ئەم پەڕەیە چاپ بکە
هەینی, 19 ئاب 2016 16:04

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی نەهامەتییەکانی کە داعش بەسەر عیراقی داهێناوە لە زاری ئێزیدییە ڕزگاربووەکان باس دەکات

جنێف / بەغدا، ١٨ ئاب ٢٠١٦ – ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی پێنج شەممە دەرچوو چیرۆکی نەهامەتییەکانی کە بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە بە دەست داعش لە میانەی هێرشەکەی سەر شنگال لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا. کە تیایدا داعش بە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و دڕندانە دەستی کرد بە کوشتن و توندوتیژی سێکسی و بەکارهێنانی ژن و کچان وەکو کۆیلەی سێکسی و چەندین کاری تری نامرۆڤانەی وەکو بەزۆر پێگۆڕینی ئایین و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و چەندین کاری تری دژ بە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ کۆکراوەتەوە. ژمارەی قوربانییەکان و ئاوارەکانی ناوچەی شنگال لە ٢٠١٤دا ٣٠٨٣١٥ کەس بوونە کە زۆرینەیان ئێزیدی بوون. نزیکەی ٣٦٠٠٠٠ ئێزیدی هێشتا ئاوارەن کە پێویستییەکی زۆریان بە یارمەتی دەروونی هەیە.

ئافرەتان لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە کە ئەوان چەندین جار فرۆشراون و کڕاون و هەروەها منداڵەکانیشیان لێسەندراون. ئافرەتێک باسی ئەوەی کرد کە چۆن فرۆشراوەتە ئەندامێکی داعش کە خەڵکی سوریابووە و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر خۆی بەدەستەوە نەدات ئەوە کچەکانی دەکوژێت. ئافرەتێکی دیکە لە نێوان شەش کەسدا کڕاوە و فرۆشراوە و توانیویەتی کچە ٧ ساڵانەکەی لەدەست یەکێکی تر ڕزگاربکات بەوەی قژ و برژانگەکانی بڕیوە و دایبی پێهەڵگرتووە و پێی وتووە وانیشانبدات کە مێشکی تەواونیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامێکی داعش هەر ویستویەتی دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر. لە کۆتاییدا، ئافرەتەکە تووانی بە هاوکاری قاچاغچییەک ڕابکات و خۆی ڕزگاربکات.

ڕاپۆرتەکە چەندین نمونەی تێدایە کە پیاو و ژنەکانیان جیاکراونەتەوە و پیاوەکانیان بەکۆمەڵ کوشتووە. لە نمونەیەکدا، ٦٠٠ پیاو لە ناوچەی تەلەعفەر بەکۆمەڵ کوژراون. لە چەند نمونەیەکی تردا ئێزیدییەکان بە زۆرەملێ ئایینیان پێ گۆردراوە بۆ ئایینی ئیسلام یانیش دەبێ بکوژرێن.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، بەڕێز یان کوبیش وتی ئەو ڕاپۆرتە ڕووی ڕەشی تاوانەکانی داعش ئاشکرا دەکات کە بە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و دڕندانە داعش تاوانی بەرامبەر ئێزیدییەکان و کەمە نەتەوایەتی و ئایینیەکانی تر ئەنجامداوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە نزیکەی ٣٥٠٠ ژن و کچ و پیاوی زۆرینە ئێزیدی ژمارەیەکیش لە کەمە نەتەوایەتی و ئایینیەکانی تر هێشتا لەژێر دەستی داعشدان.

بەڕێز کوبیش وتی: "دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی نەینەوا ‌هێشتا کۆمەڵگەی ئێزیدی دەکرێنە ئامانج لەلایەن داعشەوە. هەزاران پیاو و ژن و منداڵ کوژراون و بێ سەروشوێنن یانیش هێشتا لە ژێر دەستی داعشدان و کراونە ئامانج بۆ توندوتیژی جەستەیی و سێکسی". بەڕێزیان هەروەها ڕایگەیاند " بە پیێ ئەو بەڵگانە بەگرنگی دەزانین کە تاوانبارانی ئەو نەهامەتییە و ئەنجامدەرانی بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن ".

کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێز زەید ڕەعد ئەلحوسێن ڕایگەیاند کە شایەتییەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتە دەبێ وەکو بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بەکاربهێندرێت لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە " دەبێ بەپەلە ئەو تاوانانە بەجیهان بناسێنن و هیچ تاوانبارێکیش داڵدە نەدرێت لە هیچ وڵاتێک".

بەڕێز زەید وتی:" من زۆر پەرێشانم بەو کاریگەرییە خراپەی کە شەڕوپێکدادانەکان کردوویانەتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی و بەتایبەتی هاوڵاتییانی عیراقی کە وڵاتێک بووە هەمیشە شانازی بە کلتووری پێکەوەژیان لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کردووە. بەڵگەکان و شایەتییەکانی ئەو ڕزگاربووانە ئەوە دەردەخەن کە کاری نامرۆڤانە و هەڵسوکەوتی وەحشیگەرانەی وایان بەرامبەرکراوە وەک هێرشی بە ئەنقەست و توندوتیژی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی."

ڕاپۆرتەکە ڕایدەگەیەنێت کە توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکانی داعش ئەنجامیداون دەچنە ڕیزی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە:" پێویستە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ بە پاڵپشتی یاساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاساکانی مافی مرۆڤ بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون و هەوڵبدەن بە سەلامەتی ئەو هاوڵاتییانەی ژێردەستیان ڕزگاربکەن. هەروەها هاوکاری دەروونی و کۆمەلایەتی وتەندروستی بەپەلە پیویستە بۆ بە هاناوەهاتنی ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژی و بە کۆیلەبوونی سێکسی. هەروەها پێویستە هەموو شتێک بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ڕێوشوێنی گونجاو و سەلامەت بۆ ئێزیدییەکان و هەروەها ئاوارە ناوەخۆییەکانیش بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان".

لینکی ڕاپۆرتەکە بە کوردی: http://uniraq.org/images/humanrights/UNAMI%20OHCHR_%20Report%20A%20Call%20for%20Accountability_FINAL%20Kurdish%20_18Aug2016.pdf