پێنج شەممە, 14 کانونی دووەم 2021 00:27

راهێنانەکانی رێکخراوی یونیدۆ لەبارەی پێشەنگی کار برەو بە متمانەبەخۆبوونی پەنابەرانی سوری دەدات

کۆمەڵێك لە پەنابەرانی سوری لە هەرێمی کوردستانی عیراق ئەو متمانەبەخۆبوونە بەدەست دەهێنن کە پێویستیان پێیەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی داراییی خێزانەکانیان لە رێگەی بەرنامەیەکی رێکخراوی یونیدۆ بۆ راهێنان لەبارەی پێشەنگی لە کاردا.

کاتێك کە نوور وەهاب لە شارەکەی خۆی لە عامودای سوریا لە ساڵی ٢٠١٣ هەڵهات و بۆ یەکەم جار هاتە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هۆی ئەوەی کە بە دەوروبەری خۆی ئاشنا نەبوو، ترسی لێ نیشتبوو و شەرمی زۆریشی دەکرد. چەندین ساڵی خایاند تا لە ماڵە نوێیەکەی لە کامپی پەنابەران لە ئاکرێ نیشتەجێ بوو.

سێ ساڵ لەمەوبەر، دەستی کرد بە دیزاینکردنی و دوورینی جلوبەرگی کوردی کرد بۆ خۆی، بەم شێوەیە گەڕایەوە سەر ئارەزووەیەك کە کاتی خۆی لە سوریا بوو کاری لەسەر دەکرد. ئافرەتانی دیکە بینییان کە نوور جلوبەرگی دیزاینکراوی خۆی لەبەر دەکات، داوایان لێ کرد لەو جلوبەرگانەیان بۆ دروست بکات. هێواش هێواش، کارێکی بۆ خۆی دانا و کەوتە سەر زاران و گەشەی سەند.

بۆ ئەوەی کارەکەی بباتە ئاستێکی دیکەوە، نوور بەشداریی لە بەرنامەی راهێنانی یونیدۆ کرد و لەوێدا درەوشایەوە. "گرنگترین شت کە بەکەڵکی من هات ئەوە بوو کە لەگەڵ خەڵکدا قسە بکەم و شەرم نەکەم،" نووری تەمەن ٣٣ ساڵ وەهای روون کردەوە. "تەنانەت کێشەم لە سڵاوکردن و قسەکردن لەگەڵ خزمەکانی خۆمیشدا هەیە. زۆر شەرمن بووم. بەڵام ئەم راهێنانە فێری کردم چۆن متمانە و باوەڕم بەخۆم هەبێت."

لە راهێنانەکەدا، پلانی کارەکەی رێك دەخات و، دیزاینی لۆگۆ دەکات و، پلانی ستراتیژی بەبازاڕکردن دادەڕێژێت و، بودجەیەك پێکەوە دەنێت. هەروەها هەندێك هاوڕێش دروست دەکات کە هاوڕێیەتیان بۆ دوای راهێنانەکەش بەردەوام دەبێت. ئەوەیشی باس کرد کە "ئێستا، دەرفەتی ئەوەم هەیە لەگەڵ کەسانی دیکە دابنیشم و قسە بکەم و، بووینەتە هاوڕێی باش بۆ یەکدی."

لە پاش دە رۆژی بەرنامەی راهێنانە ١٥ رۆژییەکە، پۆلەکە بووەتە شوێنی پڕ لە دەنگەدەنگ و جووڵە کاتێك کە ١٥ بەشداربووەکە کە تەمەنیان لە نێوان سەرەتاکانی ٢٠ و ناوەڕاستی ٥٠ ساڵیدا لە کاتی پشووی چاخواردنەوەدا قسە دەکەن و پێدەکەنن. کەشەکە لە دوو سێ رۆژی یەکەمدا زۆر جیاواز بوو، رزگار تەهای راهێنەری یونیدۆ وەهای روون کردەوە.

