هەینی, 04 ئاب 2017 16:03

خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی حکومەتی بەغدا و هەولێر دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا

بەغدا/هەولێر، ٣ی ئابی ٢٠١٧ – وەک بەشێک لە بەهێزکردنی توانای دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عیراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ کاروباری توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگ و بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هێنا بە خولەکانی ڕاهێنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا بۆ کارمەندانی حکومەتی بەغدا و هەولێر.



لە هەردوو خولەکانی ڕاهێنان لە بەغدا و هەولێر کارمەندانی حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە خولەکەدا کرد و جەختیان لەسەر کاراکردنی خزمەتگوزاری بەدەمەوە هاتنی قوربانییانی توندوتیژی سێکسی و دەستنیشان کردنی پێداویستییەکانیان کردەوە و باسیان لە چۆنیەتی بە دادگا گەیاندنی ئەنجامدەران تاوتوێ کرا. بەشداربووان هەروەها ڕێگەچارەی بەرەنگاربوونەوەی لەکەدارکردنی شەرەفی رزگاربووانی دەستی توندوتیژی سێکسی و ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لە دایک دەبن دەستنیشان کرد. هەروەها بەشداربووان باسیان لە گرنگیی تێکەڵ کردنی بنەماکانی توندوتیژی سێکسی لەگەڵ پلانی نیشتیمانیی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەیانی هاوبەشی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا کرد.

هەوڵی بنیاتنانی توانست بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆ بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی عیراق بە تایبەتی لە دوای سەردانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری توندوتیژی لە کاتی جەنگدا بۆ عیراق لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ.

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، بەڕێز جۆرجی بوستین لە کاتی وتەی دەستپێکی سەکۆی کارەکەدا باسی گرنگیی بەیانی هاوبەشی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا کرد و بە چوارچێوەیەکی گرنگی لە قەڵەمدا بۆ کارکردنی هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگەچارەکان بۆ ئاستەنگەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی. بەرێزیان هەروەها وتیشی کە زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانە پێویستی بە هەنگاوی یاسایی و کارکردنە لەگەڵ سەرکردە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ لەخۆگرتنی رزگاربووانی دەستی توندوتیژی سێکسی و منداڵەکانیان.
دکتۆرە ئیبتیسام عەزیز، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەتواناکردنی ئافرەتانی عیراقی، لە میانەی سەکۆی کارەکەی لە بەغدا لە بەرواری ٢٤ و ٢٥ی تەمموزدا، وتی:"حکومەتی عیراقی پابەندە بە جێبەجێکردنی بەیانی هاوبەشی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا، بە تایبەتی لە قۆناغی دوای داعش".

خاتوو پەخشان زەنگەکە، سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵا بۆ کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا دەستخۆشی لە هاوکارییاکانی یونامی کرد و وتی " ئەم خولی ڕاهێنانە زۆر گرنگە بۆ حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرزکردنەوەی توانستییان و بەدەستهێنانی کارامەیی پێویست بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە شێوەیەکی تەندروست. ئێمە پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بۆ تەحەددیەکانی بەردەممان و پشتگیریی لە دووبارە تێکەڵ کردنەوەی ڕزگاربووان بە کۆمەڵگا بکەین". خولی ڕاهێنانەکەی هەولێر لە بەرواری ٣٠ و ٣١ی تومموز بەڕێوەچوو.


سەرباری ئەمەش، لە بەرواری ١ و ٢ ی ئاب لە شاری هەولێر یونامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەنددار سەکۆیەکی کاریان ڕێکخست و دەرەنجامەکەشی بووە هۆی دامەزراندنی یەکەمین گرووپی تەکنیکی بۆ چاودێری کردن و ڕێکارەکانی ڕاپۆرتکردن (مارا) لەسەر توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگدا لە عیراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. گرووپەکە لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە ١٩٦٠ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ساڵی ٢٠١٠، دەربارەی ئافرەتان و ئاشتی و ئاسایش، دامەزراوە بۆ بەتواناکردنی کاری چاودێری و ڕاپۆرتکردن و شیکردنەوەی ڕووداوەکانی توندوتیژی سێکسی لە سەرتاسەری وڵاتدا. بە هەمان وشێوە گرووپەکە ڕاوێژ بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی توندوتیژی سێکسی و دابینکردنی ئامۆژگاریی بەرنامەداڕێژراو و خولی ڕاهێنان و پشتگیریی کردن لە باشتر مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی سێکسی.



****************
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.