ئەم پەڕەیە چاپ بکە
دوو شەممە, 15 شوبات 2021 09:34

ڕاپۆرتێک بۆشایی تەندروستی سێکسی لە عێراق لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ دەردەخات

١٢ی فێبرایەر ٢٠٢١؛ بەغداد، عێراق - لە ژێر چاودێریی هەردوو وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای ئاماری ناوەند و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی فێبرایەر، ڕاپۆرتێکیان بۆ خستنەڕووی ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە تەندروستی سێکسی لە عێراق بڵاوکردەوە.

ئەم هەڵسەنگاندنە، بە هاوبەشی لە نێوان وەزارەتەکانی ژینگە و تەندروستی فیدراڵ و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی ئاماری عێراق و هاوکاری تەکنیکی لە لایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، و بە پاڵپشتیی دارایی حکومەتی سوید بەڕێوەچوو. هەڵسەنگاندنەکە داتای جۆریی و چەندیی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ژنان و کچان لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان دەخاتەڕوو.

ئامانجی هەڵسەنگاندنەکە بریتیە لە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جۆری خزمەتگوزارییە تەندروستییە سێکسیەکان و سێکتەری تەندروستی بە گشتی لە عێراق. لە هەڵسەنگاندنەکەدا، کەموکورتی لە سیستمی تەندروستی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و توانستی کارمەندانی تەندروستی دەستنیشانکراوە. هەروەها، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بۆشاییەکی زۆر هەیە لە هۆشیاریی و زانیاری دروست سەبارەت بە کۆڤید-١٩، بەکارهێنانی ماسک و دووریی کۆمەڵایەتی. جگە لەمانەش، هەڵسەنگاندنەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە کەموکورتی زۆر هەیە لە سەرەکیترین دەرمانەکانی تایبەت بە تەندروستی سێکسی، دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکان بە پێی سەختیی کەیسەکە و کەلوپەلی خۆپارێزیی پێویست، کە بە شێوەیەکی بەرچاو کاردەکەنە سەر خزمەتگوزارییەکان.

دکتۆر ریتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، ڕایگەیاند: “هەڵسەنگاندنەکە نمونەیەکی باشی کاری هاوبەشیی بوو. هەروەها ئەنجامەکان هاوکاریی هاوبەشەکانمان دەبن لە حکومەت بۆ باشترکردنی توانای سیستمی تەندروستی و کارمەندانی تەندروستی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ ژنان و کچان لە هەموو عێراقدا. هیچ ژنێک نابێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گیان لەدەست بدات لە کاتی منداڵبووندا، تەنانەت لە ماوەی...”

هەروەها گوتیشی: “سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ پەرەدان بە توانستی نێوخۆیی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکدا، بە تایبەتی لە سێکتەری پەروەردە و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان. ئێمە مەبەستمانە خزمەتگوزاریی تەندروستیی سێکسی بە کوالیتی باش بۆ ژنان و کچان دەستەبەر بکەین.”

هەڵسەنگاندنەکە لە ١٠٧ بنکەی تەندروستی و ١٠ نەخۆشخانە لە پارێزگاکانی هەولێر، بەغداد، سەلاحەدین، نەجەف و بەسرە ئەنجامدراوە. زیاد لە ٥٠٠ کارمەندی تەندروستی و ١٨٥ نەخۆش بۆ ئەم مەبەستە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدراوە. دەرئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنەکە بریتین لە کارکردنی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کەمی کەلوپەلی خۆپارێزیی، پەرەپێدانی توانستی کارمەندانی تەندروستی و هاوکاریی لۆجستی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانی تەندروستییە.


سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دنیایەک دەهێنێتە ئاراوە کە هەموو دووگیانییەک خوازراو بێت، هەموو منداڵبوونێک پارێزراوبێت، و توانستی هەموو گەنجێک بەرجەستە بکرێت.
بۆ زانیاری زیاتر یاخود هەر داواکارییەکی میدیایی، پەیوەندی بکەن بە سەلوە موسا، بەرپرسی پەیوەندییەکان، ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNFPA