شەممە, 04 نیسان 2020 01:57

دەبا هەموو بەیەکەوە رووبەڕووی پەتای کۆرۆنا ببینەوە گرنگ

بێگومان تەنها بە یەکبوونمان لە گەڵ هەموو جیهاندا دەتوانین ڕوبەڕووی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩) و ئاسەوارە کارەساتبارەکانی ببینەوە. لە کۆبوونەوەیەکی باری ناکاوی لە پێنجشەممەی رابردوودا، سەرکردەکانی "کۆمەڵەی ٢٠" هەنگاوی زۆر گونجاویان نا. بەڵام ئێمە تا ئێستاش نەمانتوانیوە لە ئاستی وەڵامدانەوە هەماهەنگراو و روونە جیهانییەکەدا بین کە لەگەڵ ترسناکیی ئەم پەتایەدا بگونجێت.

ئێمە تا ئێستاش هەر لە دواوەین. پەتایەکە یەکەم جار ٦٧ رۆژی ویست تا ١٠٠ هەزار کەسی تووش کرد کەچی دوایی هەرزوو ڕۆژانە ١٠٠ هەزار و بگرە زیاتریشی تووش دەکرد. هەر بۆیە بەبێ کاری هەمەلایەنە و قارەمانانە ئەوە بێگومان ژمارەی تووشبووان بەرەو ملیۆنان هەڵدەکشێت و بەمەش سیستەمی تەندروستی دوچاری داڕمان و ئابووریش تووشی داتەپین و خەڵکیش تووشی بێهیوایی دەبێت بەتایبەتیش گورزی کوشندە بەر هەرەهەژارەکان دەکەوێت.

ئێمە پێویستە خۆمان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بکەین و چی لەدەستیشمان بێت بۆ پێشگرتن لەم پەتایە ئەنجامی بدەین. ئێمە بۆ ئەنجامدانیشی داواکارییەکی ٣ خاڵیمان هەیە کە لەسەر بنەمای زانست و هاوپشتی و شێوازی زیرەکانە بەندە.

یەکەم، بەرزەوتکردنی تەشەنەکردنی پەتایەکە

ئەمەش پێویستی بە ئەنجامدانی پشکنینی زووتر و توندوتۆڵ و بەدواداچوونی پەیوەندی هەیە بۆ کەسە گوماناوییەکان لە رێگەی مانەوە لە ماڵ و چارەسەر و گرتنەبەری رێوشوێنی هێشتنەوەی بەرکەوتووەکان بە سەلامەتی لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێن بۆ سنووردارکردنی هاموشۆ و تێکەڵبوونیش . ئەم جۆرە رێوشوێنانەش بە هەموو ناخۆشییەکانیشیانەوە پێویستە تا دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتە درێژەیان پێ بدرێت.

هەروەها ئەوەش گرینگە کە ئەم هەنگاوە تۆکمە و پڕ هەماهەنگییانە لە ژێر چاودێریی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا بن کە ئەویش یەکێکە لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چونکە ئەو وڵاتانەی کە هەر بۆ خۆیان و سەربەخۆیانە کارەکە ئەنجام دەدەن هەرگیز ناتوانن سوود بە هەمووان بگەیەنن.

دووەم، چارەسەری ئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە وێرانکەرەکەی قەیرانەکە.

تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لە ڕووی خێراییەوە کتومت ئاگری دارستانەکانە و ڕەنگە بەخێراییش بەرەو "باشووری جیهانی"شدا پەل بهاوێت کە لەوێدا سیستەمی تەندروستیی تووشی چەندان بەربەست بووەتەوە و خەڵکیش زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بەوپێیەی ملیۆنان خەڵک بەچڕی لە گەڕەکە هەژارنشینەکان دەژین یانیش ئەو شوێنانەی کە جممەیان دێت لە پەناهەندە و ئاوارەی ناوخۆیی.

ڤایرۆسەکە بە هۆی ئەم جۆرە دۆخانەوە زیاتر بەو وڵاتانە دەوێرێت کە لە دۆخی گەشەکردندان و دواییش هەر لەو شوێنەی کە پەک خرابوو دەتوانێت سەرلەنوێ سەرهەڵبداتەوە. ئێمە لەم جیهانە بەیەکەوە گرێدراوەدا هەر بەقەد لاوازترین سیستەمێکی تەندروستی بەهێزین.

ئێمە بەدڵنیاییەوە پێویستە لەبەر خاتری مرۆڤایەتی بە گشتی شەڕی ئەم پەتایە بکەین بە چەقخستنەسەر خەڵک نەخاسمە زیاتر زیانلێکەوتووان لە ژنان و بەساڵاچووان و گەنجان و کرێکارانی کەمکرێ و پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان و کەرتی نافەرمی و خەڵکی لاواز.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەر تازە کەوتووەتە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئەوە نیشان دەدەن کە چۆن ئەم ڤایرۆسە بووەتە مایەی پەتایەکی ئابووریش. سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش ئەو بڕە داراییەی دەستنیشانکردووە کە بۆ روبەڕووبوونەوەی رووداوە لەناکاوەکان پێویستە هەر وەک چۆن ئەوەشی راگەیاندووە کە ئێمە لە قۆناغی داتەپینی ئابووریداین زۆر لەوەی ساڵی ٢٠٠٩ خراپتر.

