هەینی, 21 ئاب 2020 10:30

نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکان تاووتوێی بەهێزکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەکەن لە عێراق گرنگ

بەغدا، ١٩ی ئابی ٢٠٢٠:- رۆژی چوارشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستیی و ژینگە و پلاندانان تاووتوێی ئەو ئاڵنگارییانەی کرد که ڕوبەڕووی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتیی عێراق دەبنەوە لە بەهاناوەچوونی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩).

لە تێڕوانینێکدا، ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم سیستەمە، کە بەهۆی کۆڤید ١٩ وە هاتوونەتە ئاراوە، لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتییەوە، بەڕێز عادیل ئەلڕەکابی، خرایەڕوو کە تێیدا بە جەختکردنەوەوە باسی لە گرفتی زۆربوونی ژمارەی خەڵکی کەمدەرامەت کرد و جەختیشی لەسەر پێویستبوون بە کاری بەپەلە و بەهاناوەچوونی خێرا کردەوە. لەو کۆبوونەوەیەداخاتو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلیۆرانۆ، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هەماهەنگیکاری نیشتەجێ / هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی، نوێنەرایەتی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکرد. ئەو خاتوونە جەختی لەسەر هەماهەنگیی چڕوپڕ کردەوە لە نێوان حکومەت و ئاژانسەکانی تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کاریگەر بۆ بەهاناوەچوونی خێرا بۆ پەتای کۆڤید ١٩ و هەروەها گەڕان بە دوای ستراتیژی مامناوەند و درێژخایەنیشدا بۆ ئاوڕدانەوە لە کاریگەرییەکانی کۆڤید ١٩. شایانی باسیشە، ڕەشنووسێک سەبارەت بە پلانی بەهاناوەچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆڤید ١٩ لە عێراق بۆ بەشداربووان خرایەڕوو.

ئامادەبوان تاووتوێی هەماهەنگیی گشتگیرانە و کۆمەڵایەتیی بەهاناوەچوونی قەیرانی کۆڤید ١٩ و ئاسەوارەکانی لەسەر دانیشتووانیان کرد. ئەوان هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەنگاوی هاوبەشانە بۆ بەهاناوەچوونی کاریگەری ئەم پەتایە لەسەر کەرتی کۆمەڵایەتی پێویستە خێرا بکرێت بە چەقخستنەسەر بوارە لەپێشینەکانی حکومەتیش.

وێڕای جەختکردنەوەی لە پشتگیریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حکومەت و تەواوی خەڵکی عێراق، خاتو ئێرینا وتی "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان تەنها سەرەتایە و تەواوی ئامانجی ئێمە نییە. نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامە و پرۆژەکانی لەسەر بنەمای کارە لەپێشینەکانی حکومەت و پێویستییەکانی خەڵکی عێراق ئامادە دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوتا حکومییەکانیدا کار دەکات بۆ دابینکردنی پلانی بەهاناوەچوونی خێرا بۆ پێویستییەکان خەڵکی هەرە کەمدەرامەت. "

نوێنەرانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە بە گوێرەی ڕاسپاردەکانی "شانەی قەیرانی کۆڤید ١٩" بەشداربوون بریتی بوون لە فەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و قەوارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی جێندەری و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و رێکخراوی خۆراکی جیهانی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان و رێکخراوی یونیسکۆ و رێکخراوی یونیسێف و کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کاری جیهانی.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.