ئەم پەڕەیە چاپ بکە
چوار شەممە, 27 کانونی یەکەم 2017 14:37

UNHCR پێشوازی لە پاڵپشتیی زیاتری ئەڵمانیا دەکات بۆ هاوکاریکردن لە پاراستن ویارمەتیدانی ئاوارە عیراقییەکان گرنگ

ڕێکەوت: 27 – 12 – 2017، شوێن: بەغداد، عیراق : UNHCR ـی ئاژانسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێشوازی لە پاڵپشتییەکی سەربار بە بڕی (34.5) ملیۆن یۆڕۆ بۆ ساڵی (2017) و (4) ملیۆن یۆڕۆ بۆ ساڵی (2018) دەکات کە لەلایەن کۆماری فیدڕاڵیی ئەڵمانیاوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی کۆمەك وهاوکاریی بەئاوارە عیراقییەکان دابینکراوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو پارەیەی بۆ ماوەی نێوان ساڵانی (2015) تا (2018) بۆ ئەم پاڵپشتییە لە وڵاتی ئەڵمانیا وەرگیراوە دەگاتە (90.5) ملیۆن یۆڕۆ.

ئەم هاوکارییەی وڵاتی ئەڵمانیا توانای ئەوە بە UNHCR دەدات کە لە کاتی گونجاودا پاڵپشتیی ڕزگارکەر لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی پێداویستییەکانی وەرزی زستان دا بۆ خێزانە ئاوارەکان دابینبکات. پڕۆگرامی هاوکاریی زستانەی UNHCR بۆ ساڵی (2017) مەبەستیەتی کە لە ماوەی چوار مانگدا یارمەتیی بگەیەنێت بە (673,000) ئاوارەی ناوخۆیی لە عیراق لە پارێزگاکانی ئەنباڕ، کەرکووك، هەولێر، دهۆك وسلێمانی.

پاکێجی هاوکاریی زستانەی UNHCR چەند جانتایەك کەلوپەلی زستانە لەخۆدەگرێت کە ئەمانەیان تێدایە: چەند بەتانییەكی زۆر گەرم، سۆبەیەك، هیتەرێك، هەندێك نایلۆن وچەند دانە جلیکانێك بۆ ئاو و نەوت. خێزانە لاواز وشکستبارەکان پارەی کاشیان پێدەدرێت کە ڕێگەیان دەدات خۆیان بڕیاربدەن چۆن بتوانن پێداویستییە زستانەییە هەرەپێویست وبەپەلەکانی خۆیانی پێ بەدەستبهێنن.

بڕونۆ گێدۆ، نوێنەری UNHCR لە عیراق، لەم بارەوە گوتی: "زۆرێك لە ئاوارە عیراقییەکان لە وەرزی هاوین دا لە گوندەکانی خۆیان هەڵاتن بە تەنیا تۆزێك جلی زیاترەوە لەو جلانەی کە لەبەریاندا بوون. ئەو هاوکارییە زستانەییەی کە لە ڕێگەی ئەم پاڵپشتییە میهرەبانانەیەی ئەڵمانیاوە بەجێگەیەندراوە توانای ئەوە بە UNHCR دەدات کە هاوکاریی بە کەلوپەل وبە پارەی کاش ببەخشێت لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی مانگەکانی زستان دا."

ئەم پارەبەخشینە میهرەبانانەیەی ئەڵمانیا هەروەها وا لە UNHCR دەکات بتوانێت چاڵاکییەکانی پاراستنیش بەئەنجامبگەیەنێت بۆ ئاوارە ناوخۆییە عیراقییەکان و چاڵاکییەکانیش ئەمانە لەخۆدەگرن: پاراستن و بەدەمەوەچوونی کێشەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژیی ڕەگەزی ومنداڵپارێزی، پاڵپشتیکردنی حکوومەت لە دەرکردن یان نوێکردنەوەی ناسنامە وبەڵگەنامەکانی باری شارستانی بۆ ئاوارە عیراقییەکان، هەروەها چاودێریکردنی پاراستن و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونیی کۆمەڵایەتی. ئەم خزمەتگوزارییانە لە ڕێگەی ڕێبازە پشت بە کۆمەڵگابەستووەکانەوە یاخود بەهۆی دەستوەردانە تاکەکەسییەکانەوە دابیندەکرێن.

د. سیریل نون، باڵوێزی ئەڵمانیا لە عیراق، بەدانهێنان بەوەی کە ئەم پاڵپشتییە بەشێوەیەکی بەپەلە پێویست بوو وڕێك لە کاتی گونجاوی خۆیشیدا گەیشت، دەڵێت: "شەپۆڵە سەرەتاکانی سەرما وسۆڵەی وەرزی زستانی ئەمساڵ گەیشتوونەتە عیراق. سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی دیسان دوور لە ماڵ وزێدی خۆیان ڕووبەڕووی زستانێکی دیکە دەبنەوە. بەم پاڵپشتییە سەربارەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا حەزدەکات ئازار ومەینەتییەکانی ئەو خەڵکانەی لەو پەڕی پێداویستییدان کەم بکاتەوە، بەتایبەتی هی منداڵان، ئافرەتان وئەو خێزانانەی کە لەلایەن ئافرەتانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەروەها هی کەسە بەساڵاچووەکان وخاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان."


بۆ زانیاریی زیاتر:

ئەمیرە عبدالخالق (هەولێر) - ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647726162739

موستەفا ئەلدەلەوی (بەغداد) - ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647801958468

ڕەشید هـ. ڕەشید (دهۆك) - ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.
009647507130014