ئێمە پێویستە وەڵامدانەوەیەکی هەمەلایەن و گشتگرمان هەبێت تا راددەی رێژەی سەدیی دوو ژمارەیی لە " سەرجەم بەرهەمی ناوخۆیی" جیهانیدا.

وڵاتە پێشکەوتووەکان دەتوانن هەر بۆ خۆیان ئەمە ئەنجام بدەن بگرە هەندێکیان هەر بەڕاستی ئەنجامیشیان داوە. بەڵام ئێمە پێویستە بەشێوەی کۆمەڵ و بەرفراوان سەرچاوەکانی بۆ "جیهانی لەگەشەدابوو" زیاد بکەین لە رێگەی بەرزکردنەوەی توانای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە تایبەتیش لە رێگەی دەرکردنی مافی تایبەتی پارەدەرکردنەوە و هەروەها توانای دەزگا جیهانییە داراییەکانیش بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە خێرایی پارە بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکەن کە پێویستیان پێیەتی. من دەزانم کە ئەمە قورسە لە کاتێکدا وڵاتەکان هەر خۆیان تووشی خەرجییەکی ناوخۆیی زۆر بوونەتەوە. بەڵام ئەم خەرجکردنانەش هەر هەمووی بەفیڕۆ دەڕۆن گەر ڤایرۆسەکە بەرزەوت نەکرێت.

ئاڵوگۆڕی هەماهەنگراو لەنێوان بانکە ناوەندییەکاندا دەبێتە مایەی دابینکردنی جوولەی نەختینە بۆ ئابوورییە تازە دەرکەوتووەکان. سووککردنی قەرزەکانیش پێویستە بکرێتە کاری سەرلیست بەگرتنەخۆی بەخشین لە سوودەکانی پارە دراوەکانی ساڵی ٢٠٢٠.

سێهەم، چاکبوونەوەیەکی باشتر

ئێمە هەرگیز ناتوانین بگەڕێینەوە دۆخی پێش کۆرۆنا لە کاتێکدا کۆمەڵگاکان بێ هیچ هۆیەک و هەموو دەم لەبەردەم ئەگەری تووشبوون دابن. لە لایەکی ترەوە، پەتایەکە ئەو باجەشی وەبیرهێناینەوە کە بەهۆی لاوازیی سیستەمی تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی و خزمەتە گشتییەکانەوە دەیدەین. ئەو هەروەها دەستی لەسەر نایەکسانیی دژواریش دانا بە تایبەتیش نایەکسانیی جێندەری هەروەک ئەوەشی خستەڕوو کە چۆن ئابووریی فەرمی لەسەر شانی کاری چاودێریی گومناو و کەمدەرامەت دروست بووە. ئەو هەروەها چەقیشی خستە سەر ئاڵنگارییە مرۆییە بەردەوامەکان بە ناوزڕاندن و توندوتیژی دژی ژنانیشەوە.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەوڵەکانمان دوو ئەوەندە بکەینەوە بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی گشتگرتر و درێژخایەنتر کە بتوانێت زیاتر بەرگەی ڕوبەڕوبوونەوەی پەتایەکان و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان بگرێت و هەروەها ئۆ ئەو کۆمەڵگایانەش کە زیاتر توانای ڕوبەڕوبوونەوەی پەتایەکانیان و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و گۆڕانە جیهانییەکانی تریان هەیە. چاکبوونەوەکە پێویستە ببێتە مایەی ئابووریی جیاواز. "کارنامەی ٢٠٣٠ و ئامانجە درێژخایەنەکانی گەشەپێدان"یش هەر بە نەخشەڕێگای ئێمە دەمێنێتەوە.

تەواوی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان خراوەتە گەڕ بۆ پشتگیریکردنی بەهاناوەچوونەکانی وڵات و هەروەها بە دانانی هەموو شێوازەکانی یارمەتیدان لەخزمەتی جیهاندا و داکۆکیکردنیش لە شەڕوەستاندن لەسەرتاسەری جیهاندا.

کۆتاییهێنان بەم پەتایە لە هەموو شوێنێک هەم کارێکی ڕەوشتییە و هەمیش لەوپەڕی پێویستی دایە هەروەک چۆن بە بەرژەوەندیی کەسیشەوە پەیوەستە. بێگومان ئێمە لەم دۆخە نائاسایییەدا ناتوانین پەنا بۆ ئامڕازی ئاسایی بەرین چونکە کاتە نائاساییەکان پێویستیان به رێووشوێنی نائاسایی هەیە. ئێمە ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت داین کە پێویستی بە کاری یەکلاکەرەوە و هەماهەنگراو و داهێنەرانە هەیە کە دەبێت لەلایەن هەمووان و بۆ هەمووان بێت.

ئەنتۆنیۆ گوتێرس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.