یەک شەممە, 09 ئەیلول 2018 00:00

به‌ڕێز كه‌ریم خان، راوێژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی تیمی لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش، كۆتایی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عیراق ده‌هێنێت و جه‌ختیش له‌سه‌ر ناوه‌ندبوونی دادوه‌ری و لێپێچینه‌وه‌ ده‌كات بۆ سه‌قامگیریی ئاینده‌ له‌ عیراق

(به‌غدا / نیویۆرك، ٦ی ئه‌یلولی ٢٠١٨) به‌ڕێز كه‌ریم خان، راوێژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام) به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ٢٣٧٩ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌مدواییه‌دا سه‌ردانی عیراقی كرد و راسته‌وخۆ چه‌ندان چیرۆكی ناخهه‌ژێنی له‌ رزگاربووانی ده‌ستی داعشه‌وه‌ بیست. به‌ڕێز خان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستبوونی دڵنیابوون كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ رزگاربووانی توندوتیژییه‌كانی شه‌ڕ پارێزراون و خواسته‌كانیان به‌ره‌وپێش چووه‌ و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ش په‌لكێشی دادگا كراون.

به‌ڕێز خان له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌ نێوان ٦ تا ١٤ی مانگی ئابدا چاوی به‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی جێبه‌جێكار و به‌شه‌كانی یاسادانان و دادوه‌ریی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئاستی فیدرالی و هه‌رێمی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر و دهۆك كه‌وت. ئه‌و راسته‌وخۆ چاوی به‌ رزگاربووان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و خه‌ڵكی كریستیان و شیعه‌ و سوننه‌ و توركمان و كاكه‌یی و ئێزیدیش كه‌وت.

بەڕێزیان وتیان "له‌ راستیدا عیراقییه‌كان كۆژانێكی زۆریان له‌ده‌ست توندوتیژی و چه‌وسانه‌وه‌ی داعش بینیوه‌ و زیانه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ش له‌راده‌به‌ده‌رن. من باش ده‌زانم كه‌ شوێنه‌واره‌كانی ‌ئازاری برینی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ هه‌تا دوای چاره‌سه‌ریش هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌. راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌وه‌ی‌ رابردوو پێویستی به‌ رێوشوێنی زۆر هه‌یه‌. چه‌ندان به‌شی جیاوازی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌شداریكردن هه‌ر به‌ چالاكانه‌ ده‌مێننه‌وه‌. ئه‌ركی پێسپێردراوی من یه‌ك ئامانجی هه‌یه‌ و ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ دابینكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتگر و متمانه‌دار‌ به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی دروست ده‌ستنیشانی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش بكه‌ین كه‌ له‌م تاوانانه‌وه‌ گلاون به‌ مه‌به‌ستی لێپێچینه‌وه‌ی دادوه‌رانه‌ كه‌ پشت به‌ به‌ڵگه‌ ببه‌ستێت. هه‌بوونی تۆمارێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری زیانه‌كان و ده‌رخستنی تاوانه‌كانی داعش كه‌ بۆ چه‌ندان نه‌وه‌ لێره‌ به‌دواوه‌‌ به‌رگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بگرێت زۆر پێویسته‌."

سه‌باره‌ت به‌ پرسی رزگاربووانی ده‌ستی داعشیش، به‌ڕێز خان وتی " بێگومان ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین ئه‌و پاڵه‌وانییانه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ندان رزگاربووی كۆمه‌ڵگاكانه‌و ئه‌نجامدراون. من چاوم به‌ هه‌ندێ له‌و رزگاربووانه‌ كه‌وت كه‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و تاوانه‌ن. ئه‌مانه‌ زۆر قاره‌مانانه‌ راستییه‌كانیان ده‌رخست بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مێژوودا ئه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌ تۆمار بكرێن كه‌ شایسته‌ی سوپاس و پشتگیریی ته‌واوی ئێمه‌ن. به‌ڕای من ئه‌وانه‌ به‌ڕاستی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ن كه‌ بێ پشتیگری و به‌شداریی ئه‌وان پرۆسه‌ی لێپێچینه‌وه‌ی دروست‌ هه‌رگیز ئه‌نجام نادرێت. له‌مباره‌وه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌موومان دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ له‌كه‌ و ناوپیسبوون پێویسته‌ به‌ تاوانبارانه‌وه‌ بلكێنرێن نه‌ك به‌ قوربانییانه‌وه‌. رزگاربووان پێویسته‌ بپارێزرێن و پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و دادوه‌ری نه‌بێته‌ مایه‌ی ئازارپێگه‌یاندنه‌ویان. ئێمه‌ چی له‌ده‌ستمان بێت بۆ به‌شداربوون له‌گه‌ڵ قوربانییان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ته‌واوی ئه‌م پێداویستییانه‌ ده‌یكه‌ین ". ‌

سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێز خان پێشه‌كییه‌ك بوو بۆ ده‌ستكردن به‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و "تیم"ه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ و پاراستن و هەڵگرتنی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی داعش كه‌ ره‌نگه‌ بچنه‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و دژه‌ مرۆیی و كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌. به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ٢٣٧٩ (٢٠١٧) ش، كه‌ ئه‌م "تیم"ه‌ی پێكهێناوه‌، "راوێژكاری تایبه‌ت" لێپێچینه‌وه‌ دەکات بۆ ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی تاوانی قێزه‌ون كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراون و كاركردنی هاوته‌ریبانه‌ له‌گه‌ڵ رزگاربووان به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یاسا په‌یوه‌ندداره‌كاندا گونجاو بێت بۆ دابینكردنی ناساندنی ته‌واو كه‌ له به‌‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا بێت.

تیمەکە به‌ رێزگرتنی ته‌واو له‌ سه‌روه‌ریی عیراق و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ ‌ سه‌ر خاكی خۆیدا ئه‌نجامدراون كار ده‌كات. دادوه‌ره‌ لێكۆڵه‌ره‌ عیراقییه‌كان و شاره‌زایانی تری بواری تاوان ده‌ستنیشان ده‌كرێن بۆ كاركردن شانبه‌شانی شاره‌زایانی جیهانی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌و‌ تیمه‌دا‌‌. "راوێژكاری تایبه‌ت" له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا گه‌شه‌ به‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌دات. تیمەکە به‌ فه‌رمی له‌ ٢٠ی ئابی ٢٠١٨ەوە ده‌ست به‌كاربووه‌.

لای خۆشیه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داوا له‌ وڵاتانی ئه‌ندام و رێكخراوه‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كان ده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیی یاسایی گونجاو و تواناسازی بۆ حكومه‌تی عیراق له‌ پێناو به‌هێزكردنی دادگاكانی و سیسته‌می دادوه‌رییه‌كه‌ی و داواش له‌ وڵاتانی تر ده‌كات كه‌ هاوكاریی ئه‌و تیمه‌ بكه‌ن له‌رووی یارمه‌تیی یاسایی دوولایه‌نه‌وه‌.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.