چوار شەممە, 23 کانونی یەکەم 2020 21:32

پەیامی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین هێنیس پلاسخارت، بە بۆنەی سەری ساڵی تازەوە

لەڕاستیدا، پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، زۆر یان کەم، کاریگەری لەسەر هەر هەموومان داناوە. عێراقیش وەکو تەواوی جیهان لەم پەتایە بەدەر نییە و بگرە کاریگەرییەکی زۆریشی هەیە. بەداخەوە کۆڤید-١٩ بووەتە هۆی خراپترکردنی تەحەدییە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشییەکان کە خۆیان هەر پێشتریش لە دۆخێکی خراپدا بوون.

من بەهاتنەوەی سەری ساڵی تازە و مژدەی دۆزینەوەی پێکوتە (ڤاکسین)یش، هیوایەکی زۆرم هەیە کە ئەم قەیرانە تەندروستییە بە زوویی کۆتایی پێ بێت و ببێتە بەشێک لە رابردوو و بەمەش دەرفەتی چارەسەری گیروگرفتەکان و قۆستنەوەی ئەو هەلانەی کەلە پێشمانە بڕەخسێت. بەداخەوە و بێگومان عێراق لەم سەرەساڵە تازەشدا لە یەک کاتدا هەر ڕوبەڕووی چەندین گێژاو دەبێتەوە بەهۆی ئاڵنگارییە ئابووری و ئاسایشییەکانەوە لەگەڵ ئەوپەڕی پێویستبوون بە چاکسازیش.

هەڵبژاردن کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ دانراوه هەلی ئەوە بۆ عێراقییەکان دەڕەخسێنێت کە بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن لەو کاتەی کە سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەی سیاسییانن بۆ داهاتوو. بێگەردیی ئەم هەڵبژاردنانە و پابەندبوونی لایەنەکان پێوەی لەوپەڕی گرینگیدایە.

لە کانونی یەکەمی رابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی کردەوە لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدا. عێراق هەر خۆشی ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئێمەش بە تاسەوە خوازیاری درێژەپێدانی هاوبەشکاریمانین بەو پێیەی هەردوو لامان بەیەکەوە لە پێناو کۆمەڵگایەکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر و دادپەروەرتردا کار دەکەین.

هیوای پشوویەکی خۆش و ئاسوودە بۆ ئێوە و خۆشەویستانتان دەخوازم

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.