خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی عیراق پێیانه‌وه‌ پابه‌ند بن. سێهه‌م كاری سه‌رلیستیش بریتییه‌ له‌ دابینكردنی خزمه‌ته‌كان و ژیان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاربووان و منداڵانی ده‌ستدرێژیی سێكسی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، راگه‌یاندنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ سه‌كۆیه‌ك دابین ده‌كات بۆ كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ چه‌ندان په‌یوه‌ندداری جۆراوجۆری وه‌ك سه‌ركرده‌ هۆزی و ئاینییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ پێشپێگرتن و سووككردنی ئازاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ توندوتیژیی سێكسیی لە كاتی شه‌ڕدا.

خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ی دابینكردنی هاوكاری پێویسته‌ بۆ دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێكردنی گشتگرانه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنه‌ هاوبه‌شه‌ به‌گرتنه‌خۆی پاراستنی مافه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌دایك بوون و هه‌روه‌ها له‌ پێناو پاراستنی منداڵ به شیاندنه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردنیشه‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵگای عیراقییه‌وه‌.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌:
به‌ڕێز خالید ده‌هه‌ب، جێگری به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن وجێگری وته‌بێژی (یونامی) ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦
خاتو له‌یلا عه‌لی له‌ رێكخراوی یونیسێف به‌ ئیمه‌یلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٧٨٠٩٢٥٨٥٤٢
خاتو سه‌لوا موسا له‌ رێكخراوی (یۆ ئێن ئێف پی ئه‌ی) عیراق به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٧٥١٧٤٠١٥٤٥

© 2018 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.