یەک شەممە, 09 ئەیلول 2018 11:54

یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، ئیدانه‌ی توندوتیژییه‌كانی به‌سره‌ ده‌كات كه‌ زیان به‌ پێویستییه‌كانی خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نن و داواش له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات بۆ گرتنه‌به‌ری كاری شێلگیرانه‌ بۆ رێزگرتن له‌ ماف

به‌غدا، ٨ی ئه‌یلولی ٢٠١٨- بەڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، ئیدانه‌ی توندوتیژیی و پشێوییه‌كانی رۆژانی ئه‌مدواییه‌ی به‌سڕه‌ ده‌كات هه‌ر له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر حكومه‌ت و نوسینگه‌كانی پارته‌ سیاسییه‌كان و راگه‌یاندنه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و فرۆكه‌خانه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ر تاڵانكردنی كونسولخانە‌ی ئێران و هێرشكردنه‌ سه‌ر موڵكی گشتی و تایبه‌ت. له‌ راستیدا ئه‌م جۆره‌ كاره‌ توندوتیژییانه‌ هیچ سوودێك به‌ داوا ره‌واكانی خه‌ڵك ناگه‌یه‌نن بۆ خزمه‌ت وهه‌لی كار و دژه‌ گه‌نده‌ڵی و بگره‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی زیان بۆ داوا ره‌واكان و خواسته‌كان بۆ ژیانێكی شكۆمه‌ند و ئاشتییانه‌.

وێڕای پشتگیریكردنی له‌ داوا ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ به‌سڕه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێز كوبیش داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كات بۆ دابینكردنی یاسا و سه‌قامگیری و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توند دژی هانده‌رانی توندوتیژی و ئاژاوه‌گێران و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ پلانێكی سیاسیی تێكده‌رانه‌ خۆیان خزاندۆته‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان به‌مه‌به‌ستی چاندنی تۆوی ئاژاوه‌. هێزه‌كانی ئاسایشیش پێویسته‌ خۆپیشانده‌ره‌ راسته‌قینه‌كان بپارێزن و به‌گوێره‌ی رێزگرتنی ته‌واو له‌ یاسا و مافه‌كانی مرۆڤیش هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. ئه‌و هه‌روه‌ها داوا له‌حكومه‌تی عیراق ده‌كات بۆ نانی هه‌نگاوی پێویست بۆ پاراستنی كونسولخانه‌كان و دیپلۆماتكاران و موڵكی گشتی و تایبه‌ت. ده‌سه‌ڵاتداران پێشبینی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كان بكه‌ن و ده‌ستنیشانی ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژی بكه‌ن له‌گه‌ڵ په‌لكێشكردنی ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌پشت ئه‌م كاره‌ توندوتیژییانه‌وه‌ن بۆ دادگا.

به‌ڕێز كوبیش ده‌نگی خۆی ده‌خاته‌ پاڵ ده‌نگی جه‌نابی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی به‌ داواكردنی بۆ خۆدوورگرتن له‌ توندوتیژی و زیانگه‌یاندن به‌ موڵكی گشتی و تایبه‌ت و هه‌روەها بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بۆ جێبه‌جێكردنی داوا ره‌واكانی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ و دڵنیایی لای خه‌ڵك دروست بێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ هێوركردنه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ نراوه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها داوا له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیش ده‌كات بۆ گوێگرتن له‌مه‌ و راسپارده‌كانی تری مه‌رجه‌عییه‌.

به‌ڕێز كوبیش داوا له‌سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ تازه‌هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات كه‌ له‌ ئاستی پێشبینییه‌كانی خه‌ڵكدا بن به‌ جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیاری و كاركردنی پێكه‌وه‌یی بۆ ئاوڕدانه‌و له‌ پێویستییه‌كانی خه‌ڵك و پێشگرتن له‌ پێشێوی و جه‌مسه‌ربه‌ندی. ئه‌و هه‌روه‌ها هانیان ده‌دات بۆ خێراكردن له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ر ٣ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی وڵات و پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتیمانی و چاكسازخواز كه‌ بتوانێت هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بۆ سووككردنی ئازاره‌كانی خه‌ڵك بنێت. ئه‌گه‌ر نا درزی نێوان خه‌ڵك و ده‌سته‌بژێری سیاسی ئه‌وه‌نده‌ فراوان ده‌بێت كه‌ سیسته‌می سیاسی و سه‌ركرده‌كانیش تووشی مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی متمانه‌ و پشتگیری خه‌ڵك ده‌كاته‌وه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، زۆر دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌بێته‌ هۆی پشێوی و دروستبوونی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌مه‌ی سیاسی و كاری تۆقاندن و توندوتیژی كه‌ دواجار ئه‌مانیش ده‌بنه‌ مایه‌ی له‌ناوبردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی.

***

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.