پێنج شەممە, 20 ئاب 2020 20:33

یونامی ئیدانەی کوشتنی چالاکوانانی بەسرە دەکات و داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لێپێچینەوەش دەکات

بەغدا، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠ :- نیردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بە توندی ئیدانەی کوشتنی دوو چالاکوان دەکات لە بەسرە و بەئامانجگرتنی دووانی تر لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ داواکردنیشی لە حکومەت بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و هەروەها بۆ دووبارەنەبوونەوەی پەلاماردان و تۆقاندنی چالاکوانان.

لەمبارەیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس-پلاسخارت، وتی "کوشتنی دکتۆر ریهام یەعقوب شەوی رابردوو و هەروەها تەحسین ئوسامە هەفتەیەک پێشتر مایەی هەڕەشەی مەترسیدارن بۆ ئارامی و سەقامگیری لە بەسرە. خەڵکی بەسرە هەرگیز شایستەی ئەم جۆرە کەشەی ترس و هەڕەشە و تۆقاندن نین. هەربۆیە کاری بەپەلەی زیاتر لەلایەن حکومەتەوە زۆر پێویستە. یاسا پێویستە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دۆزینەوە و دەسگیرکردن و دواتریش پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا لەپێناو کۆتاییهێنان بەم کەشە توندوتیژییە. "

لەڕاستیدا، کوشتنی بەڕێز ئوسامە لە ١٤ی ئەم مانگەدا بووە مایەی زیاتر چڕبوونەوەی ڕاپەڕینەکان لە بەسرە کە داوای لێپێچینەوەیان لەو کوشتنە دەکرد. نوسینگەی مافی مرۆڤی یونامی چەند راپۆرتێکی متمانەداری بەدەست گەیشتووە کە باس لە دوو هەوڵی تری کوشتنیش دەکەن لە ١٧ی ئەم مانگەدا کاتێک چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە ٣ چالاکوانی تێدا بووە، کە دووانیان ژن بوون، و لە ئەنجامیشدا دوانیان بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران. لەلایەکی ترەوە، چەند چەکدارێکی تری نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە چالاکوانێک لێی دەخوڕی بەڵام ئامانجەکەی نەپێکا.

وێڕای دەستخۆشیکردنی لە هەنگاوە ئەرێنییەکانی حکومەت لە وەڵامدانەوەی ئەم ڕووداوانە، یونامی داوای کاری زیاتر دەکات بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و سەقامگیری و لێپێچینەوە.


*********
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.