پێنج شەممە, 14 ئایار 2020 02:00

راگەیاندنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە عێراق

١٣ی ئایاری ٢٠٢٠: ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەسخۆشی لە پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق دەکەن لەلایەن سەرۆک وەزیران مستەفا كازمییەوە لەگەڵ دەسخۆشیشیان لە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ئەنجامدانی چاکسازیی بەپەلە بە مەبەستی جێبەجێکردنی داخوازییە رەواکانی خەڵک بۆ رەخساندنی هەلی ئابووری و فەرمانڕەوایی ژیرانە و بەشداریی سیاسیی و دانانی یاسای هەڵبژاردن. ئەوان هەروەها دەسخۆشیان لە پابەندیی حکومەتی عێراقیش کرد بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ڕوون و ئاشکرا لە توندوتیژییەکانی دژ بە خۆنیشاندەران.



ئەوان پشتیوانی تەواویشیان بۆ هەوڵەکانی یونامی و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت، دووپات کردەوە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٤٧٠ لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ پشتگیریکردن و یارمەتیدانی حکومەتی عێراق و خەڵکەکەی بە گرتنەبەری گفتوگۆی سیاسیی گشتگیرانە و ئاشتەوایی لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و پێکهاتەییدا و چاکسازیی ئابووری و بەهێزکردنی توانا و گەشەپێدانی درێژخایەن و ئاوەدانکردنەوە و هەڵسانەوە و دادوەری و لێپێچینەوە و یارمەتیی هەڵبژاردن بۆ حکومەت عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

ئەندامەکان هەروەها پشتگیری خۆیان دووپات کردەوە بۆ ئاسایشی عێراق و بەردەوامیی شەڕەکەی لەگەڵ تیرۆریستانی بەگرتنەخۆی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کە زیاتر بە "داعش" ناسراوە.

ئەندامان هەروەها پشتگیری خۆیان بۆ شکۆ و سەربەخۆیی و یەکریزی و یەکییەتی خاک و خۆشگوزەرانی عێراقیش دووپات کردەوە.

(وەرگێڕان لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی)

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.