ووتیشی کە "لە رۆژی یەکەمدا تێبینی ئەوەم کرد، شەرمن بوون و لە کاتی پەیوەندی و قسەکردندا، چاویان هەڵنەدەهێنا." ئەوەیشی روون کردەوە کە بەشداربووەکان متمانەی خۆیانیان لەدەست دابوو، بە هۆی ئەوەی کە پەنابەرن و لە زێدی خۆیان هەڵکەندراون و، لە غەریبیدا دەژین و، دەبینن ناکۆکییەکان لە وڵاتیان نەبڕاوەتەوە و دڵنیا نین سەبارەت بە داهاتووی خۆیان. بۆیە، بونیادنانەوەی ئەو متمانەبەخۆبوونە بەشێکی گرنگی ئەم بەرنامەیەیە.

لە شارەکەی خۆی لە حەسەکەی سوریا، حامد هاشم کاری کرێکاریی رۆژانەی دەکرد، هەر کارێكی دەست بکەوتایە لە کارە بیناسازییەکان و لە کێڵگەی جوتیارەکان دەیکرد. هەشت ساڵ لەمەوبەر، لە سوریا هەڵهات و وەك پەنابەرێك هاتە هەرێمی کوردستانی عێراق.

لە ئاکرێ، حامدی تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی چوار منداڵ دووبارە وەك کرێکاری رۆژانە دەستی بە کار کردەوە. ئەو توانی کارێکی بەردەوامی دەست بکەوێت لەگەڵ وەستایەکی کارەباییدا و فێری ئەو پیشەیە ببێت. ئێستا بۆ خۆی کار دەکات و، کاری دانان کارەبای ماڵان دەکات و، دەیەوێت پەرە بە کارەکەی بدات و، لە پرۆژەی گەورەتر کار بکات و چەند کرێکارێك بگرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەوەش، پێویستیی بە یارمەتی هەیە. ئەو ووتی، "ئێستا تەنها هەر خۆم کار دەکەم و جار بە جاریش یەك کەس یان دوو کەس دەگرم کارم لەگەڵدا بکەن. بەڵام بۆ ئەوەی کارەکەم فراوان بکەم، پێویستم بەوە دەبێت چۆن کرێکارەکان بەڕێوە ببەم."

ئەو ئەو یارمەتییە لەو بەرنامەیەی راهێنانی یونیدۆ بەدەست دەهێنێت.

"سەرەکیترین شت کە لێرە فێری بووم، بریتییە لە چۆنێتی رێزگرتن لە کەسانی دیکە و، چۆن لای کەسانی دیکە بانگەشە بۆ خۆم بکەم و بەبازاڕکردن بۆ کارەکەم بکەم و، چۆن ئامانجێك بۆ خۆم دابنێم و پلانی بۆ دابڕێژم،" حامد وای باس کرد. "متمانەم بە خۆم هەیە و پشت بە خوا کارەکەم گەشە دەکات."

بەو متمانەیەی کە تازە بە خۆیی پەیدا کردووە، ئەو پەنابەرە کرێکارە ئێستا خەون بە داهاتوویەك دەبینێت کە منداڵەکانی ببن بە پزیشك و پارێزەر. "لێرە دەستم بە ژیانێکی نوێ کردووە. خەڵکی خۆم دەناسن و ئاشنای کارەکەیشمن،" وای باس کرد.

ئەم بەرنامەیە، کە لەلایەن دەزگای پەرەپێدانی نەمساوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت، راهێنانێك بۆ شیکردنەوەی توانا کەسییەکانیان و، بۆ خەمڵاندنی داواکاریی بازاڕ و، دانانی ستراتیژەکانی گەیشتن بە ئامانجەکانیان و، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری داراییان لەخۆ دەگرێت. ئامانج ئەوەیە بەشداربووەکان بتوانن کار و پرۆژە بچوکەکانیان بەڕێوە ببەن. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، هەروەها هەندێك یارمەتیی دارایی وەردەگرن بۆ ئەوەی کەرەستە و کەلوپەلی پێویست بۆ کار و پرۆژەکانیان بکڕن.

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNIDO
© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.