شەممە, 15 ئەیلول 2018 14:47

دەستەی ئامارى هەرێمى كوردستان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دانيشتوان و راپۆرتى رووپێوى دێمۆگرافی له هەرێمی کوردستانی عێراق رادهگەیێنن

رووپێوى ديموگرافى له‌ هه‌رێمى كوردستان/عێراق زانياريى گشتگير له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى ديموگرافياى دانيشتوان، كاركه‌رى، داهات، خاوه‌ندارێتيى خانوو، كه‌رسته‌ى ناوماڵ، خوێنده‌وارى و ئاستى خوێندن ده‌خاته‌ به‌رده‌ست.
ئه‌م رووپێوه‌ كۆمه‌ڵايه‌تى-ديموگرافييه يه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترين كاره‌ ئامارييه‌كانه‌ كه‌ له‌ 1987 به‌دواوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، زانياريى له‌باره‌ى 12,699 خێزان كۆ كردۆته‌وه‌ كه‌ خێزانه‌ نيشته‌جێبووه‌ هه‌ميشه‌ييه‌كان و ئاواره‌كانى هه‌ر سێ پارێزگاى دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانيى گرتۆته‌ خۆى.

ئه‌م رووپێوه‌ له‌ كاتێكى گونجاودا بووه‌، كه‌ وڵات له‌ ده‌رچوون بووه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئاسته‌نگه‌ ئابورييه‌كان؛ له‌ كاتێكدا به‌شێكى به‌رچاوى خێزانه‌ ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ياخود به‌نيازى گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ شوێنى خۆيان. شه‌ڕى دژى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و شام (داعش) له‌ ساڵانى 2014-2017 كاريگه‌رييه‌كى قووڵى هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانى عێراق: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى قه‌يرانه‌كه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان په‌ناگه‌ى بۆ زياتر له‌ يه‌ك مليۆن ئاواره‌ى عێراقى ده‌سته‌به‌ر كرد و به‌ شێوه‌يه‌كى به‌رده‌وام مێوانداريى 800,000 ئاواره‌ى ناوخۆيى كردووه‌.

دكتۆر عه‌لى سندى، وه‌زيرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وتى: ’’زانيارييه‌كانى ئه‌م رووپێوه‌ بناغه‌يه‌كيان بۆ كاره‌ ئامارييه‌كانى داهاتوو داناوه‌، و هاوكاريى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ پلاندانانى باشتر و دابه‌شكردنى سه‌رچاوه‌كان به‌ شێوه‌يه‌ى رێكتر.‘‘

به‌ڕێز جيرارد وايت، سه‌رۆكى نێرده‌ى رێكخراوى نێوده‌وله‌تيى كۆچ، ده‌ڵێت: ’’ئه‌م رووپێوه‌ هه‌وڵێكى هاوبه‌شى راسته‌قينه‌يه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان و هيوادارين پشكى هه‌بێت له‌ ده‌ستنيشانكردنى پێويستييه‌كانى زۆربه‌ى خێزانه‌ ناسه‌قامگيره‌كان له‌م قۆناغه‌ى دواى قه‌يراندا.‘‘

هه‌روه‌ها به‌ڕێز راماناتان بالاكريشنان، نوێنه‌رى سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان له‌ عێراق، وتى: ’’ئه‌م رووپێوه‌ ديموگرافييه‌ پێويستييه‌كانى تازه‌كردنه‌وه‌ى ئاماره‌كانى دانيشتوان و كۆمه‌لايه‌تى-ئابورى ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و هه‌روه‌ها وه‌كو نه‌خشه‌ڕێگايه‌ك بۆ داهاتوو، پێشخستنى سياسه‌ته‌كان و پلاندانان خزمه‌ت به‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هاوبه‌شه‌كان ده‌كات.‘‘

ئه‌م رووپێوه‌ به‌ هاوكاريى نێوان ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان (KRSO) كه‌ به‌شێكه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ ئاژانسى كۆچى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان (IOM) و سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان (UNFPA) ئه‌نجامدرا‌. داتاكان له‌ نێوان تشرينى يه‌كه‌م و دووه‌مى 2017 دا كۆ كراونه‌ته‌وه‌.

نووسينگه‌ى دانيشتوان، په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا و هه‌روه‌ها سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان پاڵپشتيى بلاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م راپۆرته‌يان كردووه‌.

ده‌ركه‌وته‌ سه‌ره‌كييه‌كان و ئاماره‌كان:

· 87% ى خێزانه‌كان داهاتى مانگانه‌يان كه‌متره‌ له‌ 1,000,000 دينارى عێراقى (كه‌ ده‌كاته‌ نزيكه‌ى 850 دۆلارى ئه‌مريكى).

· زياتر له‌ 20% ى گه‌نجان (له‌ ته‌مه‌نى 18-34 ساڵ) كه‌ كاريان نييه‌ ئاماژه‌يان داوه‌ كه‌ هيچ ئۆمێدێكيان به‌ دۆزينه‌وه‌ى كار نه‌ماوه‌.

· له‌ نێو سه‌رۆك خێزانه‌كاندا، 27% ئاماژه‌يان به‌وه داوه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌ى به‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنيان له‌ رووپێوه‌كه‌ كاريان نه‌كردووه‌.

· زياتر له‌ 40% ى دانيشتوانى ته‌مه‌ن 15 بۆ 64 ساڵى هه‌رێمى كوردستان به‌شى چاڵاكى هێزى كار پێكدێنن. نزيكه‌ى نيوه‌ى دانيشتوانى كاركه‌ر له‌ كه‌رتى حكوميدا كار ده‌كه‌ن.

· داتاكه‌ به‌ گشتى نيشان ده‌دات كه‌ قه‌باره‌ى خێزان له‌ هه‌رێمى كوردستان بريتييه‌ له‌ 5.1 ئه‌ندام.

· 35% ى دانيشتوان له‌ خوار ته‌مه‌نى 15 ساڵيدايه‌، 61% له‌ گروپى ته‌مه‌نى 15-64 ساڵيدايه‌ كه‌ له‌ رووى هێزى كاره‌وه‌ چالاكن و 4% يش له‌ ته‌مه‌نى 65 ساڵ و سه‌رووترن.

· خێزانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا ستانده‌رى شياوى ژيانيان هه‌يه‌: نزيكه‌ى هه‌موويان خاوه‌نى كه‌ڵوپه‌ڵى باوى نێوماڵن (ته‌له‌ڤزيون، چێشتلێنه‌رى غازى يان به‌فرگر)، سێ له‌سه‌ر چوارى خێزانه‌كان خاوه‌نى ئه‌و خانووه‌ن كه‌ تێيدا ده‌ژين –كه‌ گرێدراون به‌ تۆڕى گشتيى ئاو (90%) و تۆڕى نيشتيمانيى كاره‌با و هه‌روه‌ها زێرابيان هه‌يه‌.


بۆ زانياريى زياتر، تكايه‌ په‌يوه‌ندى بكه‌ به‌:
رێكخراوى نێوده‌وله‌تيى كۆچ (IOM): ساندرا بلاك، به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كان، مۆبايل: 009647512342550؛ ئيمێل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان: گوهدار محمدعلى سعيد، به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كار، ته‌له‌فۆن: 8840 ؛ ئيمێل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان (UNFPA): سه‌لوا موسا، پسپۆڕى په‌يوه‌ندييه‌كان، ته‌له‌فۆن: 009647511545 ؛ ئيمێل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.