ئەم پەڕەیە چاپ بکە
چوار شەممە, 03 تشرینی یەکەم 2018 08:47

بەڕێز کوبیشی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی لە بەڕێز بەرهەم ساڵح دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی عیراق و داواش دەکات پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ

بەغدا، عیراق، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ – بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی لە بەڕێز بەرهەم ساڵح دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی کۆماری عیراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە . نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و هەموو بەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی کارکردنن لەگەڵ سەرۆکی نوێ بۆ زامنکردن و جێبەجێکردنی دەستوور بۆ بەهێزترکردنی عیراق وەک دەوڵەتێکی یەکپارچە و فیدڕاڵی و دیموکراسی و بۆ پشتگیری کردنیشی لە چاکسازی دوای جەنگ و دووبارە بنیاتنانەوە و هەڵسانەوەی وڵاتەکە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی عیراق.

بەڕێز کوبیش دەستخۆشی لە کاندیدان دەکات بۆ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیان لە کاتی ڕکابەریکردن بۆ ئەم پۆستە و هەروەها هەوڵ و ماندووبوونی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە سەرۆکایەتی بەڕێز محەمەد حەلبوسی بەرز دەنرخێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە ماوەی دیاریکراوی دەستووریدا.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرکردە دەستوورییەکان و هێزە سیاسییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران دەکات کە پرۆسەکە خێرابکەن، بەهەمان گڕوتین وپابەندبوون بە ماوەی دیاریکراوی دەستوورییەوە، لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و دواتریش بە پێکهێنانی حکومەتی چاکساز و نامەزهەبی و نیشتیمانی کە بەندبێت لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و هەماهەنگی نێوان پێکهاتە و گروپە جیاوازەکانی عیراق و هەروەها لەسەر بنەماکانی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لە ماف و بەرپرسیاریەتی و دەرفەتدا. ئەم جۆرە حکومەتە دەتوانێت وڵاتەکە یەکبخاتەوە و مامەڵە لەگەڵ چاکسازی ڕیشەیی لە بواری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە دڵنیایی بدات بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی بووژاندنەوەی ئابووریی و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی و داهاتوویەکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی عیراق بەدەستبهێنێت. هەروەها ئەو حکومەتە دەتوانێت سەربەخۆیی و بەرژەوەندییی وڵاتەکە بپارێزێت بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی و پشتگیریکارانی نێودەوڵەتی و سەروەریی وڵاتەکەشی بپارێزێت.

********
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١