یەک شەممە, 02 ئەیلول 2018 00:00

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەری تایبەتی نوێ بۆ عیراق دادەمەزرێنێت گرنگ

بەغدا، عیراق، ٣١ی ئابی ٢٠١٨ – سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت وەک نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) دادەمەزرێنێت. نوێنەری تایبەتی ئێستای، بەڕێز یان کوبیش، بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) تاکو کۆتایی ئەم ساڵ. ئەمەی خوارەوە ڕاگەیاندراوی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە:

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خاتو جینین هێنیس-پلاسخارتی هۆڵەندی وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق دامەزراند

بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارتی هۆڵەندی وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) دامەزراندووە. ئەو خاتونە جێگرەوەی بەڕێز یان کوبیشی سلۆڤاکییە کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی خزمەتەکەی دەکات.

خاتو هێنیس-پلاسخارت ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا هەیە و پێشتریش لە چەندان پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیدا خزمەتی هەبووە. لە ماوەی نێوان ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، کە یەکەم ئافرەت بووە لەو پۆستە دابمەزرێت. وەک وەزیرێک، بەڕێزیان بەرپرسی دەستەی ئەرکانی ناوەندی و فەرماندەیی پاڵپشتی و ڕێکخستنی کاروباری بەرگری و فەرماندەی هەر چوار هێزە چەکدارەکانی شانشینی هۆڵەندا بووە، وەک: سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و ‌ پۆلیسی سەربازی و سنوور. لەم ڕۆڵەدا، بەڕێزیان سەرپەرشتی بەشداری هۆڵەندای کردووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە وڵاتی مالی و ئەفغانستان و عیراق، هەروەها لە نزیکەوە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوڕوپا و ڕێکخراوی ڕێککەوتنی باکوری ئەتلەنتی و هاوبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

خاتو هێنیس-پلاسخارت بەهەمان شێوە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٢ خزمەتی کردووە و هەروەها لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوڕوپا بووە. بەڕێزیان لە کۆمسیۆنی ئەوڕوپا لە شاری برۆکسل و شاری ریگای پایتەختی لاتڤیا و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شاری ئەمستردام کاریکردووە.

نیویۆرک، ٣١ی ئابی ٢٠١٨

***************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.