پێنج شەممە, 14 کانونی یەکەم 2017 09:38

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانیدا هانی عیراقییه‌كان ده‌دات بۆ قۆستنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا بۆ بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر

به‌غدا، ١٣ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٧:- سه‌ركه‌وتنی عیراق به‌سه‌ر داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ی تیرۆرستدا بواری له‌بیركردنی رابردووی تاڵ بۆ وڵات ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ متمانه‌وه‌ رێگه‌ی ئاشتی و گه‌شه‌پێدان بگرێته‌به‌ر. ئه‌مڕۆش له‌ كۆنفرانسی ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌ نه‌جه‌ف نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتو‌وەكان هانی هه‌موو عیراقییه‌كانی دا له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران بۆ نه‌وه‌ی گه‌نج.

بانگه‌وازه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ‌ له‌ مێزگردێكی تاوتوێ دا هات كه‌ ئه‌ندامانی هۆزه‌كان و پیاوانی ئاینی و مامۆستایانی زانكۆ و پارته‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی هه‌موو پارچه‌كانی عیراقی له‌ نه‌جه‌ف به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردبۆوه‌ بۆ تاوتوێكردنی ئاڵنگارییه‌كنی به‌رده‌م ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌ قۆناغی دوای داعشدا.

ئه‌مه‌ شه‌شه‌مین و دوایینه‌ له‌و مێزگرده‌ هه‌رێمییانه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر سه‌رباسی "رێككه‌وتنی نیشتمانی : هیوا و ئاڵنگارییه‌كان"دا له‌ مانگی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌. راسپارده‌كانی ئه‌و مێزگردانه‌ش رێگه‌ بۆ "چاره‌سه‌رێكی نیشتمانی"ی گشتگر خۆش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی عیراقییه‌كان بتوانن دوای چه‌ندان ساڵ له‌ شه‌ڕ و ماڵوێرانی به‌ره‌و‌ ئاینده‌ هه‌نگاوبنێن. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن یونامی و "لێژنه‌ی به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی ئاشته‌وایی نیشتمانیی سه‌ر به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران" و له‌سه‌ر ئه‌ركی دارایی هه‌ردوو حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا ئه‌نجام درا.

نوێنه‌ری ئه‌و "لێژنه‌"یه‌ش به‌ڕێز عه‌لی عه‌باس كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌جه‌فی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی دیكۆمێنتی "رێككه‌وتنی نیشتمانی" كه‌ تێیدا بنه‌ماكانی ئاشته‌وایی نیشتمانی خسته‌ڕوو.

به‌ڕێز عه‌باس وتی "رێككه‌وتن یان ئاشته‌وایی هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی تری نییه‌ و هه‌ربۆیه‌ له‌وپه‌ڕی پێویستی دایه‌ چونكه‌ بژارده‌كانی تر بریتین له‌ ناسه‌قامگیری پشێوی و دواكه‌وتن".

ئه‌و وتی كه‌ تاوتوێی "رێككه‌و‌تنی نیشتمانی"پێویسته‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان بگرێته‌وه‌ و ده‌رگاشی بۆ هه‌موو پێشنیار و بیرۆكه‌یه‌ك كراوه‌بێت به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور".

لە وتەیەکیدا بۆ ئامادەبووان (٦٨ پیاو ، ٢٨ ژن لە پارێزگاکانی نەجەف و دیوانیە) ، خاتو ئالیس وۆڵپۆل، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن لە عیراق ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی شاری نه‌جه‌ف كرد له‌ پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانیدا و شاره‌كه‌شی به‌ خاوه‌نی گیانی لێبورده‌یی و یه‌كترقبوڵكردن ناوزه‌د كرد.

ئه‌و خاتونه‌ وتی كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا بواری به‌ره‌وپێشبردنی ئاشتیی هه‌میشه‌یی ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌قی كار و توانای عیراقییه‌كان له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بێت.

ئه‌و زیاتر وتی "ئاشته‌وایی پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و ئێمه‌ش پێویسته‌ هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ گه‌شه‌دان به‌ دیدێكی روون سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی باشتری عیراق . ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا‌ین كه‌ هه‌موو عیراقییه‌كان پێویسته‌ ئه‌م هه‌له‌ی سه‌ركه‌وتن بۆ بنیاتنانی پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتییانه‌ بقۆزنه‌وه‌".

لای خۆشییانه‌وه‌ به‌شدرابووان به‌زه‌قی باسیان له‌ ئاڵنگارییه‌كانی قۆناغی دوای داعشی په‌یوهست به‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی كرد . بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستنیشانكردنی مه‌ینه‌تییه‌كانی وڵات و شێوازه‌كانی به‌ره‌وپێشبردن و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌به‌ركردنی دادوه‌ری و په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ دادگا و ئه‌نجامدانی چاكسازیی سیاسیی و كاركردن بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری جیاوازبوون.

ئه‌وان داوای به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشیان ده‌كرد له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و گه‌شه‌پێداندا به‌گرتنه‌خۆی بواری هه‌ڵبژاردن و په‌روه‌رده‌ و تواناسازیشه‌وه‌ له‌رێگه‌ی سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە وڵاتانی تر له‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌كرێت ئه‌مه‌ له‌ عیراقیش ئه‌نجام بدرێت .

خاتو وۆڵپۆل پابه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی عیراق دووپاتكرده‌وه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاڵنگارییه‌ زۆرانه‌.

ئه‌و له‌ كۆتاییدا وتی "پێویستییه‌كی زۆر بۆ دیالۆگی بنیاتنه‌ر هه‌یه‌. من دڵنیام كه‌ عیراق، به‌هه‌وڵ و وڵاتویستی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سه‌ركرده‌ و پارته‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ هه‌موو چین و توێژه‌ ئێتنی و ئاینییه‌كان و به‌ پاڵپشتیی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌توانێت به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كاندا زاڵ بێت و ئاینده‌یه‌كی باشتریش بۆ خۆی بنیات بنێت".


****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.