ئەم پەڕەیە چاپ بکە
دوو شەممە, 20 کانونی دووەم 2020 08:40

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق داوای هه‌نگاونان بۆ چاكسازی و هێشتنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ هێمنی ده‌كات

به‌غدا، ٢٠ی كانونی دووه‌می ٢٠٢٠:- به‌و پێیه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق وا پێ ده‌نێنه‌ مانگی چواره‌میان، خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، داوای ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ چاكسازی ده‌كات و نێگه‌رانی خۆشی سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌شی له‌سه‌ر گرنگیی هه‌نگاونانی به‌ره‌وپێش بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی عیراق. ر استه‌ پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگادا تارادده‌یه‌ك سه‌خته‌ به‌ڵام له‌وپه‌ڕی پێویستیشدایه‌.

خاتو جێنین وتی "له‌م مانگانه‌ی دواییدا، سه‌دان هه‌زار عیراقی له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كاندا رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی هیوا بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتری بێ گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و ده‌ستوه‌ردانی بێگانه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، كوشتن و برینداركردنی خۆپیشانده‌رانی هێمن و چه‌ندان به‌ڵێنی جێبه‌جێنه‌كراوی ساڵانی رابردوو بوونه‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی متمانه‌."

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ تائێستا نراون سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڕ بێ بایه‌خ ده‌مێننه‌وه‌ گه‌ر ته‌واو نه‌كرێن. شایانی باسه‌، كه‌ بۆ پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ یه‌كییه‌تی و یه‌كڕیزیی ناوخۆیی و بڕیاری شێلگیرانه‌ زۆر پێویستن له‌هه‌مبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كان و ده‌ستوه‌ردانی بێگانه‌دا یانیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاژاوه‌گێڕانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت ئارامیی عیراق بشێوێنن."

چڕبوونه‌وه‌ی گرژییه‌ هه‌رێمییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ بوونه‌ مایه‌ی لادانی سه‌رنج له‌سه‌ر كاره‌ ناوخۆییه‌ نیوه‌چڵه‌كان. به‌هه‌ر حاڵ، په‌ره‌سه‌ندنه‌ جیۆپۆلیتییه‌كان نابێ ببنه‌ مایه‌ی فه‌رامۆشكردنی داواكارییه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی عیراق چونكه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نها ده‌بنه‌ مایه‌ی توڕه‌یی و بێمتمانه‌یی زیاتر.

وێڕای هاندانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی عیراقیش بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌ره‌ هێمنه‌كان و داواكردنیشی له‌ خۆپیشانده‌ران بۆ پاراستنی هێمنی و خۆدوورگرتن له‌ توندوتیژیی په‌رچه‌كردارانه‌ و كاری تێكده‌رانه‌، خاتو جێنین وتی "به‌كارهێنانی توندوتیژی بۆ كپكردنه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان هه‌رگیز مایه‌ی قبوڵ نییه‌ و بگره‌ پێویسته‌ پێشیشی پێ بگیرێت. هیچ شتێك به‌قه‌د كه‌شی ترس زیانبه‌خش نییه‌. هه‌روه‌ها، لێپێچینه‌وه‌ و دادوه‌ریی له‌پێناو قوربانییان بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ و ره‌واییبوون و هه‌ستانه‌وه‌ زۆر گرنگن."

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١