به‌غداد، ٢٦ی ته‌موزی ٢٠١٠: به بۆنه‌ی ده‌یه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره ١٣٢٥ له‌گه‌ڵ "رۆژی كراوه‌ی جیهانی بۆ ئاشتی و ژنان"، رێكخراوی یونامی و "فه‌ندی گه‌شه‌پێدانی ژنانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UNIFEM) و"هێزی كاری جێنده‌ری سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی عیراق" مێزگرده تاوتوێیه‌كیان له گه‌ڵ چالاكوانانی بواری ژنان و سه‌ركرده‌كان و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانان ئه‌نجامدا. دانیشتنه‌كه گفتوگۆیه‌كی لێكه‌وته‌وه كه بووه مایه‌ی ده‌ربڕینی نیگه‌رانی و خستنه‌رووی چه‌ند شێواز و راسپارده‌یه‌كیش به مه‌به‌ستی زیادكردنی به‌شداریكردنی ژنان له چاره‌سه‌ری شه‌ڕ و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و دروستكردنی ئاشتیدا.
له میانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاد مێلكه‌رته‌وه سه‌رپه‌رشتی كرا، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ژن كه نوێنه‌ری حكومه‌تی عیراق و كۆمه‌ڵگاكانی مه‌ده‌نییان ده‌كرد هه‌مان په‌یامیان له به‌ره‌وپێشبردنی ده‌وری ژنان له وڵات‌دا دووباره كرده‌وه. هه‌ر قسه‌كه‌رێكیش چه‌ند راسپارده‌یه‌كی تۆكمه‌ی خسته روو بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان كه تێیدا ده‌وری ژنان شانبه‌شانی ده‌وری هاوتا نێره‌كه‌ی بڕوات.
له‌مباره‌شه‌وه، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ژنان به وه‌كاله‌ت د. خلود ئه‌لماجون جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر گرنگی گۆڕینی وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت بو كاروباری ژنان بۆ وه‌زاره‌تێكی ته‌واوكارا له‌گه‌ڵ په‌سندكردنی بودجه‌یه‌كیش كه بتوانێ به‌رنامه‌كانی بۆ به‌هێزكردنی ژنانی پێ جیبه‌جێ بكات. ئه‌و به پێداگرییه‌وه وتی "ئه‌مه‌ش پێویسته له رێگه‌ی یاسایه‌كی په‌یوه‌نداره‌وه جێبه‌جێ بكرێت و ئێمه‌ش به‌و هیوایه‌ین كه یارمه‌تی ته‌كنیكی و شاره‌زایی له بواره‌كانی گفتوگۆ و ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی و تواناسازیمان پێ بدرێت.
ئه‌ندامی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری په‌رله‌مانتاره ژنه‌كانی به‌غدادیش حه‌نان ئه‌لفه‌تلاوی له قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی ئه‌و هه‌نگاوانه كرده‌وه كه حكومه‌ت ناویه‌تی له پێناو لێكۆڵینه‌وه له دۆخی دژواری ژنان له عیراقدا. ئه‌و به تایبه‌تیش ئاماژه‌ی به ٢٥٪ كۆتای ژنان كرد له ئه‌نجومه‌نه په‌رله‌مانییه‌كانی پارێزگاكاندا. ئه‌و هه‌روه‌ها وتی "پێویسته جه‌خت بكرێته‌وه له‌سه‌ر پشتگیریكردنی ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردراوه‌كانی پارێزگاكان له دانی ده‌وری گرنگتر به ژنان به‌ره‌و هێنانه‌دی ئاشتی له رێگه‌ی چه‌ند یاسایه‌كی پێویست به مه‌به‌ستی پاراستنی ژنان له گشت بواره‌كاندا.
وه‌ك ده‌نگێكیش له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه، سكرتێری رێكخراوی ئه‌مه‌لی عیراقی ئامال ئیدوار راسپارده‌ی په‌یڕه‌وكردنی جاڕنامه جیهانییه‌كانی په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤی كرد و وتی " به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌ته‌كانمان و سه‌رخستنی چالاكییه‌كانمان له پیاده‌كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان، گرووپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یوه‌نداران پێویسته یارمه‌تییه دراییه‌كانیان بۆرێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ژنان له عیراقدا بكه‌نه كاری له‌پێشینه‌یان به گوێره‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره ١٣٢٥."
مێزگرده‌كه هه‌روه‌ها بووه مایه‌ی به‌شداربوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كه تێیدا ئه‌ندام په‌رله‌مان خاتو سه‌میره گۆران ره‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر دید و بۆچوونه‌كانی هاوتاكانی ده‌ربڕی. به‌پێداگرتن له‌سه‌ر پێویستبونی نانی هه‌نگاوی ستراتیژیش به گوێره‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره ١٣٢٥، ئه‌و خاتوونه وتی "پێویسته ژنان له ده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌شدا وه‌ك زانكۆكان نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت و ئه‌و پله‌وپایه گرنگانه‌ش بگرنه ده‌ست كه له كۆمه‌ڵگادا ده‌یانكاته پێشه‌نگ.
وێڕای گوێگرتنیشی له‌و دید و راسپاردانه‌ی كه له‌لایه‌ن سه‌ركرده ژنه ئاماده‌بووه‌كانه‌وه خرایه روو، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاد مێلكه‌رت وتی "تاوتوێكردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌یانی بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زۆر گرنگ بوو چونكه راسته‌وخۆ گوێمان له ژنه عیراقییانه گرت كه چ له رێگه‌ی حكومه‌ت و چ له‌رێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه بوونه‌ته پێشه‌نگ له خستنه‌ڕوو و به‌ره‌وپێشبردنی ده‌وری ژنان له كۆمه‌ڵگادا." هه‌روه‌ها ئه‌و نوێنه‌ره به‌ڕێزه ئاره‌زووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشی ده‌ربڕی له‌سه‌ر پشتگیریكردنی راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌گه‌ر بلوێ به‌گوێره‌ی ئه‌ركه‌پێسپێردراو (ماندێت) ی یونامی له عیراق و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره ١٣٢٥.