به‌غدا، ١٣ی ئه‌یلولی ٢٠١٤:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ ده‌ستخۆشی له بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق، به‌ڕێز حه‌یدەر ئه‌لعه‌بادی، ده‌كات له بڕیاری راگرتنی هێرشی ئاسمانی له ناوچه مه‌ده‌نییه‌كان به‌وانه‌شه‌وه كه تائێستاش له‌ژێر ده‌ستی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام)دان له‌گه‌ڵ داواكردنیشی بۆ پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كان. هه‌روه‌ها ستایشی حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده ئاینییه‌كان و خه‌ڵكی خانه‌خوێی كرد بۆ دابینكردنی خواردن و په‌ناگه و خزمه‌تی پزیشكی بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماو و ئاواره ناوخۆییه‌كان.
به‌ڕێز ملادینۆڤ وتیشی "عیراق دووچاری كاره‌ساتی مرۆیی بووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ زیادبوونی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ژماره‌ی ئاواره‌كان كه پێویسته به‌گوێره‌ی مافی هاوڵاتیبوون چاره‌سه‌ر بكرێ. پاراستنی مه‌ده‌نییان و دابینكردنی سه‌لامه‌تی و ئارامییان كاری ههرهلهپێشینهی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه".
ئه‌و دڵنیاییشی دا كه "نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌ر له روودانی قه‌یرانه‌كه‌وه تا ئێستاش به شێوه‌یه‌كی بێ وچان كاری بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیی مرۆیی بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وما و ئاواره كردووه".