سێ شەممە, 13 تشرینی دووەم 2018 14:45

یونامی ده‌سخۆشی له‌ گێڕانه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی دۆزراوه‌ بۆ كوێت ده‌كات گرنگ

به‌غدا، عیراق، ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ -یونامی ده‌سخۆشی له‌ بڕیاره‌كه‌ی عیراق ده‌كات به‌ گێڕانه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كان بۆ كوێت له‌ رێوڕه‌سمێكی راده‌ستكردن كه‌ ئه‌مڕۆ بە ئامادەبوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌‌ شاری كوێت به‌ڕێوه‌چوو .

له‌مباره‌وه‌ خاتو ئالیس وۆلپۆلی جێگری نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێینی حكومه‌تی عیراقه‌ وه‌ك جێبه‌جێكردنی بڕیاری ٢١٠٧ (٢٠١٣)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. ئه‌م هه‌نگاوه‌ بڕیاری هه‌ردوو وڵات بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوانیان نیشان ده‌دا له‌ پێناو له‌بیربردنه‌وه‌ی رووداوی رابردووی وه‌ك داگیركردن و توندوتیژیی هه‌روه‌ك چۆن نیشانده‌ری باشترین په‌یوه‌ندیی دراوسێیه‌تیشه‌."

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی كتێب و كه‌لوپه‌لی تر زیاتر له‌ ساڵێكی خایاند. هه‌ر چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای ده‌سبه‌كاربوونییشی جه‌نابی موحه‌مه‌د ئه‌لحه‌كیمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌وڵێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌نجامدا بۆ دابینكردنی خێرایی له‌م پرسه‌ گرنگ و ئاڵۆزه‌ی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ كوێتدا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، یونامیش به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ وه‌ك چاودێر له‌م پرۆسه‌یه‌ به‌شداری كرد بۆ ئاسانكردنی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌كردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان. وێڕای ده‌ستخۆشی كردنی له‌ عیراق بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ و پابه‌ندییان به‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ كوێت، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختیش له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ گه‌ڕان ده‌كاته‌وه‌ به‌دوای ئه‌رشیفی گرانبه‌های كوێت.

خاتوو وۆڵپۆل هه‌روه‌ها وتی كه‌ وێڕای پشتگیریی دڵسۆزانه‌ی كوێت و نیشاندانی پابه‌ندیی بۆ پابه‌ندییه جیهانی و مرۆیییه‌كانی عیراق، ئاساییكردنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كان كاتێك ده‌بێت كه‌ هه‌موو پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن‌


****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.