شەممە, 05 ئاب 2017 00:02

سێ ساڵ دوای هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال، لە عیراق، خاتوو پرامیلا پاتن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا داوای دادپەروەریی و پشتگیری بۆ قوربانیان دەکات

نیویۆرک، ٣ی ئاب ٢٠١٧: سێ ساڵ لەمەوبەر لە بەرواری ٣ی ئابی ٢٠١٤دا چەکدارانی گروپی تیرۆرستی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) هێرشیان کردە سەر ناوچەی شنگال لە باکوری عیراق. دەرەنجامی ئەو نەهامەتییە کەمپینێکی فراوانی توندوتیژی سێکسی بوو لە دژی ژن و کچانی ئێزیدی و کەمە نەتەوایەتییەکانی تری وەکو تورکمانی شیعە و شەبەک و کۆمەڵگەی کریستیانەکان. ژن و کچانی سوننەش بە هەمان شێوە هێرشیان کرابووە سەر و بەزۆر بەشوو درابوون. بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی وەک تاکتیکی شەڕ و تیرۆر ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی ناچارکرد ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ببنە ئاوارەی ناوەخۆیی و پەنابەر.

نوێنەری تایبەت، خاتوو پاتن وتی: "مانگی ڕابردوو، من چاوم بە چەندان پەنابەری ئافرەت و کچی ئێزیدی کەوت کە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ کرابوون. ئەو ڕزگاربووانە چیرۆکی تۆقێنەریان دەربارەی توندوتیژی سێکسی دەگێڕایەوە وەکو فرۆشتن و گۆڕێنەوەیان وەک کۆیلە و مەڕوماڵاتی داعش. هەزاران ژن و کچ بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و مامەڵەی خراپ بوونەوە لەژێر دەستی ئەوانەی کە بەدیلیان گرتبوون. بەداخەوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدیەکان بێ سەروشوێنن کە مەزەندەدەکرێت زیاتر لە ١٥٠٠ ژن و کچ هێشتا وەکو کۆیلە لەژێر دەستی داعشدا مابنەوە. ئەوانەش کە رزگارکراون تووشی کاریگەری خراپی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە لە ئەنجامی ئەو ماوە درێژەی کە بەژێردەستە و کۆیلایەتی مابوونەوە. ئەوانە پێویستیی خێرایان بە هاوکاری تەندرووستی و دەروونی و ئابووری هەیە".

ئەگەرچی شەڕی موسڵ تەواو بووە، پڕۆسەی بە دادگایی گەیاندنی داعشەکان تازە دەستی پێکردووە. دوای سێ ساڵ هێشتا هیچ قوربانییەکی توندوتیژی سێکسی نەچوونەتە دادگا بۆ ئەوەی شایەتی لەسەر دەستدرێژی کەرەکەیان بدەن. خاتوو پاتن وتی: "زۆر گرنگە بازنەی توندوتیژییەکان و سەربەخۆییەکانیان بشکێنرێت بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش بەبێ سزادان تێپەڕ نەبن. ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکی سەلامەت و جێگەی متمانە هەیە بە لەبارچاوگرنتی بارودۆخی رزگاربووان کە ببێتە جێگەی متمانەی هاوڵاتییانی عیراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها جەخت لەسەر ماف و کەرامەتی قوربانییان بکاتەوە".

خاتوو پاتن لە درێژەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند" لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، من تیمێکم بۆ وڵاتی عیراق ناردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتە هەرێمییەکانی وڵاتەکە و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە و کارمەدانی پەیوەنددار کاربکەن بۆ بەخێرایی جێبەجێ کردنی بەیانی هاوبەش کە پارساڵ لەنێوان حکومەت و نووسینگەکەی من واژۆکرا، هەروەها بۆ بەهێزکردنی توانستەکان لە بواری چاودێری و لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە". خاتوو پاتن جەختیشی کردەوە کە " ئەمڕۆ لە میانەی ساڵیادی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هێرشەکانی سەر شنگال، دەبێ ئێمە پەیمان و پابەندییمان بۆ ئەو ژن و کچانە نوێ بکەینەوە کە ئازاریان چەشتووە بەهۆی خراپترین کارەساتی ئەم سەردەمە. ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی شان بەشانی رزگاربووان ڕابووەستین و ئەوانەی بوونەتە قوربانی لەبیر نەکرێن. توندوتیژی بەرنامە بۆداڕێژراو کە وەک ئامرازێکی شەڕ و تیرۆر و ئەشکەنجەدان و گینۆساید بەکاردەهێنرێت تاوانێکە لەدژی قوربانیان و لە دژی مرۆڤایەتی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکڕیزن بە ئامانجی ڕاوەدونانی هەموو تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان".

بۆ پرسیاری ڕۆژنامەوانان، تکایە پەیوەندیی بە خاتوو لێتیشیا ئاندەرسن بکەن لە نووسینگەی نوێنەری تایبەت بۆ پرسی توندوتیژی سێکسی لە جەن​گدا، نیویۆرک. ت: ١٢١٢٩٦٣٠٩١٠+ ، ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.